ڕێکخراوی دەرەوە لەسەر سیاسەتی برسیکردنی هەردووحکومەتی هەرێمو بەغدا، ئاگاداردەکاتەوە

دەیان یەکێتی کرێکاری و رێکخراوە چەپ و سۆشیالیست و بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ لەسیاسەتی برسیکردنی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم ئاگادارکرانەوە !

 ئەمڕۆ ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٥ لە نامەیەکدا کە رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئاراستەی دەیان یەکیتی کرێکاریی و ئەحزابی کۆمۆنیستی و سوسیالستی و مافی مرۆڤی بەرامبەر بەسیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم ئاگادارکردەوە.

لەنامەکەدا هاتووە “لەرێگای ئەم نامەیەوە دەمانەوێ ئاگادارتان بکەین لە پرسێکی هەستیار کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و مافە سەرەتاییەکانی چەند ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە. چاوەڕوانی ئەوەشمان لێتان هەیە کە بە دەوری ئینتەرناسیۆنالیستی و چینایەتی و مرۆیی خۆتان هەستن بۆ سووککردنی کاریگەریەکانی ئەو دۆخە سەختەی رووبەڕووی ئەو خەڵکە بوەتەوە”

هەروەها ئاماژە دەکات بە “بەهۆی کێشەی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەوە، تا ئێستا کە لەکۆتایی مانگی جولای نزیك دەبینەوە مووچەی مانگی ئایاری ئەو کارمەندو خانەشینانە نەدراوە، ئەوە لەکاتێکدا کە ئەو مووچەیەی خانەنشینان و زۆرینەی کارمەندانی حکومەت وەریدەگرن، ژیانی ئەوانی لەخوار هێڵی هەژاریەوە ڕاگرتووە”

لەنامەکەشدا ئەوە دەڵێت کە “حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەهۆکاری کێشەی نەدانی مووچەی ئەو ٣ مانگەی .کوردستان بوەتە بارمتەی ململانێی سیاسی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی نەدانی مووچەوە، بازاڕ بەتەواوی تووشی ڕاوەستان بووەو ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتی دیکەش رووبەڕووی هەژاری و برسێتی بوەتەوە”

ئەوەش دەڵیت “سەڕەڕای ئەم تاوانەی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێکی کوردستان، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم کە لەلایەن دوو حزبی میلیشیایی یەکێتی و پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن، بەشێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەن سەر هەر جۆرە خۆپیشاندان و مانگرتنێك و هەرجۆرە ناڕەزایەتیەك بەرامبەر بە نەدانی موچەکانیان، تەنەنات هێرشیان کردۆتە سەر ئەو دەزگا میدیاییانەی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکانیان کردوە.

” لەنامەکەدا داوا دەکات کە:

١/ لەڕێگای ناردنی نامەی ناڕەزایەتی بۆ سەر سەفارەت و کونسوڵگەری حکومەتی عێراق و نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتەکانی خۆتان، ئەو سیاسەتی برسیکردن و  دژی مرۆییەی هەردوو حکومەت، سەرکۆنە بکەن و داویان لێبکەن کە دەستبەجێ دەست لەو سیاسەتە هەڵبگرن و مووچەکانی خانەنشینان و کارمەندانی حکومەتی هەرێم بدەن. بەبارمتەگرتنی سەرچاوەی ژیانی ملیۆنەها کارمەند و خانەشینی هەرێم، وەکو کارتی ململانێێ سیاسی نێوان ئەو دوو حکومەتە تاوانێکی روون و ئاشکرایە و ناکرێ قبوڵ بکرێ.

٢/ هاوکات سەرکۆنەی سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنی حکومەتی هەرێم( یەکێتی و پارتی) و رێگاگرتن لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئازادی رەخنەگرتن،  بکەن و فشاریان لەسەر دابنێن بۆئەوەی دەستبەرداری ئەو سیاسەتە سەرکوتگەری و دژی ئازادیە ببن.

لەکۆتایی نامەکەشدا هاتووە “کرێکاران و کارمەندان و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هاوپشتی خەباتکارانەو مرۆڤۆدستانەی ئێوەن لەم میحنەتەیاندا کە لەلایەن دوو حکومەتی سەرمایەداریەوە بەسەریاندا سەپێنراوە”

ڕێکخراوی دەرەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٣/٧/٢٠٢٥

 

About admin

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …