دەرکردنی بەکۆمەڵی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران ڕاگرن!
ئێمە رێکخراوەکانی پەنابەران، کرێکاران و مافەکانی ژنان، هەڵمەتی دڕندانە و فاشیستیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ کە کۆچبەران و پەناخوازانی ئەفغانی دەکاتە ئامانج، بەتوندی ئیدانە دەکەین. ئەم هێرشە کە لێوانلێوە لە ڕەگەزپەرستی و سەرکوت و کردەوەی نامرۆڤانە، لەرێگای بەکارهێنانی هەموو توانا و ئامێری سەربازی و هەواڵگری ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.
بەبیانوی درۆینەی “بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕەکان”، ڕژێم سەرکوتێکی دڕندانەی دەستپێکردووە. وادەی ٦ی تەمموزی دیاریکردووە بۆئەوەی هەموو ئەفغانییە بێ بەڵگەنامەکان وڵات بەجێبهێڵن. ئەم هەڵمەتە هیچی کەمتر نییە لە پاکتاوی نەژادی لەلایەن دەوڵەتەوە.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هەزاران پەنابەری ئەفغانی؛ منداڵ و ژن و بەساڵاچوو، بەبێ دادگاییکردن و بەبێ ئاگادارکردنەوە و بەبێ هیچ دەرفەتێک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بە زۆر دیپۆرت کراونەتەوە. ژنانی دووگیان لە سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەوە پەلکێشکراون. ئەو خەڵکە نەک وەک مرۆڤ، بەڵکو وەکو کەرەستەیەکی فڕێدراو و بێزلێکراوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ماڵەکانیان ڕووخێنران، شوێنە بازرگانیەکان داخران و منداڵانیان لە قوتابخانە دەرهێنران. لە هەندێک پارێزگادا، کەمپی بەناو “کاتی” دامەزراون، بەڵام ئەمانە زیاتر لە کەمپی دەستبەسەرکردن دەچن نەک پەناگەی مرۆیی.
لە سەر سنوور، کابوسەکە بەردەوامە. پەنابەران ڕووبەڕووی لێدان، تاڵانکردن، دەستبەسەرداگرتنی کرێ و کەلوپەلەکانیان دەبنەوە. ئەشکەنجەدان بوەتە کارێکی ڕۆتینی. کاتێکیش دواجار سنوور دەبڕن، لەگەڵ دەزگا دڕندەکانی تاڵیباندا بەرەوڕوو دەبنەوە. خواردن، دەرمان و شوێنی حەوانەوەیان نیە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زەنگی ئاگادارکردنەوەی کارەساتێکی نزیکی مرۆییان لێداوە، بەڵام ڕژێم هیچ باکی نیە.
ئەمە تەنها هێرشکردن نییە بۆ سەر پەنابەرانی ئەفغانی، بەڵکو هێرشکردنە بۆ سەر بەشێک لە گروپە هەرە لاوازەکانی کۆمەڵگا، کرێکاران، ژنان، منداڵان، بەساڵاچووان و پێکهاتە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان کە چەندین نەوە لە ئێراندا بە ئاشتیانە ژیاون. هێرشکردنە سەر خودی مرۆڤایەتیە.
کۆماری ئیسلامی، وەک زۆرێک لە ڕژێمە ستەمکارەکان، لەوانە هاوتا ڕۆژئاواییەکانی، پەنابەران دەکاتە بزنی قوربانی بۆ داپۆشینی قەیرانە قووڵەکانی خۆی: داڕمانی ئابووری، شکستی سیاسی و ترس لە دانیشتووانێکی هوشیار و تووڕە. ڕژێم بە ناوزەدکردنی ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگا بە دوژمن، هەوڵ دەدات خۆی لە لێپرسینەوە بدزێتەوە، بەرامبەر بەوکارەساتانەی بەسەر خەڵکیدا هێناوە.
حکومەتی ئێران، لە هەوڵیدا بۆ لادانی ڕەخنە ناوخۆییەکان لە پەیوەند بە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیلدا، توڕەیی خۆی بەرەو دەرەوە ئاراستەکرد. بە وێناکردنی پەنابەرانی ئەفغانی وەکو سیخوڕ یان هەڕەشە، پاساو بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و سزادانی بەکۆمەڵ دەهێنێتەوە، تا لەوڕێگایەوە توڕەیی گشتی بەرامبەر بە شکستەکانی دوور بخاتەوە.
ئەم سیاسەتە هەتا ئێستا بووەتە هۆی دەرکردنی زۆرەملێی سەدان هەزار ئەفغانی کە زۆربەیان دەیان ساڵە و بۆ چەندین نەوەیە لە ئێران دەژین. ئەمە پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە- و هەنگاوێکی سیاسی نەخشەمەندە کە ئامانجی تێکشکاندنی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکان و پاراستنی دەسەڵاتی تاکڕەوانەیە.
بەڵام تەنانەت لەم کاتە تاریکانەشدا، هاودەنگی بەرزدەبێتەوە. لە زاهیدان، بەلوچستان و شارەکانی سەرتاسەری ئێران، کرێکاران و خەڵکی ئاسایی بەرەنگاری ئەم هێرشە دەبنەوە. پەناگەیان بۆ دابین دەکەن، یارمەتیان دەدەن و شان بە شان لەگەڵ ستەملێکراوەکاندا راوەستاون. ئەمە ڕووخساری مرۆڤایەتی ڕاستەقینەیە. ئەمە ئەو داهاتووەیە کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین.
ئێمە داوا لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سەندیکا کرێکاری و پارتە چەپ و سۆسیالیستەکان و هەموو خەڵکی ئازادیخواز لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە دەنگتان بەرز بکەنەوە. ئەم هێرشە دڕندانە و بەربەرییە ئیدانە بکەن. داوای کۆتاییهاتنی دەستبەجێی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران بکەن.
با لەدەرەوەی سنوورەکانەوە یەکبگرین، دژی فاشیزم بوەستینەوە و بەرگری لە ماف و کەرامەتی هەموو مرۆڤەکان بکەین- لە هەموو شوێنێک.
بژی مرۆڤایەتی. با ئەم هێرشە فاشیستییە تێكبشکێنین.
واژۆکان:
- ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – MEWSO ( بەریتانیا)
- فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی پەنابەرانی عێراق – IFIR
- ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەنابەرانی ئێرانی
- فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی
- ڕێکخراوی ژنانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – KMEWO
- ڕێکخراوی No Sweat ( بەریتانیا)
- ڕێکخراوی ( بزوتنەوە لەپێناو عەدالەت)-Movement for Justice ( بەریتانیا)
- رێکخراوی ئازادیی کرێکار -Alliance for Worker’s Liberty ( بەریتانیا)
- رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
- رێکخراوی دەرەوەی حزبی حیکمەتیست
hkkurdistan.org