لیۆن ترۆتسکی؛ مێژووی شۆڕشی ڕووسیا

بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم

بەشی ١٥

بەلشەفییەکان و لینین

بەشی حەوتەم

نوێنەرەکان سەیرێکی یەکتریان کرد. بە چرپە بەیەکتریان ووت کە ئیلیچ زۆر لە دەرەوەی وڵات ماوەتەوە، کاتی ئەوەی نەبووە سەیری دۆخەکەی دەوروبەری بکات و بیناسێت. بەڵام وتارەکەی ستالین سەبارەت بە کاردابەشکردنە داهێنەرانەی نێوان حکومەت و سۆڤیەت بەجارێک و بۆ هەمیشە لەبەرچاو وون بوو. ستالین خۆی بێدەنگ بوو. لەمەودوا دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگی هەڵبژێرێت. کامێنێڤ بەتەنیا ئەرکی بەرگری لە ئەستۆ دەگرێت.

لینین پێشتر لە نامەکانی جنێڤەوە هۆشداری دابوو کە ئامادەیە پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەر کەسێکدا بپچڕێنێت کە سازش بکات بەرامبەر بە پرسی شەڕ و شۆڤێنیزم و سازان لەگەڵ بۆرژوازیدا. ئێستا ڕووبەڕووی ئەڵقەکانی پێشەوەی ڕابەری حزبدا هێرشيکانی دەستپێکردوە. بەڵام لە سەرەتادا ناوی هیچ بەلشەفیکی بەئاشکرا نەهێنا. ئەگەر پێویستی بە هێنانەوەی نمونەیەکی زیندوو لە دووفاقی و ئەوانەی تا نیوەی ڕێگا بەردەوام دەبن، ببوایە ئەوا پەنجەی بۆ کەسە غەیرە حزبییەکان، یان ستێکلۆڤ یان چیدزێ ڕادەکێشا. ئەوە شێوازی ناسراوی لینین بوو: وانەکات کەسەکە لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی پێداگری بکات، بەڵکو دەرفەتێک بدات بە کەسە ڕاراکان کە لەکاتی گونجاودا لە شەڕەکە بکشێنەوە و تا بەمشێوەیە دەستبەجێ دەرفەتی یەکگرتنی داهاتووی دوژمنە ئاشکراکانی لاوازبکات. کامێنێڤ و ستالین پێیانوابوو کە بەشداریکردنی کرێکاران و سەباربازان لە شەڕی دوای مانگی شوباتدا، بەرگریکردنە لە شۆڕش. لینین پێیوایە کە سەرباز و کرێکار، هەروەکو جاران، وەک کۆیلەی ناچارکراوی سەرمایە بەشداری شەڕەکە دەکەن. ئەو کە خەریکە ئەڵقەی نەیارەکانی بچووکدەکاتەوە، دەڵێت: “تەنانەت بەلشەفییەکانی ئێمەش متمانە بەرامبەر حکومەت نیشان دەدەن. تەنها دوکەڵی شۆڕش دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە. ئەوە کۆتایی سۆسیالیزمە … ئەگەر ئەوە هەڵوێستی ئێوەیە، ڕێگاکەمان جیادەبێتەوە. من پێمباشە لە کەمینەدا بمێنمەوە.” ئەوە تەنیا هەڕەشەیەکی زارەکی نەبوو؛ بەڵکو رێگایەک بوو کە تاکۆتایی بەتەواوی ڕوون و بیرلێکراوە بوو.

هەرچەندە لینین ناوی کامێنێڤ و ستالینی نەهێنا، بەڵام ناچار بوو ناوی بڵاوکراوەکە بهێنێت: “پراڤدا داوا لە حکومەت دەکات کە دەستبەرداری لکاندن( ئیلحاق) ببێت. داواکردن لە حکومەتی سەرمایەدارەکان کە دەستبەرداری لکاندن ببێت، شتێکی بێمانایە، گاڵتەیەکی ئاشکرایە.” لێرەدا توڕەییە پەنگخواردوەکەی بە دەنگێکی بەرزەوە دەتەقێتەوە. بەڵام قسەکەر یەکسەر کۆنترۆڵی خۆی دەکات: دەیەوێت ئەوەی کەە پێویستە بیڵێتن نە زۆر و نەکەم. لەدرێژەی قسەکانیدا، لینین ڕێسایەکی بێهاوتا بۆ ڕابەریەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە دەخاتەڕوو: “کاتێک جەماوەر ڕایدەگەیەنێت کە فتوحاتم ناوێت، باوەڕیان پێدەکەم، بەڵام کاتێک گوچکۆڤ و لڤۆڤ دەڵێن فتوحاتمان ناوێت، ئەوا فریوکاری دەکەن! کاتێک کرێکارێک دەڵێت خوازیاری بەرگریکردنم لە نیشتمان، ئەوەی لە ناخیدا دەردەبڕێت، غەریزەی ستەملێکراوەکانە.” ئەم پێودانگە، ئەگەر بەناوە دروستەکیی خۆیەوە ناوی بنێین، ئەوا وەکو خودی ژیان سادە دەردەکەوێت. بەڵام سەختیەکە لەوەدایە کە لەکاتی خۆیدا بەناوی دروستی خۆیەوە ناوی بهێنیت.

سەبارەت بە جەزابیەتی بانگەوازەکەی سۆڤیەت “بۆ خەڵکی هەموو جیهان” – کە بووەهۆی ئەوەی ڕۆژنامەی لیبراڵ(ڕیچ) لە سەردەمێکدا ڕابگەیەنێت کە مەسەلەی ئاشتیخوازی لەنێو ئێمەدا گەشە دەکات تا ببێتە ئایدۆلۆژیایەکی هاوبەشی هاوپەیمانان- لینین بەشێوەیەکی ڕوونتر و پوخت بۆچوونی خۆی خستەڕوو: “ئەوەی تایبەتە بە ڕووسیا، گواستنەوەیەکی خێرای زۆر گەورەیە لە توندوتیژی دڕندانەوە بۆ ناسکترین شێوەکانی فێڵکردن.”

ستالین سەبارەت بە بانگەوازەکە نووسیویەتی: “ئەم بانگەوازە ئەگەر بگاتە جەماوەری فراوان ( لەڕۆژئاوا)، بێگومان دروشمی لەبیرکراوی ‘پرۆلیتاریای هەموو وڵاتەکان یەکبگرن!’ وەبیر سەدان و هەزاران کرێکار دێنێتەوە”.

لینین ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەڵێت: “بانگەوازەکەی سۆڤیەت، ووشەیەکی تێدا نییە کە لەگەڵ هۆشیاری چینایەتییدا تەبابێت. جگە لە دەستەواژە هیچی تر نییە.” ئەم بەڵگەنامەیە کە شانازی زیمەرڤاڵدیستە خۆماڵیەکانە، لە چاوی لینیندا تەنیا یەکێکە لە چەکەکانی “ناسکترین فێڵکردن”.

تا هاتنی لینین پراڤدا تەنانەت باسی چەپی زیمەرڤاڵدیشی نەکردبوو. باسی لە ئینتەرناسیۆناڵ کردبوو، بەڵام هەرگیز ئاماژەی نەکردبوو مەبەستی کام ئینتەرناسیۆناڵە. لینین ئەمەی بە “کاوتسکیزمی پراڤدا” ناوبرد. لە کۆنفرانسێکی حزبیدا ڕایگەیاند: “لە زیمەرڤاڵد و کینتالدا، سەنتراڵیستەکان زاڵ بوون… ئێمە ڕایدەگەیەنین کە چەپێکمان دروستکرد و لەگەڵ سنەتراڵێستەکاندا جیادەبینەوە… مەیلی چەپ زیمەرڤاڵد لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە. دەبوو جەماوەر درک بەوە بکات کە سۆسیالیزم لە سەرانسەری جیهاندا تووشی دابەشبوون بووە…”.

سێ ڕۆژ پێش ئەوە، ستالین لەهەمان کۆنفرانسدا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندبوو بۆئەوەی لەسەر بنەمای زیمەرڤاڵد-کینتال – واتە لەسەر بنەمای کاوتسکیزم، دەستبەرداری جیاوازییەکانی بێت لەگەڵ تسێرتێلیدا. لینین ووتی: دەبیستم کە لە ڕووسیا ئاراستەیەك هەیە بەرەو یەکگرتن. “یەکگرتن لەگەڵ لایەنگرانی بەرگری لە نیشتمان – ئەوە خیانەتکردنە لە سۆسیالیزم. پێموایە باشترە وەک لیبکنێخت بە تەنیا بمێنمەوە – یەک کەس دژی سەدودە.” تۆمەتبارکردن بە خیانەتکردن لە سۆسیالیزم – بەبێ ئەوەی هێشتا ناوی کەس بهێنێت – لێرەدا تەنیا وشەیەکی توند نییە؛ بەڵکو بەتەواوی هەڵوێستی لینین بەرامبەر بەو بەلشەفیکانە دەخاتەڕوو کە دەستیان بۆ سۆشیالیستە نیشتمانپەرستەکان درێژدەکرد. بەپێچەوانەی ستالینەوە کە پێیوابوو دەتوانرێت لەگەڵ مەنشەفیکەکاندا یەکگرتن بکرێت، لینین پێیوابوو کە ئیتر نەشیاوە ناوی سۆسیال دیموکراتییان لەگەڵدا بەش بکات. گوتیشی: “بەتەنیاو بەناوی خۆمەوە پێشنیار دەکەم ناوی حیزبەکە بگۆڕین بۆ پارتی کۆمۆنیست”. “بەتەنیاو بەناوی خۆمەوە “– ئەمەش بەو مانایەیە کە کەس، تەنانەت هیچ یەکێک لە ئەندامانی کۆنفرانسەکە، بەو دەستپێشکەریە ڕەمزییە ڕازی نەبوو بۆ دابڕانی تەواوەتی لەگەڵ ئینتەرناسۆناڵی دووەم.

“دەترسن بگەڕێیتەوە سەر یادەوەرییە کۆنەکانتان؟” وتاربێژ بە نوێنەرانی شەرمەزار و سەرلێشێواو و تاڕادەیەکیش تووڕە، دەڵێت. بەڵام کاتی ئەوە هاتووە “خۆمان بگۆڕین؛ دەبێت جلە پیسەکە داکەنین و جلی پاکوخاوێن لەبەربکەین.” دیسانەوە پێداگری دەکات: ” پێداگری مەکەن لەسەر وشەیەکی کۆنەوە کە لەبنەڕەتدا دارزیوە. ئیرادەتان هەبێت بۆ بنیاتنانی حزبێکی نوێ … و هەموو ستەملێکراوەکان دێنەلاتان.”

لەبەردەم گەورەیی ئەرکێکدا کە هێشتا دەستی پێنەکردووە و لەبەردەم سەرلێشێواویەکی فیکریدا کە لە ڕیزەکانیدا هەبوو، بیرکردنەوەیەکی تیژ لەو کاتە بەنرخەی کە بە گەمژەیی لە کۆبوونەوەکاندا، بە سڵاوکردنەکان و بڕیارنامە ڕێوڕەسمیەکاندا بەفیڕۆ دەدرێت، وتاربێژی بەوە گەیاند کە هاواربکات: ” بەسە سڵاو و بڕیارنامەکان! کاتی ئەوەیە دەست بەکارەنمان بکەین. دەبێت دەستبدەینە کاری هۆشیارانەی پراکتیکی!” دوای کاتژمێرێک لینین ناچاربوو وتارەکەی لە دانیشتنی هاوبەشی بەلشەفیک و مەنشەفیکەکاندا کە پێشتر دیاریکرابوو، دووبارە بکاتەوە، کە بۆ زۆرینەی گوێگران وەک شتێک لەنێوان گاڵتەجاڕی و وڕێنەکردندا دەهاتەبەرچاو. ئەوانەی کە خۆبەزلزانتر بوون شانیان هەڵدەتەکاند و دەیانووت:  وا دیارە ئەم پیاوە لە مانگەوە کەوتۆتەخوارەوە؛ هەرئەوەندەی دوای ١٠ساڵ دووری لە قاڵدرمەکانی وێستگەی فینلاندەوە هاتۆتەخوارەوە، دەستیکردوە بە مەوعیزەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن پرۆلیتاریاوە. ئەوانەی کەمتر بەڕەوشت بوون لە نێو نیشمانپەرستەکاندا باسی شەمەندەفەرە داخراوەکەیان دەکرد. ستانکێڤیچ شایەتی ئەوە دەدات کە وتارەکەی لینین دوژمنەکانی زۆر دڵخۆشکرد: “پیاوێک کە لەو جۆرە قسە گەمژانە بکات مەترسیدار نییە. شتێکی باشە کەهات. ئێستا هەمووان دەیبینن… ئێستا خۆی پووچەڵ دەکاتەوە.”

سەرەڕای ئەوە، لەگەڵ ئەو هەموو بوێریە شۆڕشگێڕانەیەی وتارەکەی و پەیگیری و لێبڕاوی لینین بۆ دابڕان تەنانەت لە هاورێ و هاوخەباتە دێرینەکانی، ئەگەر سەلماندیان کە ناتوانن لەگەڵ شۆڕشدا رێبکەن، قسەکانی لینین – هەموو بەشەکانی زۆر هاوسەنگ و پێکەوە بەستراو بوون – پڕ بوو لە واقعیەتێکی قووڵ و هەستێکی بێخەوش بەرامبەر جەماوەر. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە بوو کەلای دیموکراتەکان وەکو گەشتێكی خەیاڵی بەسەر روکاری روداوەکاندا وێنادەکرا!

بەلشەفییەکان کەمینەیەکی بچووکن لە سۆڤیەتدا و لینینیش خەون بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتەوە دەبینێت؛ ئایا ئەوە سەرکێشیەکی تەواو نییە؟ لەناو پێشنیارەکەی لینیندا سەبارەت بە مەسەلەکە تارمایی هیچ جۆرە سەرکێشیەکی تێدانەبوو. بۆساتێکیش لە بوونی مەزاجێكی بەرگریکارانەی”ڕاستگۆیانە”ی جەماوەری فراوان غافڵگیرنەبوو. نە دەیوسیت لەناو جەماوەردا وون بێت و نە لەپشتی ئەوانیشەوە مامەڵە بکات. “ئێمە ساختەچی نین” – ئەم دەستەواژەیە بەرامبەر بە ناڕەزایەتی و تۆمەتەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو- “ئێمە تەنها دەبێت پشت بە هۆشیاری جەماوەر ببەستین. تەنانەت ئەگەر پێویست بێت لە کەمینەیەکدا بمێنینەوە – با وابێت. ئەوە باشترە کە بۆماوەیەکی کاتی دەستبەرداری پێگەی سەرکردایەتی بین؛ نابێت بترسین لەوەی کە لە کەمینەدا بمێنینەوە.” مەترسن لەمانەوە لە کەمینەدا – تەنانەت کەمینەیەک کە بە تەنها یەك کەس بێت، وەک ئەوەی لیبکنێخت کە یەك بەرامبەر بە بەرامبەر سەد و دە بوو – ئەم دروشمی سەرەکی وتارەکەی بوو.

گوتیشی: “حکومەتی ڕاستەقینە شورای نوێنەرانی کرێکارانە … لە شورادا حزبەکەمان کەمینەیە… دەتوانین چی بکەین؟  ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە بە سەبرەوە، بە پێداگرییەوە، بە شێوەی سیستماتیک هەڵەی تاکتیکەکانیان ڕوونبکەینەوە. تائەوکاتەی لە کەمینەدا بین، بەردەوام دەبین لە کاری ڕەخنەگری، بۆئەوەی جەماوەر لە فێڵ و چەواشەکاریانیان رزگاربکەین. ئێمە نامانەوێت جەماوەر تەنها لەسەر بنەمای ئەوەی دەیڵێین بڕوامان پێبکەن، ئێمە ساختەچی نین؛ ئێمە دەمانەوێت جەماوەر لەرێگای ئەزموونی خۆیانەوە لە هەڵەکانیان تێبگەن و تێێپەڕێنن”. مەترسە لەوەی لە کەمینەدا بمێنیتەوە! بۆ هەمیشە نا، بەڵکو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. سەردەمی بەلشەفیزم بەڕێوەیە. “ڕاستو دروستی هێڵەکەمان دەسەلمێت … هەموو ستەملێکراوان بەرەو ئێمە دێن، چونکە شەڕ دەیانگەیەنێتە لای ئێمە. هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە بۆ دەربازبوون.”

 

 

About wp_kurdistan

Check Also

پێویستە دەستبەجێ پەلامار و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی خەڵکی کورد لە سوریا ڕابگیرێ

 هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئەلشەرع لە دوێنێوە، بە پشتیوانی سەربازی تورکیا و بە پشتیوانی ئەمریکا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *