بەیاننامەیەک سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە
چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، سوپای داگیرکەر دەستدرێژی خۆی بۆ سەر کەرتی غەززە و هەڵمەتە سەربازییە دڕندانەکەی لە دژی دانیشتوانی مەدەنی ڕاگرت. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمشەو حەماس پلانەکەی ترەمپی قبوڵ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. ئەگەر منداڵانی غەززە شانسیان هەبێ، ئەوا دەتوانن وەکو باقی مناڵانی جیهان، دوای ٧٢٧ شەو لە ماشێنی سەربازی دڕندەی دەوڵەتی داگیرکەری تاوانباری ئیسرائیل، بخەون ، کە شەوانی مناڵانی غەززەی کردووە بە دۆزەخێکی وەسفنەکراو.
وەستانی شەڕی دڕندانە دژی کەرتی غەززە، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە جینۆساید و وێرانکاری و تاوانکاری دژ بە مرۆڤایەتی، وەک دیارییەک لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە نەهات، وەک چۆن دەیەوێ بە جیهانی بفرۆشێت. بەڵکو بەپلەی یەکەم، بەرهەمی خۆڕاگری گەلی فەلەستینە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ ئاوارەکردن و برسێتی و کوشتنی ڕۆژانە و هاوشانی ئەویش، فراوانبوونی بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەری لە سەرانسەری جیهاندا، کە دەنگی خۆیان بەسەر حکومەتە هاوبەشەکانی داگیرکاریدا بەرزکردەوە.
بزووتنەوەی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ گەلی فەلەستین- لە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە پایتەختەکانەوە، تا مانگرتنە کرێکاریەکان، تا هەڵمەتەکانی بایکۆت و رەدکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل- توخمێکی چارەنووسساز بووە لە گۆشەگیرکردنی دەوڵەتی داگیرکەری نازی بە ناوی “ئیسرائیل” و ئاشکراکردنی تێوەگلانی زۆرێک لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، بە سەرکردایەتی ئەمریکا. ئەم هاوپشتییە روولەسەرە، گوزارشت لە ئیرادە و دەنگی مرۆیی مرۆڤایەتی هاوچەرخ دەکات و ئاسۆیەکی نوێی بۆ بەستنەوەی دۆزی فەلەستین بە خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە هەموو شوێنێکی جیهان کردۆتەوە.
وەستانی جەنگ بە مانای کۆتاییهاتنی شەڕی مەیدانی نییە؛ بەڵکو وێستگەیەکی گرنگە کە متمانە بە توانای چینی کرێکار و بزووتنەوەی جەماوەری جیهانی بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەهێز دەکات. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەبەدیهاتنی ئەمانەدایە:
١- کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی میلیتاریزم لە کەرتی غەززە و کشانەوەی تەواوەتی سوپای داگیرکەر.
٢- هەڵگرتنی ئابڵوقەی تەواوەتی لەسەر کەرتی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی داگیرکاری وێران کردوە.
٣- گەیاندنی تاوانبارانی جەنگی زایۆنیستی نازی و لایەنگرانیان لە دادگا نێودەوڵەتی و جەماوەرییەکاندا.
٤- پەرەپێدانی ئەو بزووتنەوەی بایکۆتکردنەی کرێکاران و جەماوەردەستیان پێکردوە تا کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆلۆنیالیزم و ئاپارتاید.
ئێمە پێمانوایە ئەوەی بەدەست هاتووە سەرکەوتنی بزووتنەوەی هاوپشتی جیهانیە، کە نیشانی دا لە هاوپەیمانییە فەرمیەکان بەهێزترە، وە بانگەوازی ئازادی و دادپەروەری بە سەرکوت و گەمارۆ ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت.
بژی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین!
بژی خەباتی کرێکاری و نێودەوڵەتی!
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە گەلی فەلەستین
hkkurdistan.org