)ئی ئێج کار (Edward Hallett Carr )
وەرگێڕانی بۆ فارسی: مەنسور حیکمەت
وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئۆکتۆبەر
{ سەرنج : ئەم باسەی لێرەدا دەیخەینە بەردەستی ئێوە، لە باسێکی مێژوونوسی بەریتانی ( ئی. ئێچ.کار–Edward Hallett Carr ) * لە کتێبی(مێژووی شۆڕشی بەلشەفی)یەوە وەرگیراوە کە لەلایەن مەنسوری حیکمەتەوە کراوەتە فارسی. کتێبەکە لە سێ بەرگ پێکدێت. ئای ئیچ کار، لەباسەکەیدا، چەند سەرنجی گرنگی دەربارەی پەیوەندی بنەمای ئابوری سۆشیالیستی، کۆنترۆڵی کرێکاری، دەوڵەتی کرێکاران یان دەوڵەتی هاوڵاتیان و ناڕۆشنیەکانی بەلشەفیەکان لە مامەڵە لەگەڵ کێشەو گرفتەکان و هێڵكی جیاکەرەوەی لینین لەم پەیوەند بەم پرسانەوە خستۆتەڕوو. ئۆکتۆبەر}
بەشی سێیەم
بەدوور دەزانرێ هەموو ئەوانەی لە کۆنفرانسەکەدا دەنگیان بۆ دابوو، ئەم لێکدانەوەیان بۆ بڕیارنامەکە قبوڵ کردبێت. دوای مانگێک فاکتەرێکی نوێ، واتە کۆنفرانسی سەراسەری یەکێتییە کرێکاریەکان، سەریهەڵدا. یەکێتیە کرێکاریەکانی ڕووسیا سەرەتا وەکو هێزێکی چالاک لە شۆڕشی ١٩٠٥دا دەرکەوتبوون و پاشان لە شۆڕشی شوباتدا، دوای ١٠ ساڵ دیارنەبوونی تەواوەتی، زیندوو بوونەوە. کۆنفرانسی حوزەیرانی ١٩١٧ سۆشیالیستە شۆڕشگێرەکان(S.R) و مەنشەفیەکان زۆرینەیەکی گەورەیان پێک دەهێنا. ئەمەش جارێکی تر ئەوەی نیشاندا کە نوخبەی ( ) کرێکارانی ڕێکخراو کەمتر ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ بوون لەچاو جەماوەری ئەو ڕێکخراوانە.
کۆنفرانس بێگومان مەیلی ئەوەی نەبوو کە ڕێگە بە ئانارشی ئابووریی کۆمیتەکانی کارخانە بدات. وێڕای پشتیوانی زارەکی بۆ بوونی ئەو کۆمیتانە، کۆنفرانس خوازیاری ئەوە بوو کە بیانگۆڕێت بۆ ئۆرگانەکانی سیاسەتێکی سەندیکایی کە لەلایەن ناوەندەوە دیاریی دەکران، و پێیوابوو کە پێویستە کۆمیتەکان لەژێر چاودێری یەکێتیەکان و لەناو لیستی پێشنیارکراوی ئەوانەوە هەڵبژێردرێن. گرنگترین هەنگاوی کۆنفرانسەکە، دامەزراندنی ڕێکخراوێکی ناوەندی سەندیکایی بوو. کۆنفرانسەکە بۆ یەکەمجار شورا( )ی ناوەندیی یەکێتیە کرێکاریەکانی هەڵبژارد، کە ئەندامەکانی لەنێو حزبە بەشداربووەکانی کۆنفرانسەکەدا هەڵبژێردران (بە ڕێژەی بەشداربووانی هەر حزبێك). نوێنەرانی بەلشەفیەکان بریتی بوون لە شلیاپنیکۆڤ( ) و ڕیازانۆڤ.
لەوەش گرنگتر، کۆنفرانس بڕیاری دانانی سکرتێرێکی دا و لۆزۆڤسکی() یەکێك لە ئەندامەکانی گروپی مێژرایۆنتسکی( ) کە دوای چەند هەفتەیەک پەیوەندی بە بەلشەفییەکانەوە کرد، بۆ ئەم پۆستە دەستنیشانکرا. لۆزۆڤسکی ڕۆشنبیرێکی بەتوانا و پۆست خۆشەویست بوو کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕۆڵێکی کاریگەری لە چارەنووسی سەرجەم بزووتنەوەی سەندیکاییدا گێرا. بەڵام لەم قۆناغەدا یەکێتیە کرێکاریەکان لەنێوان ئەو گروپ و ڕێکخراوانەی کە بەهەرشێوەیەك بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی کرێکارانیان دەکرد، لەهەموویان کەم بایەختر بوون. زۆربەی یەکیتیەکان لەژێر کاریگەریی نفوزی مەنشەفیەکان و بۆچوونەکانی ئەواندا بوون. ئەوان لە ئامادەکارییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو، وە بگرە هەندێکیان ئیدانەشیان کرد.
شورای ناوەندی کە لە کۆنفرانسی مانگی حوزەیراندا دروست بوو، ئامراز و رێکخستنی پێویستی نەبوو بۆ بینینی دەوری سەرکردایەتی. شورای ناوەندی تەنیا یەک ڕێکخەری هەبوو بۆ ناردنی بۆ ناوچەکان و لانی زۆر پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر توانی دوو ژمارەی گۆڤارە مانگانەکەی خۆی بڵاو بکاتەوە. لەبەرامبەردا، دەسەڵاتی کۆمیتەکانی کارخانە لە گەشەکردندا بوو. کۆنفرانسی کۆمیتەکانی کارخانەکانی پترۆگراد لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٧ یەکەم کۆنفرانسی ئەو چوار کۆنفرانسە بوو کە لەنێوان مانگەکانی ئایار و ئۆکتۆبەردا بەڕێوەچوو؛ دوای دواهەمین کۆنفرانس کۆبوونەوەیەک( جمعیە)ی نوێنەرایەتی گەورەتر و هەڵبژێردراوتر پێکهات کە لە دانیشتنێکی یەك هەفتەیی لە سەروبەندی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، بوونی خۆی وەک یەکەمین کۆنفرانسی سەرتاسەری کۆمیتەکانی کارخانە ڕاگەیاند و دروستکردنی ڕێکخراوێکی ناوەندی بۆ کۆمیتەکان خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە. ئەم بڕیارە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەجێی لەگەڵ شورای ناوەندی یەکێتیە کرێکاریەکاندا دروستکرد و ناکۆکی نێوان هەردوو ڕکابەرەکە لە کۆنفرانسەکەدا بە گەرمی قسەوباسی لێکرا.
بەلشەفییەکان کە زۆرینەیەکی رەهایان لە کۆنفرانسەکەدا هەبوو، خۆیان دوچاری چەند دەستەیی بووبوون، بەوهۆیەوە لەنێوان سۆشیالیستە شۆڕشگێرەکان و ئانارشیستەکاندا کە بەرگریان لە سەربەخۆیی کۆمیتەکانی کارخانە دەکرد، لەلایەکەوەو لە لایەکی دیکەشەوە، مەنشەفیەکان، کە بەرگریکاری رێکخراوێکی ڕێکوپێکی سەندیکایی بوون، لە پێگەیەکی بەیناوبەینیدا بوون. ئەم هەڵوێستە ناپەیگیرە ئاسەواری خۆی لەسەر بڕیارنامەکانی کۆنفرانس بەجێهێشت. ئەو پشتگیرییەی کە لە کۆنترۆڵی کرێکاری لەسەر ئاستی سەراسەریدا دەکرا، ناڕۆشن و دەرگای بۆ لێکدانەوەی جیاواز دەکردەوە. هەروەها ئەو جیاوازییەی کە کۆنفرانس لەنێوان کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی کارکردن کە بڕیار بوو لەژێر سەرکردایەتی یەکێتیە کرێکاریەکاندا ئەنجام بدرێت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتیەکەی بە کۆمیتەکانی کارخانە درابوو، قبوڵی بوو، پڕ بوو لە دوودڵی و ناپەیگیری. بێجگە لەوە، بڕیار درا ئۆرگانێکی ناوەندی کە لە بڕیارنامەکەدا بەڕوونی ئەرکەکەی بە ڕێکخستنەوەی ئابووری نیشتمانی دەستنیشان کرابوو، لەلایەن ڕێکخراوی سەرتاسەری کۆمیتەکانی کارخانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام وەک بەشێک لە شورای ناوەندیی سەرتاسەری یەکێتییە کرێکاریەکان کارەکانی بکات (ژێرنووس: ڕیازانۆڤ، کە لە کۆنفرانسەکەدا بەرگری لە یەکگرتنەوەی تەواوەتی کۆمیتەکان و یەکێتیەکان کردبوو، دواتر ئەم بڕیارنامەیەی بە سزای لەسێدارەدان بۆ کۆمیتەکانی کارخانە ناوبرد، بۆ باشترکردنی بارودۆخی چینی کرێکار سەرکردایەتی تەواوی دا بە یەکێتیەکان. بەڵام ڕیازانۆڤ دانی بەوەدا نا کە کۆمیتەکانی کارخانە خۆیان ئەم لێکدانەوەیان بۆ بڕیارنامەکە قبوڵ نەکردووە.)
لە جۆش و خرۆشی مانگەکانی کۆتایی پێش شۆڕشدا، ئەم جیاوازی و ڕکابەرییانە گرنگییەکی ئەوتۆیان نەبوو. هێرشی کرێکاران بۆ سەر کارخانەکان و ئیدارە، بارگرژیە شۆڕشگێڕانەکانی توندترکردەوە و پڕۆسەی داڕمانی ئابووری خێراتر کرد. لینین وەک نیشانەکانی قۆناغی شۆڕشگێرانە پێشوازی لەو کارانە کرد و بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی کۆنترۆڵی کرێکاری. لە نامیلکەیەکدا بە ناوی مەترسی هەژاری و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی، کە لە سەرەتای ئەیلوولی ١٩١٧ نووسیویەتی، بەڵام تا چەند هەفتەیەک دواتر بڵاونەکراوەتەوە، هێڵەکانی یەکەم و ناڕوونی سیاسەتێکی پیشەسازیی خستەڕوو. لینین نووسیویەتی ئەوەی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی برسێتی، بریتیە لە کۆنترۆڵکردن، پشکنین، ژمێریاری، بەڕێوەبردن() (لەلایەن دەوڵەت)، ئەنجامدانی دابەشکردنی دروستی هێزی کاری بەشدار لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵاکاندا، پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان، ڕێگریکردن لە هەرجۆرە بەفیڕۆدانێکی سامان و دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانیاندا. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هاوبەشی کادێت-سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان- مەنشەفیەکان هەرگیز ڕێوشوێنی لەوشێوەیە ناگرێتەبەر، چونکە لەوە دەترسن کە خاوەن موڵکە عەقاریەکان و سەرمایەداران دەسەڵاتەکەیان و قازانجە خەیاڵی و نائاسایی و سەرشێتانەکانیان لەدەستبدەن .
لینین خوازیاری پێنج هەنگاوی تایبەت بوو: بە نیشتمانیکردنی بانکەکان، کە دەتوانرێت زۆر بەسادەیی جێبەجێ بکرێت؛ بە نیشتمانیکردنی کارتێڵە بازرگانی و پیشەسازییە گەورەکان (شەکر، خەڵوز، ئاسن، نەوت و هتد)؛ و دامەزراندنی ئیحتکاراتە دەوڵەتیەکان، کە ئەوانیش دەتوانرێ بە ئاسانی ئەنجام بدرێن، چونکە (بەپێی بۆچوونی لینین-م.) هەر ئێستا ئیحتکاراتەکان بەکردەوە لەلایەن سەرمایەداریەوە دامەزراون؛ هەڵوەشاندنەوەی نهێنی بازرگانی؛ تێکەڵکردنی ئیجباریی کۆمپانیا بچووکەکان، چونکە ئەمە هەم بەرهەمهێنان کارا دەکات و هەم کۆنترۆڵکردن ئاسان دەکات؛ و سەرەنجام ڕێکخستنی بەکاربردن لەڕێگەی بەشەخۆراکی کاریگەر و دادپەروەرانەوە. لەم پلانەدا کۆنترۆڵی کرێکاری جێگەی خۆی هەبوو. لینین ئەو فکرەیەی پێباش بوو کە کرێکاران و خاوەنکارەکان بۆ بەشداری لە کۆنفڕانس و کۆنگرەی هاوبەشدا بانگەواز بکرێن و بەو مەرجەی کە کۆنترۆڵی گشتی و زیادکردنی بەرهەمهێنان مسۆگەر بکەن، ڕێژەیەکی دیاریکراو لە قازانجیان پێبدرێت. ئەمەش بەمانای کۆنترۆڵکردنی خاوەن زەوی و سەرمایەدارەکان بوو لەلایەن کرێکاران و جوتیارانەوە. بەڵام لێرەدا لینین – بەشێوەیەکی سەرەکی لە گۆشەی پڕوپاگەندەوە – باسی ئەو هەنگاوانەی دەکرد کە لەڕووی تیۆریەوە، تەنانەت لە چوارچێوەی شۆڕش بۆرژوازی-دیموکراتیکیشدا، حکومەتی کاتی دەیتوانی دەستیان بۆبەرێت. ئەو هێشتا ڕووبەڕووی پرسی کۆنترۆڵی کرێکاری لە دەوڵەت سۆشیالیستیدا نەبووبووە.
چەند هەفتەیەک دواتر لینین نامیلکەیەکی زۆر گرنگتری نووسی بەناوی ئایا بەلشەفییەکان دەتوانن دەسەڵاتی دەوڵەتی بپارێزن، کە تێیدا بۆ یەکەمجار بەووردی باسی لە پرسی سیاسەتی ئابووری دوای شۆڕش کرد. ئەو بۆچوونەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە بە نیشتمانیکردنی بانکەکان و کارتێڵە گەورەکان و بەکارتێلکردنی ئیجباریی کارگە بچووکەکان دووبارە کردەوە. ئەو هەرچەندە لەسەرەتاوە بەهەندێك ووریاییەوە وشەی بەرنامەی بەکارهێنا و پشتیوانی خۆی بۆ ناوەندکردنەوە بەرنامەی دەوڵەتی پرۆلیتاری ڕاگەیاند. ئەمە یەکەم هێڵکاری فەلسەفەی لینین بوو لەبواری پلانداناندا(چونکە هێشتا سیاسەتێكی پلاندانان لەئارادا نەبوو) کە هاوجووت بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی کۆنترۆڵی کرێکاریدا: کێشەی سەرەکی شۆڕشی پرۆلیتاری، بەدیهێنانی کۆنتڕۆڵ و ژمێریارییەکی زۆر ورد و توندوتۆڵە لەسەر ئاستی نیشتمانی؛ بەدیهێنانی کۆنترۆڵی کرێکاری بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵاکاندا.
بەڵام لینین وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتی سەندیکالیزم، باسەکەی خۆی بەڕوونترین و وردترین شێوە، بە پێداگری دوبارە لەسەر هەمان ئەو لێکدانەوەیەی کە لە دەستەواژەکانی( بڕیارنامە)ی کۆنفرانسی مانگی ئایاردا دابووی بەدەستەوە، درێژە پێدا: کاتێک دەڵێین کۆنترۆڵی کرێکاری و ئەم دروشمە لە تەنیشت دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و هەمیشە لە دوای ئەوەوە دادەنێین، خەرکین ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە چ جۆرە دەوڵەتێکمان مەبەستە. دەوڵەت ئامرازی حوکمڕانی چینێکە. کام چین؟ ئەگەر مەبەست لە بۆرژوازی بێت، کە نزیکەی شەش مانگە خەڵکی زەحمەتکێشی ڕووسیا بەدەستیانەوە ئازار دەچێژن. ئەگەر مەبەست پرۆلیتاریا بێت، ئەگەر ئێمە مەبەستمان دەوڵەتێکی پرۆلیتاری، واتە دیکتاتۆری پرۆلیتاریمان لەبەرچاوبێت، ئەوا دەتوانرێت کۆنترۆڵی کرێکاری بگۆڕدرێت بۆ ژمێریاریەکی گشتی، هەمەلایەنە و بەربڵاوی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵاکان (بەرگی ٢١، ل ٢٦٩-٢٧٠).
پاشان لینین ئەوەی زیادکرد کە ئامێری ژمێریاری و کۆنترۆڵی دەوڵەتی کە ئێستا هەیە، هاوشێوەی پێکهاتە سەرکوتکەرەکانی دەزگای دەوڵەت، لەلایەن شۆڕشەوە لەناوناچێت، بەڵکو بەسادەیی لەدەستی سەرمایەدارەکان دەردەهێنرێت و دەخرێتە ژێردەستی شورا پرۆلیتاریەکان. بەمشێوەیە کۆنترۆڵی دەوڵەتی وەکو هاوتای کۆنترۆڵی شورا پرۆلیتاریەکان دادەنرێت و هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ڕۆڵ و توانای سیاسی و پیشەیی شورا کرێکاریەکان نەکێشرا.
لە کتێبی دەوڵەت و شۆڕشدا، لینین هەموو ئەم ناکۆکیەی بەشێوەیەکی لێزانانە و جوان بەو جۆرە چارەسەر کرد: لێرە هەموو هاووڵاتیان، وەک کرێکارانی چەکدار، دەبنە فەرمانبەری موچەخۆری دەوڵەت. هەموو هاووڵاتیان دەبنە فەرمانبەران و کرێکارانی یەک کارتێل()ی دەوڵەتی سەراسەرری و یەکگرتوو. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەوان دەبێت بە یەکسانی کار بکەن، ڕێساکانی کارکردن ڕەچاو بکەن و بەشێوەی یەکسان کرێ وەربگرن. ژمێریاری() و کۆنترۆڵکردن لەلایەن سەرمایەدارییەوە بەشێوەیەکی لەڕادەبەدەر سادەکراوەتەوە، بەجۆرێك کورتکراوەتەوە بۆ کردەیەکی زۆر سادەی چاودێریکردن (ژماردن) و تۆمارکردن، بۆ چوار کردەی بنەڕەتی ژماردن و دەرکردنی پسوڵەی پێویست، کە هەموو کەسێکی خوێندەوار دەتوانێت سەری لیدەربکات، (بەرگی ٢١، ل ٤٤٠). کاتێک دەوڵەت و کرێکاران بووبن بە یەک شت، ئیتر ناتوانرێت هیچ ناکۆکیەك لەنێوان کۆنترۆڵی دەوڵەتی و کۆنترۆڵی کرێکاریدا لەئارادبێت. ئەمە یەکێک بوو لە باشترین نموونەکانی لێهاتوویی لەڕادەبەدەری لینین لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هەوڵدانی سەرسەختانەی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کۆتاییەی کە بەپێویستی دەزانی، لەگەڵ وەڵامدانەوەی داواکارییە دەستبەجێ و بەربڵاوەکانی جەماوەردا، کۆمەڵە داواکارییەک کە وادەردەکەوت ناکۆك بن لەگەڵ ئەو ئامانجەدا.
>>>>>کۆتایی<<<<<
hkkurdistan.org