ژیاننامەو چەند وتە، لەمەراسیمی ڕیزلێننان لەژیانو خەباتی هاوڕێ حەسەن مارفدا

هاوڕێ حەسەن عارف بەجێیهێشتین..

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە لەم ڕێگەیەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی هاوڕێی خۆشەویستمان حەسەن مارف عارف ڕادەگەیەنین. هاوڕێ حەسەن کادرێکی بەرجەستە و کۆمۆنیستێکی بڕوا پۆڵایین و هەڵسوڕاوێکی ماندونەناس و بەرپرسی کۆمیتەی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بوو کە ئەمڕۆ شەمە ( 12/7/2025) لە تەمەنی 57 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی وێستمید لە شاری سیدنی لە باوەشی خۆشەویستی خانەوادە و هاوڕێیانیدا بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

هاوڕێ حەسەن هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە کۆمۆنیستێکی چالاک و بەرچاوڕۆشن و دڵ پڕ لە هیوا بە سۆشیالیزم و بنیادنانی دناییەکی باشتر بوو. ئەو هەڵسوڕاوێکی بەرجەستەی بزووتنەوەی شوورایی کوردستان و شورای سەرشەقامی شاری سلێمانی و لەوکاتەشەوە بەردەوام ماندوونەناسانە درێژەی بە خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆی داوە لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا.

لەم کۆستە گەورەیەدا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێ (چیمەن عارف)ی هاوسەری و هەر دوو جگەرگۆشەکەی (زاریا و پۆشکین) و هەموو خانەوادە ئازیزەکەیان و هەموو هاوڕێیان و دۆستانی ئەکەین.

یاد و خەباتی هاوڕێ حەسەن هەمیشە بەرز و بەڕێزە لەلامان

کۆمیتەی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

12/7/2025

ووتەکان:

یەکەم:

وتەی عامر سابیر لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی هاورێ حەسەن عارف (١٩٦٨-٢٠٢٥) لە سیدنی لە ٢٠/٧/٢٠٢٥دا.

ئامادەبووانی بەرێز،

میوانە خۆشەویستەکان،

هاوڕێیان و دۆستان و ئاشنایانی هاوڕێ حەسەنی خۆشەویست

بەناوی هاوڕێ چیمەن و خانەوادەکەیەوە، بەناوی هەموو هاوڕێیان و هاوخەباتانییەوە،

زۆر بەخێرهاتنتان ئەکەین کە ئەمرۆ لێرە ئامادەن لەگەڵماندا لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی هاوڕێ حەسەنی ئازیماندا.

سوپاستان ئەکەین کە ئەمڕۆ لە دوا ماڵئاوایی یەکێک لە پاکترین و بەخشندەترین و ڕەهاترین مرۆڤەکان، کە هاوڕێمان حەسەنە بەشدارن لەگەڵماندا. هاوڕێ حەسەن ئینسانێکی گەشبین، قسەخۆش و نوکتەباز، ئینسانێکی بەڕێز و خەمخۆری هەمووان بوو.

هاوڕێ حەسەن مارف عارف، تەمەنی خۆی بەتەنها بە ژیانی شەخسی خۆی سەرف نەکرد، بەڵکو بە خەباتێکی بێوچان لە دژی چەوسانەوە و سیستەمی سەرمایەداری تێکەڵی کرد. ئەو باوەڕی قوڵی بە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی ئینسانەکان هەبوو.

وەک کرێکارێکی هوشیار و کۆمۆنیستێکی بەرچاوڕۆشن نزیک بە چل ساڵی ژیانی لە پێناوی بەدیهاتنی ئەم ئامانجە بەرزانەدا بەگەڕخستبوو. ئەو خۆشیلە بەختەوەری و خۆشحاڵی ئینسانەکانی تر  وەرئەگرت.

ئەو هەڵسوڕاوێکی سیاسی و کرێکارێکی سۆشیالیستی پڕ وزە بوو لە دژی چەوسانەوە و هەڵاواردن و نایەکسانی  نیو دونیای ئەمرۆ.بەداخەوە نەخۆشییەکی کوتووپڕ و مەرگی ناوەختی، ئەوی لێسەندینەوە و نەیهێشت بەدیهاتنی دنیایەکی باشتر بەچاوی خۆی ببینێ.

هاوڕێ حەسەن زەریایەک بوو لە خۆشەویستی و بەخشندەیی. چیایەک بوو لە خۆڕاگری و کۆڵنەدان. کێوێک بوو لە ورە و لە وزە.

ئێمە هاوڕێیان و هاوچینەکانی هاوڕێ حەسەن بە درێژەدان بە ڕێگاکەی و بە خەبات لە پیناو بنیاتنانی دنیایەکی باشتردا یادی ئەو هەمیشە بەرز ڕائەگرین. هەر لێرەوە لەم دوا ماڵئاواییەدا لە هاوڕێ حەسەن، دڵمان لەلای خانەوادەی هاوڕێ حەسەنی خۆشەویستە لە کوردستان و لە وڵاتانی تر.

دووبارە سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ بەشداریتان.

عامر سابیر

٢٠/٧/٢٠٢٥

 

دووەم:

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە لایەن (عامر سابیر)ەوە لە مەراسیمی ڕێزگرتن لە ژیان و خەباتی هاوڕێ (حەسەن عارف)داکە لە ٢٦/٧/٢٠٢٥دا لە سیدنی لەلایەن ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە ڕێکخرابوو.

هاوڕێیانی خۆشەویست، ئامادەبووانی بەڕیز، میوانە ئازیزەکان،

منیش بەنۆرەی خۆم بەخێرهاتنی گەرمتان ئەکەم، سوپاستان ئەکەم کە ئەم ئێوارەیە لەم کۆڕی ڕێزگرتنە لە ژیان و خەباتی هاوڕێی خۆشەویستمان حەسەن ئامادەن لەگەڵماندا.

هاوڕێ حەسەن کرێکارێکی سۆشیالیست، کۆمۆنیستێکی ماندوونەناس، کە نزیک بە چل ساڵ لە ژیانی بەختکرد لە پێناو، وە لە هەوڵی گۆڕینی ژیانی ئینسانەکانی سەردەمی خۆیدا.

نازانم کام شاعیری کوردە کە ئەڵێ؛ ئەو دڵە خەمگینە چەند بەنرخە کە خەم ڕێگەی لێناگرێ گۆرانی لەگەڵ دڵخۆشاندا بڵێ. هاوڕێ حەسەن خاوەنی ئەو دڵە بەنرخە بوو کە هەرگیز خەم و ئازارەکانی خۆی، ڕێگەی لێنەگرت کە گۆرانی لەگەڵ دڵخۆشاندا بڵێ. هاوڕێ حەسەن لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بوایە، خۆشی و شادی و خەندەی ئەخستە سەر لێوی ئەوانەی کە لە دەوروپشتین، تەنانەت ئەگەر لە پرسەیەکیشدا بووایە، خەم و ئازارەکانی بەبا ئەدا، ئایندەی ئەگەشانەوە و هیوای ئەچاند.

هاوڕێ حەسەن خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مناڵان هەبوو، ئەگەر ناوی هەر مناڵێکی ئەو ڕەفیقانەی کە حەسەن ئەیناسی لەبیرت بچوایەتەوە، ئەگەر لە حەسەنت بپرسیایە یەکسەر ناوی مناڵەکەی پێ ئەوتی. تەنانەت کە مناڵەکانی خۆشی گەورە بووبوون، ئەو خێزانانەی کە خاوەنی مناڵ بوون، بچوونایە بۆ ماڵی حەسەن، هەرگیز نایانگووت ناچین، چونکە حەسەن ئەبوو بە مناڵ لەگەڵیاندا، بەردەوام بەخۆی و قاچەکەیەوە لە عەرز دائەنیشت و یاری و گاڵتە و شادی پێئەبەخشین و پێکەنین و خەندەی ئەخستنە سەر لێویان.

هاوڕێ حەسەن خاوەن شەخسییەتێکی زۆر تایبەتی بوو، بەردەوام لەو کەسانەی لەدەوروپشتی بوو، خاڵی پۆزەتیڤی ئەو کەسانەی ئەبینی، بەردەوام تەرکیزی لەسەر خالە گەشەکان وخاڵە پۆزەتیڤەکانی هەر کەسێک بوو کە لە چواردەوری بوو. نەک هەر ئەمە بەڵکو تەنانەت لەو حیزب و بزووتنەوەیەی کە ئەو ئەندامی بوو، بەردەوام تەرکیزی ئەکردە سەر لایەنە گەشەکان، پێشڕەوییەکان، سەرکەوتنەکان. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەخنەی نەبوو، یان بۆچوونی جیاوازی نەبوو هەندێجار، بەڵام تەرکیزکردن لەسەر لایەنە گەشەکان خاڵێکی جەوهەری بوو بۆ ئەو.

هاوڕێ حەسەن وەک کرێکارێکی زەحمەتکێش هەموو ژیانی کاری کرد، بەڵام هەرگیز بێدڵی خۆی و خانەوادەکەی نەکرد. هاوڕێ حەسەن زۆر وڵاتی دونیا گەڕاو سەفەری کرد. هاوڕێ حەسەن ئینسانێکی زۆر بەخشندەبوو. لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا، لە هەر سەفرەیەکدا کە بڕۆیشتینایە بۆ کامپینگ، حەسەن و چیمەن بەقەدەر سێ عائیلە شتومەکیان ئەهێنا، خۆیان چوارکەس بوون، یان هەندێک جار هەر هەردووکیان ئەهاتن، بەڵام ئەوان هەشت کوسییان ئەهێنا، هەرشتێکت پێویستبوایە لەهەر سەفرەیەکدا هاوڕێ حەسەن و هاوڕێ چیمەن پێیان بوو. ئەوان خەمخۆری هەمووان بوون.

هاوڕێ حەسەن تەکسی لێئەخوڕی، گێڕایەوە کە ڕۆژێک لەبەردەم شۆپینگ سێنتەرێکدا نەفەرێکی بارکردبوو، کە ژنێکی بەتەمەنی ئۆزی بوو. کاتێک کە ژنەکە دێتە ناو سەیارەکەوە، ڕەخنە لە هاوڕێ حەسەن ئەگرێ و ئەڵێ تۆ چۆن گەنجێکی، تۆ چۆن سایەقێکی کە نەهاتی یارمەتی من بدەی  کە ئەزانی بەتەمەنم،  بەهەرحاڵ  هۆکاری ئەوەی کە هاوڕێ حەسەن  نەیتوانیبوو دابەزێ، نازانم چی بوو، بەڵام دڵنیای ئەکاتەوە کە گەیشتنە ماڵەوە ئەبێت ئەو دەست لە هیچ نەدا و حەسەن پێی ئەڵێ کە هەموو شتەکانت بۆ ئەکەمە ئەو دیوو دەرگاکەوە. کاتیک کە ئەگەنە ماڵەوە و حەسەن دائەبەزێ و شتەکانی بۆ ئەبات. ژنەکە زۆر دڵگران ئەبێت لەو قسانەی کردوێتی و پەشیمان ئەبێتەوەلەوەی کەوا پێشوەختە قەزاوەتی کردووە لەسەری. وە هەر لەوێدا داوای لێبووردنی لێ ئەکات و ڕەقەمی ئیجازەکەی هاوڕێ حەسەن وەرئەگرێت و تەلەفۆن ئەکات بۆ وەزیری گواستنەوەی نیو ساوس وێڵز. پاش چەند ڕۆژێک هاوڕێ حەسەن لە وەزارەتی گواستنەوەوە تەلەفۆنێکی بۆ دێت کە خۆی و هاوڕێ چیمەن دەعوەت ئەکەن بۆ ئێوارەخوانێک لەگەڵ وەزیری ترانسپۆرتدا وە پێی ئەڵێن کە بچێ لەوێ بەشداربێت لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەی کە لەومانگەدا کاندید کرابوون بۆ باشترین شۆفێری تەکسی لە (سیدنی)دا. لەو ئێوارەیەدا هاوڕێ حەسەن خەڵات و پیزانینی باشترین شۆفێری تەکسی بۆ ئەو مانگە ئەباتەوە. لەم دواییەدا هاوڕێ حەسەن بێزاربووبوو لە ئیشی تەکسی و ئوبە، ویستی بیگۆڕێو ئیشێکی تر بکات، هەوڵی دا ببێت بە سایەق پاس، لە تاقیکردنەوە نەزەرییەکەیدا دەرچوو بەڵام بەداخەوە لە تاقیکردنەوە عەمەلیەکەدا (جەستەییەکەدا) دەرنەچوو، ئەوەی کە دایاننابوو کە ئەبێت دابنیشێ لە عەرزەکە و لە خاڵیکەوە بچێت بۆ خاڵێکی تر بەو چەند چرکەیەی کە دایاننابوو بۆی، وە بەهۆی ئەوەی کە هاوڕێ حەسەن هەموو جاریک لە هەڵئەستادەستی ئەخستە سەر قاچی چەپی، ئەو ماوەیەی نەبڕیبوو، وە نەیتوانی کە ڕوخسەتی لێخوڕینی پاس بەدەستبهێنێ.

هاوڕێ حەسەن ئینسانێکی بێڕادە گەشبین و بەئیرادە بوو.ئەو کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوو، هەرگیز چاوەڕوانی مردن نەبوو. ئەو تەنها چەند ڕۆژێک پێش نەشتەرگەرییەکەی، چوو پارەی لە قەرزی خانووەکەی دەرکرد و سەیارەیەکی گەورەی کڕی، بەرنامەی زۆر بوو لە ژیانیدا کە بیکات.

نەخۆشییەک کە هاوڕێ حەسەنی لێسەندین، نەخۆشی ڤیکسەس سیندرۆم بوو (ڤی ئی ئێکس ئەی ئێس). ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی تازەیە، لەساڵی ٢٠٢٠ەوە پەیدا بووە، پێشتر ئەم نەخۆشییە نەبووە. ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە ئەبن بەزۆری لە٧٥٪ پیاوانی سەرو پەنجا ساڵن. ئەو کەسەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە ئەبێت یەکێک لە جینەکانی خوێنی، جینی ژمارە (یوو بی ئەی ١) بازدانی تیادا ڕووئەدات، وە سیستەمی بەرگری لەشت هێڕش ئەکاتە سەر خانەکانی لەشی خۆت، خڕۆکە سپپیەکانت تێکئەشکێنێ، وە پلەیتلێتەکانت تێکئەشکێنێ و تووشی بەرزبوونەوەی تا و هەوکردن و  ئازاری زۆر ئەبیت.

لەسەرەتاوە کە هاوڕێ حەسەن نەشتەرگەرییەکەی کرد، کە لە زاریای کچی مۆخی ئێسکیان وەرگرت و ترانسپلانتیان کرد، عەمەلیاتەکەی زۆر سەرکەوتوو بوو. تا دوو هەفتە زۆر خۆشحاڵ بووین کە نەشتەرگەرییەکەی هاوڕێ حەسەن ئاوا سەرکەوتوو بوو. بەداخەوە لەدوای ئەوە تووشی نەخۆشی هەوکردنی خوێن بوو، تووشی کەڕووی خوێن بوو، وە بەداخەوە ئەو نەخۆشییە زۆر پەرەی سەند و لە کۆتایدا کۆتایی بە ژیانی هاوڕێ حەسەن هێنا. کە هاورێ حەسەن تووشی ئەو نەخۆشییە بوو، دکتۆرەکان پێیان وتین کە لە ماوەی هەفتەیەکدا تەوا ئەبێت و ناتوانێ زیاتر بژی، بەڵام هاوڕێ حەسەن شەش هەفتە ژیا. ئاخر جار کە (ئێم ئاڕ ئای) مێشکیان بۆکرد، دکتۆرەکان وتیان کە هەوکردنەکە زۆر چۆتە مێشکێوە، وە وتیان کە نامانەوێ لەمەودوا هیچیتر ئازاری بدەین و ناچارین کە ئەو دەرمان و عیلاجانەی وەری ئەگرێ بیوەستێنین و لە ئێستا بەدواوە دەرمانی هێورکەرەوەی ئەدەینێ کە بەبێ ئازار ئەم چەند ڕۆژەی ماوێتی بیباتە سەر.  لە ڕۆژی دووشەمە لە ٧/٧/٢٠٢٥ دا بە ئامادەبوونی هاوڕێ چیمەن و زاریا و پۆشکین، بە ئاگاداری هاوڕێ حەسەنیان گەیاند و پێیان وتین کە عیلاجەکانت ئەبڕین. لەوێشدا دایاننابوو لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ژیانی هاوڕێ حەسەن تەواو بێت، بەڵام هاوڕێ حەسەن پێنج ڕۆژ و شەس سەعات ژیا.

سەختترین کاتەکان ئەو کاتەبوو کە بە بێ دەسەڵات بەدیار یەکێک لە ئازیزترین کەسەکانتەوە دابنیشی و چاوەڕێ بکەی کە دوا هەناسە هەڵمژێ. هەر چرکەیەکی وەک ئەوە وابوو کە خەنجەر بکەن بە دڵتدا، بە تایبەت بۆ هاوڕی چیمەن و زاریا و پۆشکین لەهەموومان سەختتر بوو.

لەبەر ئەوەی دوو هاوڕێی ترمان هەر لێرە لە سیدنی گیانیان لەدەستدابوو، هاوڕێ حەسەن پێشنیاری کردبوو کە ئەگەر بگونجێ هەر لەو گۆڕستانە لە نزیک ئەوان بنێژرێ، کە ئەوانیش هاوڕێ لەیلا محەمەد و هاوڕی جەبار مستەفا بوو. بەخۆشحاڵییەوە پاش هەوڵی زۆر تواندرا پارچە زەویەک بدۆزرێتەوە و گۆرەکەی لەوێ بێت.

من لێرەوە پێزانین و سوپاسی زۆرم بۆ هەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانەی کە لە دوو ڕۆژی پرسەکەیدا لە ماڵی چیمەن بەشداربووون لەگەڵماندا و زاریا و پۆشکین و چیمەنیان لە باوەشی خۆشەویستی گرت. سوپاسی هەموو ئەو ئازیز و خۆسەویستانە ئەکەم کە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەیدا بەشداربوون لەگەڵماندا، وە سوپاسی ئێوەی خۆشەویست ئەکەم کە ئەمڕۆ لەم مەراسیمەدا کە حیزبەکەی هاوڕێ حەسەن ڕێکیخستووە، لەگەڵماندا ئامادەن بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و خەباتی ئەم هاوڕێ خۆشەویستەمان. خاڵێک کە جێگەی خۆشحاڵی ئێمەیە، خاڵێک کە جێگەی شانازییە بۆ هاوڕێ چیمەن و زاریا و پۆشکین، بۆ ئێمە، ئەوەیە کە لە کاتی مردنی هاوڕێ حەسەنەوە زۆرێک لە ئێوەی ئازیز، زۆر لە خۆشەویستان و ئازیزان، زۆر لەوانەی کە هەیە بۆ جارێک هاوڕێ حەسەنی بینیوە، داوایان کرد کە ئامادەی کۆمەککردنن، کۆمەکبکەن بە هاوڕێ حەسەن بۆ مەسرەفی ناشتنەکەی.هاوڕێیەک ئەیوت من دوو هەزار ئەدەم، هاوڕێیەک ئەیوت من پێنج هەزار ئەدەم، هاوڕێیەک ئەیوت من دە هەزار ئەدەم، هاوڕێیەک بەزۆر کارتی بانقەکەی لەگەڵ پین نەمبەرەکەیدا، ئەدایە دەست ئێمە ئەیوت چەندی لێ دەرئەکەن دەری بکەن، هاوڕێیەک ئەیوت تکایە بە سێ کەس لەخۆتان حیسابم بکەن. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو خەمخۆرییەی ئێوەین، بەڵام هاوڕێ حەسەن وەک بەردەوام لە ژیانیدا زۆر ئۆرگەنایز و بە بەرنامە بوو، لەمەشدا ئینشورانسی خۆی هەبوو (تەئمینی خۆی کردبوو)، وە ئەو ئینشورانسەی کە هەیبوو، تەقریبەن سەر و بەر بەشی هەموو مەسرەفی ناشتنەکەی کرد. لەبەر ئەوە پیویستی بەیەک دۆلار نەبوو کە لە ئەو ئازیز و خۆشەویستانەی کە ئامادەی کۆمەککردن بوون وەریبگرین. بەڵام ئەو ئامادەیی هاوکاری و ئەو بەدەنگەوە هاتنەی کە ئێوە پیشانتان دا، لە ئازیزان و هاوڕێیان، وە بەگشتی جالییەی کوردی لێرە پیشانی دا، ئەوە ئەو هیوا و ئاواتە بوو، ئەو ئومێدە بوو کە حەسەن ئەیویست کۆمەڵگا بەوجۆرە بێت. ئێمە کریکاران و زەحمەتکێشان بەردەوام ئەبێت خۆمان ئاگامان لەخۆمان بێت و لەکاتە سەختەکاندا هاوکاری یەکتر بکەین، چونکە ئەگەر بەتەمای سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و بۆرژوازی و بلوێنێرەکان بین، ئەوان بەتەنگی ژیانی ئێمەوە نایەن. هەروەک ئەیبینین کە ئێستا لە کوردستاندا چۆن کۆمەڵێک تاوانبار و مشەخۆر و قاچاخچی، ژیانی خەڵکی کوردستانیان بە بارمتە گرتووە و ئەوە سێ مانگە مووچەی خەڵکیان نەداوە.

من لێرەدا پەیامی کۆتاییم بۆ کاک مەجیدە، برا گەورەی هاوڕێ چیمەن کە لە کوردستانە. بە دوای مەرگی هاوڕێ حەسەندا بە تەلەفۆن لەگەڵ چیمەن قسەیان کرد پێکەوە و کاک مەجید نیگەرانی ئەوە بوو کە ئیتر چیمەن بێکەس و تەنها کەوتووە لە ئوسترالیا. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە نەمانی هاوڕێ حەسەن بۆشاییەکی زۆر گەورەی لە ژیانی چیمەن و زاریا و پۆشکیندا پێکهێنا کە بەهیچ جۆرێک و بەهیچ کەسێک پڕناکرێتەوە. هاوڕێ حەسەن و هاوڕی چیمەن لێرە بەدوا زیاتر پێویستیان بەوە بوو کە لەپاڵ یەکدا، شانبەشانی یەک وەک هاوخەبات و هاوحیزبی یەک بوون، پێویستیان بەیەک بوو کە هەبن بۆ یەکتر و بۆیەک بمێنن، بەڵام بەداخەوە هاوڕێ حەسەن بەجێی هێشتین. من لێرەوە دڵنیای کاک مەجید ئەکەمەوە کە هەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانەی لەدەوری چیمەنن، هەموو هاوڕێیانی ئێرە، ئازیزان ئەوانەی کە چیمەن ئەناسن، کە حەسەن ئەناسن، هەر ئەوەی کە پیشانیاندا لە پرسەکەیدا، لە ناشتنەکەیدا، وە لەم مەراسیمەدا. دڵنیابە کاک مەجید کە چیمەن بێکەس نییە لێرە، چیمەن پشتیوانی زۆرە، دڵنیابە لەوەی کە وابزانە چیمەن لە پاڵ دەستی خۆتدایە و هەرچی تۆ بتوانی بۆ چیمەنی بکەی، هاوڕێیان و کەسە نزیکەکانی چیمەن بە زیادەوە پێشکەشی چیمەن و زاریا و پۆشکینی ئەکەن، تۆ بێخەمبە لە چیمەن، خۆت تەندرووست و تەمەندرێژبی.

لە کۆتایدا دووبارە سوپاستان ئەکەم.

یادی هاوڕێ حەسەنی ئازیز و خۆشەویستمان بۆ هەمیشە بەرز و بەڕێزە لەلامان. ڕێگەی خەباتی بەردەوامە و پڕ ڕێبوار بێت. دووبارە سوپاستان ئەکەم.

عامر سابیر

٢٦/٧/٢٠٢٥

 

کورتەیەك لە ژیاننامەی هاورێ حەسەن عارف

هاوڕێ حەسەن مارف عارف لە ٢٩/٢/١٩٦٨ لە سلێمانی لە گەڕەکی سەرشەقام لە خانەوادەیەکی کرێکارو زەحمەتکێش، چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی هەر لە سلێمانی تەواوکردووە.

هاوڕێ حەسەن وەك کرێکارێکی هوشیار و زەحمەتکێش چەندین کاری جۆراوجۆری ئەنجامداوە. لە کۆتایی هەشتاکاندا لە بەڕێوەبەرایەتی  ڕێگاوبانی سلێمانی دامەزراوە و چەند ساڵێک لەوێ کاری کردووە. لە ساڵانی نەوەتەکاندا چەند ساڵێك کاری کتێب فرۆشی کردووە لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی، ماوەیەك کاری چێشت لێنانی کردووە لە مەقەڕی کۆمەڵە لە زڕگوێز، پاشان وەك کارمەندێك لە کتێبخانەی قوتابخانەکانی گەڕەکی ئازادی و زەرگەتە  لە شاری سلێمانی دامەزراوە و دواتر وەك وێنەگری گەڕۆك لە سلێمانی و سەرچنار کاری کردووە و ماوەیەکیش کاری دەستفرۆشی کردووە.

بەهۆی ئەوەی برا گەورەکەی هاوڕێ حەسەن کە ناوی (حەمە ئازاد) بوو لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی ئەبێت لە ناوچەی قەرەداغ و هاوڕێ حەسەن وەک گەنجێکی تازە هەڵچوو لەگەڵ خانەوادەکەیدا لەژێر جەور و ستەمی بەعسدا چەندین جار ئەچن سەردانی ئەکەن. ئامۆژگاری حەمە ئازادی برای بۆ هاوڕێ حەسەن و خانەوادەکەی ئەوە ئەبێت کە ئەڵیت هەڵەیەك کە ئەو کردوویەتی و پەیوەستبووە بە یەکێك لە حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکانی کوردایەتییەوە، ئەوان دووبارەی نەکەنەوە و پێیان خۆشخەیاڵ نەبن و وتوویەتی کە ئەمانە هەرچی ئەیڵێن درۆیە و ئەمانە ستەمکارن و تەعدا لە خەڵک ئەکەن و گەندەڵکار و دژی ئازادین و تانانەت ڕێگەی ئەوە نادەن کە ئەو سەربازە فیرارانەی لە خزمەتی سەربازی بەعس ڕایانکردووە و لەو ناوچەیەدان، تەنها لەبەر ئەوەی کتێبی مارکسی و چەپ ئەخوێننەوە، گێچەڵیان پێدەکەن وئازاریان ئەدەن و ئازادیان لێ زەوت ئەکەن و بە مەترسی گەورە لەسەر خۆیانیان ئەزانن.

ئەم ئامۆژگارییەی (حەمە ئازاد) ی برا گەورەی گاریگەرییەکی  قوڵ لەسەر دنیابینی هاوڕێ حەسەن جێدەهێڵی و هەر لەسەرەتاوە خۆشخەیاڵی ئەو بە بزووتنەوە و حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستییەکان ئەڕەوێنێتەوە.

بەداخەوە (حەمە ئازاد)ی برا گەورەی لە ساڵی ١٩٨٥دا لە شەڕێکدا لە ناوچەی دیانا ئەکوژرێت و نە لاشەکەی ئەدۆزرێتەوە و نەگۆڕێکی هەیە، ئەمەش برینێکی قوڵ ئەخاتە دڵی دایک و باوک و خانەوادەکەیەوە، کە دایک و باوکی تا مردنیان بە هیوای بینیینەوەی جارێکی تری حەمە ئازاد سەریان نایەوە.بۆیە هاوڕێ حەسەن لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، هەر لە سەردەمی زۆر گەنجییەوە وەک کرێکارێکی سۆشیالیست و کۆمۆنیستێک، نزیکبووە لەو ئەڵقە کرێکاری و گروپ و ڕێکخراوە چەپ و مارکسییانەی لەو سەردەمەدا هەبوون.

هاوڕێ حەسەن ئینسانێکی هونەر و ئەدەب دۆست بوو، ئارەزووی نیگارکێشانی هەبووە و هەندێ جار شیعری جوانی ئەنووسی و لەو ڕێگەیەوە هەست و ڕەخنەی خۆی لە دیاردەکان دەردەبڕی.

لە ساڵی ١٩٩١دا، لە ڕاپەڕین و ڕاماڵینی بەعسدا چالاکانە بەشداری ئەکات و هاوڕێ حەسەن یەکێک ئەبێت لە هەڵسوڕاوانی چالاکی بزووتنەوەی شورایی کوردستان و لەم ئەلگۆ نوێیەی بزووتنەوەی جەماوەریدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێرێت و  یەکێک ئەبێت لە دامەزرێنەرانی شووراکانی شاری سلێمانی و بەدیاریکراوی لە شورای سەرشەقام و زەرگەتە ماندوونەناسانە بەشداری تیادا ئەکاتو دەبێتە سیمایەکی ناسراو.

لە ٥/٥/١٩٩٢ دا هاوڕێ حەسەن لەگەڵ هاوڕێ چیمەن عارفی هاوسەری ژیانی هاوسەری پێکئەهێنن.

لە دوای ڕاپەڕینەوە و بەرلە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکایی عێراق، هاوڕێ حەسەن لە ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستیەکانی ئەوکاتەدا چالاکانە کاری کردوە  و یەکێک لەو کۆمۆنیستانە بوو کە بە شۆڕووشەوقەوە چاوی بڕیبووە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق کە لە ٢١/٧/١٩٩٣دا دامەزرا و لە یەکەم ڕۆژەوە ئەبێتە ئەندامی حیزب. هاوڕێ حەسەن ماوەیەک بەرپرسیارتێی پەخشی رادیوێی حیزب لە سلێمانی دەگریتە ئەستۆ. لەگەڵ دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستاندا کە لە ١٥/٣/٢٠٠٨دا ڕاگەیەندرا، هاوڕێ حەسەن پێوەی پەیوەستدەبێت و تێیدا درێژە بە خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆیدەدات ودوایی  چەند ساڵ لە چالاکی، بەرپرسیارێتی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا دەگرێتە ئەستۆ.

هاوڕێ حەسەن لە کاتی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کریکارییێوە  تا ڕۆژی گیان لەدەستدانی، ئەو بەردەوام   سیمایەکی خۆشەویست و تێکۆشەری نەسرەوتووی کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو.

هاوڕێ حەسەن لە ساڵی ١٩٩٩ دا لەگەڵ چیمەنی هاوسەری و زاریای کچی کوردستان جێدەهێڵن ودەبنە پەنابەر لە تورکیا، هەر لە تورکیا مناڵی دووەمیان (پۆشکین) لەدایک ئەبێت و لەساڵی ٢٠٠٠دا لە ئوسترالیا وەردەگیرێن و ئەگەنە ویلایەتی تازمانیا. بە گەیشتنی بە ئوسترالیا هاوڕێ حەسەن کۆرسی زمانی ئینگلیزی ئەخوێنی و خۆی فێری زمان ئەکات. لە ساڵی ٢٠٠١ دا لە ویلایەتی تازمانیاوە کە ویلایەتێکی دوورەدەست بوو، ئەگوازێتەوە بۆ شاری سیدنی تا هاوشان لە نزیک هاوڕێیانی لە ڕێکخراوی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا درێژە بە کاری حیزبی و کۆمۆنیستی خۆی بدات.  هاوڕێ حەسەن بە گەیشتنی بە سیدنی مۆڵەتی شۆفێری تەکسی بەدەست ئەهێنێت و زیاتر لە ١٥ ساڵ ئەو کارە ئەکات، پاشان ئیشی ئوبە دەستپێئەکات و تا ساڵی پار، تا ئەو کاتەی دکتۆرەکانی پێشنیاری ئەوەیان بۆ کرد کە ئیتر ئەبێت واز لە ئیش بهێنێ و ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر کارکردن.

بەداخەوە هاوڕێ حەسەن تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوو بەناوی (ڤیکسەس سیندرۆم)، کە ئەم نەخۆشییە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە پەیدا بووە و پێشتر نەبووە. هەرچەندە نەشتەرگەری بۆکرا و بەسەرکەوتووی چووە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە تووشی هەرکردنی خوێن بوو. وە پاش دوومانگ مقاوەمەتکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا، بەداخەوە لەڕۆژی ١٢/٧/٢٠٢٥دا گیانی لەدەستدا و بۆ هەمیشە ئەم هاوڕێ خۆشەویستەمان بەجێی هێشتین.

هاوڕی حەسەن لەماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵ  تێکۆشانیدا بۆ ساتێک لە خەبات لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و بنیاتنانی سۆشیالیزم و دنیایەکی باشتر و بێ چین و چەوسانەوە کۆڵی نەدا و بە باوەڕێکی قوڵەوە بە کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی و ئازادی وەک کادرو تێکۆشەرێکی کۆمۆنیست لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا خەباتی کرد.

هاوڕی حەسەن لە ساڵی ٢٠٢٠دا زنجیرەیەک وتاری بە ناوی (چۆن بووم بە کۆمۆنیست؟) لە واڵای فەیسبووکی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە گۆشەیەک لە ژیانی و خەباتی کۆمۆنیستانەی خۆی تیادا خستووەتە ڕوو.

هاوڕێ حەسەن کۆمۆنیستێکی لێبڕاو، خۆشبین و ئومێدەوار، تیژ و سازش هەڵنەگر و پڕ جوڵە و وزە بوو. ئەو بەردەوام لە هەموو چالاکییەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەدا بەشداربوو، ڕێکخەری زۆر لە چالاکییەکان بوو، وە ڕۆڵی چالاکانە و ڕابەری دەگێڕا.هاوڕێ حەسەن وەک هاوڕێ و کۆمۆنیستێکی خۆشەویست بەردەوام ڕێکخەری کەمپین و کامپین و سەفرە جەماعییەکان و هۆکاری کۆکردنەوەی دۆستان و هاوڕێیانی بوو لەدەوری یەکتر و بەسەربردنی کاتی خۆش و بەسود و پڕ خەندە پێکەوە.  هاوڕێ حەسەن زەریایەک بوو لە خۆشەویستی، قەڵایەک بوو لە خۆڕاگری، کێوێک بوو لە ورە و چیایەک بوو لە کۆڵنەدان.

یادی هاوڕێ حەسەنی خۆشەویست هەردەم بەرز و بەڕێز دەمینیتەوە لە دڵ و دەرونماندا و ڕێگەی خەباتی  بەردەوام دەبێت.

 

تێبینی: لەگەڵ هاورێ حەسەندا زیاتر لە چارەکە سەدەیەک هاوڕێی نزیک و هاوحیزب و هاوخەبات بووین. ئەم ژیاننامەیە بە هاوکاری هاوڕێ چیمەن عارفی هاوسەری لە ڕێگەی ئەویشەوە بە هاوکاری خوشکانی هاوڕێ حەسەن نووسراوە.

(عامر سابیر). تەموزی ٢٠٢٥

 

About admin

Check Also

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …