لیۆن ترۆتسکی؛ مێژووی شۆڕشی ڕووسیا

بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم

بەشی ١٥

بەلشەفییەکان و لینین

بەشی سێهەم

ئەو بەشەی کۆمیتەی ناوەندی کە لە دەرەوەی وڵات  دەژیان لەگەڵ ئۆرگانی ناوەندی؛ “سۆسیال دیموکرات”، ناوەندی ڕۆحی حیزب بوون. لینین، لەگەڵ زینۆڤیڤدا وەکو یاریدەدەر، هەموو کارەکانی سەرکردایەتی بەڕێوەبردبوو. بەرپرسیارترین کارە ئیداریەکان لەلایەن کروپسکایای هاوسەری لینینەوە بەڕێوەدەبران. ئەم ناوەندە بچووکە لە کارە پراکتیکییەکاندا پشتی بە هاوکاری ژمارەیەکی کەمی کۆچبەری بەلشەفی بەستبوو. لەکاتی جەنگدا، پەیوەندیان لەگەڵ ڕووسیادا زۆر سەختتر دەبوو، چونکە هێزەکانی پۆلیسی هاوپەیمانان بە بەردەوامی ئەلقەی گەمارۆکەی بچوووکتر دەکردەوە!

ئەو تەقینەوەی شۆڕشگێڕانەیەی کەماوەیەکی زۆر بوو بە بێ ئۆقرە چاوەڕوانیان دەکرد،  غافڵگیری کردن. ئینگلتەرا بەتەواوی ڕەتیکردەوە ڤیزەی ڕوسیا بدات بەو ئینتەرناسیۆنالیستە کۆچبەرانەی کە لیستێکی وردی لێیان ئامادەکردبوو. لینین لەوەی کە لە زیوریخ گیری خواردبوو، زۆر تووڕە بوو وە بەدوای ڕێگایەکی دەربازبووندا دەگەڕا. لەنێوان سەد پلان کە باسیان لێوەکرا، یەکێکیان گەشتکردن بوو بە پاسپۆرتی کەسێکی سکاندیناڤیایی نابیست و گێل. لەهەمانکاتدا لینین هیچ دەرفەتێکی لەدەست نەدەدا بۆئەوەی دەنگی خۆی لە سویسراوە ببیسترێت.

لە ٦ی ئازاردا لە ڕێگەی ستۆکهۆڵمەوە تەلەگرافێکی نارد بۆ پترۆگراد: “تاکتیکی ئێمە؛ بێمتمانەیی تەواو بەحکومەتی نوێ؛ پشتیوانی نەکردنی بەهیچ جۆرێك؛ گومانکردن لە کێرنسکی بەتایبەتی؛ پڕچەککردنی پرۆلیتاریا تاکە گەرەنتیە؛ هەڵبژاردنی دەستبەجێ بۆ دۆمای پترۆگراد؛ هیچ نزیکبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.” لەم ڕێنماییەدا تەنیا پێشنیاری هەڵبژاردنی دۆما لەبری سۆڤیەت، خەسڵەتی کاتیی هەبوو و زۆری نەخایاند کە پشتگوێ خرا. خاڵەکانی دیکە کە بە تیژبینی تەلەگرافیەوە دەربڕدراون، بەتەواوی ئاراستەی گشتی ئەو سیاسەتەی کە دەبێ پەیڕەوی لێ بکرێت، دیاری دەکەن. لەهەمانکاتدا لینین دەست دەکات بە ناردنی “نامەکان لە دوورەوە” بۆ پراڤدا کە هەرچەندە پشتی بە زانیارییە کەموکورتە بیانیەکان بەستبوو، بەڵام شیکارییەکی هەمەلایەن بۆ دۆخی شۆڕشگێڕانە دەدەن بەدەستەوە.

هەواڵەکانی ناو رۆژنامەکان ئەو دەرفەتەیان پێدا کە دەستبەجێ بەو دەرەنجامە بگات کە حکومەتی کاتی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی نەک تەنها کێرێنسکی بەڵکو چێیدزە، تاڕادەیەك توانیویەتی کرێکاران فریو بدات، بەوەی شەڕی ئیمپریالیستی شەڕی بەرگرییە. لە ١٧ی ئازاردا، لینین نامەیەکی نارد بۆ هاورێکانی لە ستۆکهۆڵم کە پڕ بو ولە نیگەرانی. لە نەمەکەدا نووسی: “پارتەکەمان بۆ هەمیشە خۆی ڕیسوا دەکات، لەڕووی سیاسییەوە خۆکوژی دەکات، ئەگەر بەشداری لەو جۆرە فێڵانەدا بکات … من دەستبەجێ جیابونەوەی خۆم لەگەڵ هەر کەسیكدا، گرنگ نیە کێیە، لەحزبەکەمدا هەڵدەبژێرم کە سازش لەگەڵ  سۆشیال- نیشتمانیەکاندا دەکات…” دوای ئەم هەڕەشەیە کە بەڕواڵەت رووی لەکەسێکی دیاریکراو نەبوو– هەرچەندە لەڕاستیدا رووی لە کەسانێکی دیاریکراوبوو،  بەڵام  لینین هوشیاری دەدات: “کامێنێڤ دەبێت لەوە تێبگات کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی جیهانی لەسەرە.” لێرەدا ناوی کامێنێڤ هاتووە، چونکە مەسەلەکە پەیوەستە بە پرەنسیپە سیاسیەکانەوە. ئەگەر لینین مەبەستی پرسێکی پراکتیکی میلیتانت بوایە، ئەگەری ئەوە زیاتر بوو کە باسی ستالین بکات. بەڵام رێك لەوساتانەدا کە لینین هەوڵی دەدا ئیرادەی لێبڕاوانەی خۆی بەناو ئەوروپای گڕگرتوودا بە پترۆگراد بگەیەنێت، کامێنێڤ بە هاوکاری ستالین بەخێرایی بەرەو سۆشیال- نیشتمانی* دەڕۆیشت!

پلانی جۆراوجۆر– هەر لە خۆگۆڕینەوە، تا بەکارهێنانی ڕیشی ساختە، تا پاسپۆرتی بیانی یان ساختە– هەموویان یەک لە دوای یەک وەک شتێکی نەگونجاو خرانەلاوە. لەم نێوەندەدا بیرۆکەی گەشتکردن بە ئەڵمانیادا زیاتر و زیاتر بەرجەستە بوو. ئەم پلانە زۆرینەی کۆچبەرانی ترساند، نەک تەنها ئەوانەی کە مەیلی نیشتمانپەروەریان هەبوو. مارتۆڤ و مەنشەفیەکانی تر نەیانتوانی بڕیار بدەن ئەو هەنگاوە بوێرانەیەی لینین بنێن، بێهودە بەردەوام بوون لە کوتانی دەرگای هەوپەیمانان. دواتر تەنانەت زۆرێک لە بەلشەفییەکان لە گەشتەکەیان بە ئەڵمانیادا پەشیمان بوون، بەهۆی ئەو گرفتانەوە کە پڕوپاگەندەی دژ بە “شەمەندەفەرە داخراوەکەوە” دروستی کرد. بێگومان هەر لەسەرەتاوە لینین دەیزانی کە روبەرووی ئەو گرفتانە دەبنەوە. کروپسکایا ماوەیەکی کەم پێش ڕۆشتنیان بۆ زیوریخ نووسیویەتی: بێگومان نیشتمانیەکان لە ڕووسیا ناڕەزایی بەرز دەکەنەوە، بەڵام دەبێت بۆ ئەوە ئامادەبین. پرسیارەکە ئەوەبوو: یان لە سویسرا بمێننەوە یان بە ئەڵمانیادا گەشت بکەن. هیچ بژاردەیەکی تر نەبوو. ئایا دەکرا لینین بۆ ساتێکیش دوودڵ بوایە؟ تەنها مانگێک دواتر مارتۆڤ و ئەکسێلرۆد و ئەوانی تر ناچار بوون هەمان رێگای ئەو بگرن!

 لە ڕێکخستنی ئەم گەشتە نائاساییەدا بەناو خاکی دوژمندا لە سەردەمی جەنگدا، سیفەتە بنەڕەتییەکانی لینین وەک دەوڵەتمەدارێک خۆی نیشان دا – بوێری لە نەخشەدانان و  وریاییەکی بێوێنە لە جێبەجێکردنیدا. لەناو ئەم شۆڕشگێڕە مەزنەدا، لایەنێکی دیکە هەبوو، کە بریتی بوو لە تیژبینیەکی بێوێنە لە ووردەکاریەکاندا، وەکو ئەوەی نوسەرێکی رەسمی گرێبەستەکان بێت، لەگەڵ ئەوەدا بایەخی دەوری خۆی زۆر بەباشی دەزانی، لەو ساتەدا کە بەندەکانی رێکەوتنەکەی لەکاتێکی گونجاودا داڕشت، بە ئامانجی بەدیهێنانی گۆڕانکاری ریشەیی لەم سیستەمەدا. مەرجەکانی گەشتەکە بەناو ئەڵمانیدا، بە تیژبینیەکی نائاسایی لەم پەیماننامە نێودەوڵەتییە ناوازەیەی نێوان دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەیەکی شۆڕشگێڕ و ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیدا* *، دەستنیشان کرا. لینین داوای پارێزبەندی تەواوی دیپلۆماسی بدرێ بە شاندەکە لەکاتی گەشتەکەیاندا: واتە هیچ جۆرە چاودێریەکی  سەرنشینەکان نەکرێ و پاسپۆرت و جانتاکانیان نەپشکنرێت. هەروەها ئەو مەرجەی دانا کە نابێت هیچ کەسێک بچێتە ناو شەمەندەفەرەکەوە بە درێژایی گەشتەکە. ( لێرەوە ئەفسانەی “شەمەندەفەری داخراو” دێتە ئاراوە.) لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەکەی کۆچبەران ڕێککەوتن لەسەر داواکاری ئازادکردنی هەمان ژمارەی ئەوان لە زیندانییە مەدەنییە ئەڵمانی و نەمساوی- مەجارییەکان لە ڕووسیا.

لەهەمانکاتدا بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ چەند شۆڕشگێڕێکی بیانیدا داڕێژرا.  تێداهاتوە؛ “ئەو ئینتەرناسیۆنالیستە ڕوسییانەی کە ئێستا دەچن بۆ ڕووسیا بۆئەوەی لەوێ خزمەت بە دۆزی شۆڕش بکەن، یارمەتیدەرمان دەبن بۆ وروژاندنی پرۆلیتاریای وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا و نەمسا، دژی حکومەتەکانیان”. ئەمە لەو پرۆتۆکۆڵەدا ئاماژەی پێکرابوو کە لەلایەن لۆریۆت و گیلبۆس لە فەرەنسا، پاوڵ لیڤی لە ئەڵمانیا، پلاتن لە سویسرا و هەروەها لەلایەن نوێنەرانی چەپی سویدی و کەسانی دیکەوە واژۆکراوە. لەسەر بەنامی ئەو مەرجانە و بەو ڕێوشوێنە خۆپارێزییانەوە، لە کۆتایی مانگی ئازاردا (٣٠) کۆچبەری ڕووسی سویسرایان بەجێهێشت. بارێکی شەمەندەفەر، کە تەنانەت بەپێی پێودانگەکانی رۆژانی جەنگ لەسەر سەردەمەشدا لەهەموو بارەکانی دیکە مەترسیدارتر بوو ! لە نامەی ماڵئاوایی خۆیدا بۆ کرێکارانی سویسرا، لینین ڕاگەیاندنەکەی ئۆرگانی ناوەندی بەلشەفییەکانی لە پاییزی ساڵی ١٩١٥دا بیرهێنانەوە: “ئەگەر لەئاکامی شۆڕشەوە حکومەتێکی کۆماری لە روسیا بچێتەسەر دەسەلات کە بیەوێت درێژە بە شەڕی ئیمپریالیستی بدات، ئەوا بەلشەفییەکان دژی بەرگریکردن لە نیشتمانی کۆماری دەوەستنەوە.” ئێستا دۆخێکی لەوشێوەیە دروست بووە. “دروشمی ئێمە: نا بۆ هەرجۆرە پشتیوانییەک لە حکومەتی گوچکۆڤ-میلیۆکۆڤ.” بەو ووشانە، لینین ئێستا چووە ناو مەیدانی شۆڕشەوە.

بەڵام ئەندامانی حکومەتی کاتی هیچ زەمینەیەکی ئاگادارکردنەوەیان نەبینی. نابۆکۆڤ دەنووسێت: “لە یەکێک لە دانیشتنەکانی حکومەتی کاتی لەمانگی ئازاردا، لە کاتی پشوودا، لە گفتوگۆیەکی دورودرێژدا دەربارەی زیادبوونی پڕوپاگەندەی بەلشەفییەکان، کیرنسکی بە پێکەنینە هیسترییە ناسراوەکەیەوە هاوار دەکات: ‘تەنها چاوەڕێ بکەن، کاتێك خودی لینین دێت، ئەوکاتە شتە ڕاستەقینەکە دەست پێدەکات!” کیرێنسکی ڕاستی دەکرد، شتە ڕاستەقینەکە تەنها لەوکاتەدا دەستی پێدەکرد. هەرچەندە وەزیرەکان بەگوتەی نابۆکۆڤ زۆر نیگەران نەبوون: ” تەنها ئەو ڕاستیەی کە پەنای بۆ ئەڵمانیا بردوە، دەسەڵاتی لینین زۆر لاواز دەکات، بۆیە شتێك نیە مایەی نیگەرانیمان بێت.” هەربەوجۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا، وەزیرەکان لەڕادەبەدەر ووردبین بوون.

ژمارەیەك دۆستی نزیکی لینین چوون بۆ فینلاند بۆئەوەی چاویان بە لینین پێبکەوێت. ڕاسکۆڵنیکۆڤ، کە ئەفسەرێکی گەنجی هێزی دەریایی و بەلشەفیک بوو دەنووسێت: “هەر لەگەڵ سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین و دانیشتین، ڤلادیمێر ئیلیچ  رووی کردە کامێنێڤ و لێیپرسی: ‘ئەوە چییە کە لە پراڤدا دا دەینووسن؟ چەند ژمارەیەکیمان بینی و سەرنجی ڕاست و شیاومان بۆناردن.'” دوای دووری چەندین ساڵ کۆبوونەوەکەیان بەمشێوەیە بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەر کۆبوونەوەیەکی دۆستانە بوو.

* سۆشیال –نیشتمانی ؛ بە عەرەبی دەبێت بە الاشتراکیة الوطنیة! بە ئینگلیزی social patriotism

** Hohenzollerns دەسەڵاتی ئیپراتۆریەتی ئەڵمانیا بەو ناوە ناسراوە لەو سەردەمەدا

 

About wp_kurdistan

Check Also

ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەل سەرمایەداری بکەینەوە، نەک ئاشتی!

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارە بە سیاسەتی حزب لەسەر هەڵبژاردن ئۆکتۆبەر: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *