پیشەسازی

مەنسوری حیکمەت

{سەرنج: ئەم تایتڵە لە کتێبی ( مێژووی شۆڕشی بەلشەفی) لە نوسینی ( ئی. ئێچ.کارEdward Hallett Carr  ) * وەرگیراوە لەلایەن مەنسوری حیکمەتەوە. کتێبەکە لە سێ بەرگ پێکدێت. مەنسوری حیکمەت ئەو بەشەی کتێبەکەی ئای ئێچ کاری لەژێرناویشانی ( پیشەسازی)دا وەرگیڕاوە بۆ فارسی. ئەم باسەی لێرەدا کردویەتی سوودی لەو زانیاریەکانی ئای ئێج کار وەرگرتوە.

ئای ئیچ کار، لەباسەکەیدا، چەند سەرنجی گرنگی دەربارەی پەیوەندی بنەمای ئابوری سۆشیالیستی، کۆنترۆڵی کرێکاری، دەوڵەتی کرێکاران یان دەوڵەتی هاوڵاتیان و ناڕۆشنیەکانی بەلشەفیەکان لە مامەڵە لەگەڵ کێشەو گرفتەکان و هێڵكی جیاکەرەوەی لینین لەم پەیوەند بەم پرسانەوە خستۆتەڕوو.

ئەم بابەتە لە کتێبی( مەنسور حیکمەت، بەشێك لە دەستنوسەکان و بابەتە بڵاونەکراوەکان) لە فارسیەوە کراوەتە کوردی.  ئۆکتۆبەر.}

بەشی یەکەم؛

لە سەرەتادا لای بیرمەندانی بەلشەفی وانەدەهاتە بەرچاو کە سیاسەتی پیشەسازیکردن هەمان کێشەکانی سیاسەتی کشتوکاڵی (زەوی) بەدوای خۆیدا بهێنێ. بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی بە سەرکردایەتی پرۆلیتاریا، ڕەنگە ئەوە  کارێکی ئەستەم بێت کە ووردکردنەوە و جێبەجێکردنی سیاسەتێکی کشتوکاڵی کە هاوکات پێشێلی پرەنسیپەکانی نەکات، جووتیاران نەخاتە هەڵویستێکی دوژمنکارانەوە. بەڵام سیاسەتی پیشەسازیکردن بەرادەیەکی باش بێکێشە دەهاتەبەرچاو. کۆنترۆڵی پیشەسازی بەشێوەیەکی ئاسایی دەکەوێتە دەستی کرێکاران خۆیان، کرێکارانێك کە لەلایەن خۆیان و بە ناوی خۆیانەوە کارەکە ئەنجام دەدەن. کۆنفرانسی نیسانی ١٩١٧ی حیزب لەم بارەیەوە شتێکی دیکەی بۆ تێزەکانی نیسان زیاد نەکرد و جێبەجێکردنی کۆنترۆڵی دەوڵەتی….. بەسەر بەهێزترین کارتێل** ی سەرمایەداران ی وەکو یەکێك لە هەنگاوە دەستنەجێکانی خۆی لە بەرمای کاری خۆیدا دانا. لینین لە بەرگریکردن لەم بڕیارنامەیەدا ڕایگەیاند کە کاتێک ئەم کارتێلانە دەستیان بەسەردا گیرا و کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی شوراکانەوە، ئەوا ڕووسیا هەنگاوێکی بەرەو سۆسیالیزم ناوە.

لەکردەوەدا ئەمە قورستربوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا. بەلشەفییەکان تاڕادەیەكی زۆر رووبەروی هەر ئەو شتە بوونەوە کە لە کێڵگەکاندا تووشی هاتن.. ڕەوتی شۆڕش، لەگەڵ خۆیدا، تەنها دەستبەسەرداگرتنی خۆبەخۆیی زەوی لەلایەن جوتیارانەوە نەهێنا، بەڵکو دەستبەسەرداگرتنی خۆبەخۆیی کارگەکانیشی لەلایەن کرێکارانەوە لەگەڵ خۆی هێنا. لە پیشەسازیدا، وەک لە کشتوکاڵدا، حزبی شۆڕشگێڕ و پاشان حکومەتی شۆڕشگێڕ، بەدوای بزووتنەوەیەکدا کێش بوون کە لە زۆر ڕووەوە دەستوپا گیر بوو بۆیان، بەڵام وەک هێزی بزوێنەری شۆڕش نەیتوانی پەسەندی نەکات. لە ڕووسیاش وەکو دەوڵەتە دژ بەیەکەکانی دیکە، شەڕ، دوای ماوەیەک لە سەرلێشێواوی سەرەتایی، هاندانێکی کاتی بۆ (زیادکردنی) بەرهەمی پیشەسازی ڕەخساند. بەڵام ڕووسیا بە ئامرازە پیشەسازییە سنووردارەکانی، دابڕانی لە سەرچاوە سەرەکییەکانی کەرەستەی خاو، بە کەمی بەرهەمهێنانی کار و ڕێکخستنی پیشەسازی و سیاسی لاواز، کاردانەوەیەکی سستتری پیشان دا لەچاو ووڵاتەکانی دیکەدا. (پرۆسەی زیادکردنی بەرهەمهێنان) بەخێرایی گەیشتە خاڵی کۆتایی خۆی. لە هەمان ساڵی ١٩١٦دا، لەژێر کاریگەری شەکەتی بەهۆی کاریگەری شەڕ و کەمیی کەرەستە خاوە زەروریەکان و کۆنبوونی کارخانەو ئامێرەکان، بەرهەمهێنان بەرەو دابەزین دەچوو.

شۆڕشی شوبات هەموو هۆکارەکانی( ناکۆك لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمهینان)دا چڕتر کردەوە. کەمیی هەموو شتێك بوو بە مەسەلەیەکی درێژخایەن و لە زۆر حاڵەتدا کارگەکان بەهۆی نەبوونی کەرەستەی خاوەوە ناچار دەبوون دابخرێن. ئەم هەلومەرجانە مەیلێکی نوێیان بۆ بە نیشتیمانیکردن و کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت دروستکرد، کە لە سەردەمی جەنگدا پرسێکی ئاسایی و باوە. یەکێک لە یەکەمین ڕێکارەکانی حکومەتی کاتی پێکهێنانی کۆنفرانسێکی هەمیشەیی بوو بۆ پەرەپێدانی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی ڕووسیا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٧دا ئەم کۆنفرانسە لەلایەن شورایەکی( Council) ئابوری و لیژنەیەکی باڵای ئابووری جێگای گیرایەوە کە ئەرکەکانیان بریتی بوو لە داڕشتنی پلانێکی گشتی بۆ ڕێکخستنی ئابووری نیشتمانی و هەروەها داڕشتنی یاسا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گشتی بۆ ڕێکخستنی ژیانی ئابووری. شورای ئابووری کۆڕێکی گەورەی گفتوگۆکردن و ڕاوێژکاری بوو، لیژنەی باڵای ئابووری ناکۆکەی ئیرادەیەکی پلاندانانی دابین کرد. بەڵام لە سەردەمی حکوومەتی کاتیدا، هیچ کام لەو ئۆرگانانە  ئەو تونایەیان نەبوو، دووریش بوو کە بتوانن ئەو دەسەڵاتە بەدەست بهێنن کە پرۆسەی داڕمان و هەڵوەشانەوەی رۆژانەی ئابوری بوەستێنن.

گرنگتر لەم هەوڵە نیوەناچڵانە بۆ پلاندانانی سەردەمی جەنگ، ئەو تەوژمە بوو کە شۆڕشی شوبات بە بزووتنەوەی کرێکاری دا. کۆمیتەکانی کرێکاران بە خێرایی لە کارگەکاندا سەریان هەڵداو بەپێێ فەرمانێکی حکومەتی کاتی لە ٢٢ی نیسانی ١٩١٧دا وەک نوێنەری ڕێگەپێدراوی کرێکاران لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ خاوەنکارەکان و حکومەتدا ناسێنران.

یەکەم داواکاریەکان؛ ٨ کاتژمێر کاری رۆژانە و زیادکردنی کرێ بوو. بەڵام زۆری نەخایاند ئەم داواکاریانە بە هەوڵێکی تاڕادەیەك ڕێکخراو، سەرەتا پرش و بڵاو، دواتر بەرە بەرە بەشێوەیەکی دووبارە، لەلایەن کرێکارانەوە بۆ دەستوەردان و دەستبەسەرداگرتنی ڕاستەوخۆی کارگەکان گەیشتە لوتکە. ئەمەش وەک ترۆتسکی لە ساڵی ١٩٠٥دا بەڕوونی پێشبینی کردبوو، کاردانەوەی حەتمی کرێکاران بوو لە دۆخێکی شۆڕشگێڕانەدا بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان و هەروەها بەرامبەر بەهەر هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی شۆڕش لەناو چوارچێوەی بۆرژوازی-دیموکراسیدا دەوەستانەوە. خاوەنکارەکان هەندێکجار تەسلیم دەبوون و لەگەڵ کۆمیتەکانی کارگەکاندا ڕێک دەکەوتن، بەڵام زۆرتر بەداخستنی دەرگای کارگەکان بەڕووی کرێکاران و داخستنی کارگەکانی خۆیان بەرپەرچیان دەدایەوە.

بەلشەفییەکان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ چڕکردنەوەی ئەم ململانێیە. فراوانبوونەوەی شەپۆلی پشێوی لە کارگەکاندا خزمەتی بە ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانیان دەکرد. ئەوان نەیاندەتوانی، تەنانەت ئەگەریش بیانویستایە، ئەم رێکارانە بوەستێنن، بەڵام تا ڕادەیەک دەیانتوانی کۆنترۆڵیان بکەن چونکە لەلایەن کرێکارانەوە وەکو پشتیوان قبوڵکرابوون. دەیانتوانی ئاراستەکەی بەدەستەوە بگرن. ئەم دۆخە بوو ناچاری کردن پراتیکێک وەکو پراتێکی خۆیان قبوڵ بکەن کە نەك بەلشەفی نەبوو، بەڵکو ئەنارکیستی و سەندیکالیستی بوو.

بەڵام بەهەرحاڵ، ئەوەی کەس پێشبینی نەکردبوو ئەوە بوو کە داگیرکردنی کارگەکان لەلایەن کرێکارانەوە لە درێژخایەندا، تەنانەت کەمتر لە داگیرکردنی زەوی لەلایەن جوتیارانەوە، لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستیدا دەگونجێت. ئەم سەختییە تا ماوەیەک لە پشت پەردەی دەستەواژەی ناڕوون و مشتومڕاوی “کۆنتڕۆڵی کرێکاران Worker’s Control-” ەوە شاردرابووەوە.

کاتێک لینین لە مانگی نیسانی ١٩١٧دا پێشنیاری ئەوەی کرد کە کارتێلی شەکر دەبێت بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە کە بەدەستی کرێکاران و جووتیارانەوەیە، دەیویست نموونەیەکی کۆنکرێت لە پرەنسیپی  کۆنترۆڵی شورایی یان دەوڵەتی کە لە تێزەکانی نیسان و لە بڕیارنامەی کۆنفرانسی نیساندا هاتبوو، بدات بەدەستەوە. بەشی دووەمی دەستەواژەکە تەنها سەرپۆشێك بوو بۆ بەشی یەکەمی. کرێکاران و جوتیاران ئەو کەسانە بوون کە دەوڵەت لەڕێگەی ئەوانەوە و بە ناوی ئەوانەوە بڕیاربوو کارەکانی ئەنجام بدات.

کاتێک کە چەند هەفتە دواتر، بڕیاری حکومەتی کاتی بۆ دروستکردنی لیژنەیەک بۆ دامەزراندنی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر دامەزراوە پیشەسازییەکاندا، وایکرد لینین تێبینی ئەوە بکات کە هۆشیاریی زەرورەتی کۆنترۆڵکردنی پرۆلیتاری بەسەر کارگە و کارتێلەکانی سەرمایەدارەکاندا لە کۆڕوکۆمەڵە کرێکاریەکاندا گەشەی کردووە، ئەوەی قبوڵ نەکرد- رەنگە درکی پێ نەکردبێت – کە قسەیەکی نوێ دەکات، و ئەوەی کە کۆڕوکۆمەڵە کرێکاریەکان، هەرچؤن بێت، داوای شتێکی جیاوازیان دەکرد لەوەی  ئەو پێشتر داوای دەکرد.

چەند ڕۆژێک دواتر، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ١٩١٧دا، لینین زیاتر پەرەی بە بیرۆکەکەی خۆی دەربارەی کۆنترۆڵکردن دا : شوراکان یان کۆنگرەی کارمەندان( کارکنان)ی بانکەکان دەبوایە پلانێک بۆ دروستکردنی یەک بانکی دەوڵەتی و ئەنجامدانی وردترین کۆنترۆڵ دابڕێژن؛ شوراکانی کارمەندان لە کارتێل و تراست (Trust)ەکاندا *** دەبووایە بەهەمانشێوە ڕێوشوێنی پیویستیان بگرتایەپێش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانیان؛ مافی کۆنترۆڵکرد تەنها بەرتەسک نەبێتەوە بە هەموو شوراکانی کرێکاران و سەربازان و جوتیاران، بەڵکو دەبێت شوراکانی کرێکاران لە هەموو کارخانە گەورەکاندا و نوێنەری هەموو پارتە سیاسییە گەورەکان هەمان مافیان هەبێت.

 

>>>>>>ماویەتی>>>>>>>

 

 

* ئای ئێج کار (ئێدوارد هالێت کار ٢٨ی حوزەیرانی ١٨٩٢- ٣ی تشرینی دووەمی ١٩٨٢) مێژوونووس، دیپلۆمات، ڕۆژنامەنووس و تیۆریسیۆنێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خەڵکی بەریتانیا بووە. نەیاری ئەزموونگەرایی بووە لە نوسینەوەی مێژوودا. زیاتر بە کتێبی “مێژووی شۆڕشی بەلشەفی”  لەنێوان ساڵەکانی ١٩١٧ تا ١٩٢٩، ناوبانگی دەرکرد کە لە (٣ ) بەرگدا بڵاویکردۆتەوە.

** کارتێل(Cartel): بریتیە لە یەکگرتنی کۆمەڵێك کۆمپانیای گەورە، بەمەبەستی دیاریکردن و کۆنترۆڵکردنی نرخی کالاکان و ئیحتکارکردنی بازار.

*** تراست (Trust) : رێکەوتنی کۆمەڵێك کۆمپانیایە لەسەر ئەوەی سامانەکانیان بگوازنەوە بۆ ئەنجومەنێکی ئەمیندار(مجلس الامناء) بەمەبەستی دروستکردنی جۆرێك لە ئیحتیکار و کەمکردنەوەی کێبرکێ.

About admin

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …