تۆمەت داتاشین بۆ ڕۆژنامەنووسان، بیانوویەکی حازربەدەستی دەسەڵاتە بۆ سەرکوتی ئازادی

دوێنێ سێ شەممە، ڕێکەوتی ٢٨/١٠ و لەبەر سکاڵایەکی داواکاری گشتی دهۆک، سیروان غەریب سەرنووسەری وێستگەنیوز خرایە بەردەم لێکۆڵینەوەی دادگا و دواتر بە کەفالەتی کەسی ئازاد کرا. تۆمەتی داواکاری گشتی ئەوە بوو کە ناوبراو و وێستگەنیوز لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی شەڕی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە پارتی و هەرکیەکاندا، ئاسایش و سەقامگیری کوردستانیان تێکداوە. بەپێی حوکم و مەنتیقی ئەم سکاڵایە، خودی هێنانی چەکی قورس بۆ ناو ئەو شەڕە و بۆمباران و شەڕێکی زۆر لە شوێنی ژیانی خەڵکدا تێکدان و هەڕەشە نییە بۆ ئاسایشی گشتی کۆمەڵگە بەڵام ڕووماڵکردنی میدیایی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریە!

لای ئەحزابی چەکداری خاوەن دەسەڵات، بە سەربازگەکردنی شارەکان و یەکلایی کردنەوەی هەرجۆرە ململانێیەکی سیاسی و هەتا شەخسی نێوان سەرکردە و بەرپرسەکان لەسەر پارەوپول و موڵک، تێکدان نییە. پێشلەشکری کردن و چاوساغی بۆ سوپای وڵاتانی ناوچەکە بۆ ناوکوردستان و ئاوەڵاکردنی شارەکان بۆ فڕکانفڕکانی درۆنەکانیان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان نییە. میلهێنانەوە و لولەی تفەنگ خستنەسەر سنگی مامۆستایان و شەقتێهەڵدانیان و زیندانی کردن و ڕفاندنی هەڵسوڕاوانی ناڕازی و سەپاندنی چەند ساڵ زیندانیکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان هەر لە زۆنی دەسەڵاتی ئەو دادوەرەی وێستگەنیوزی داوە بە دادگا، تێکدانی سەقامگیری نییە. لیستی تاوان و کردەوە تێکدەرەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە ژمارە نایەت، بەڵام ئەوان بۆیە ئەم تۆمەتانە ئەبەخشنەوە و ڕۆژنامەنووسانی پێ ئەدەن بە دادگا، تاکو بەمجۆرە هەر دەنگێکی ناڕازی لەبەرامبەر نادادیەک کە ئەوان سەپاندوویانە خەفە و سەرکوت بکەن. تا بەمجۆرە بچوکترین بوارێک بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەڵسوڕانی ئازادانەی جەماوەری و ناڕەزایەتی دەربڕین نەهێڵنەوە، تابەمجۆرە هەرچی بێمافییەکیشیان کرد بە سەرکوت و ترساندن خەڵکی پێ خامۆش بکەن. هەروەک لەم دواییانەدا ئەبینین هەر شتێک بە دڵی حیزبەکانی دەسەڵات نەبێ و هەر هەڵسوڕا و ڕۆژنامەنووسێک سەری بەڵێ و ئافەرین بۆ دەسەڵاتیان نەلەقێنێ، خێرا تۆمەتێکی ئامادەکراوی ناو چەکمەجەکانی دادوەرە گشتی و ناگشتیەکان بهێننە دەرەوە و یان زیندانی بکەن یان بە کەفالەت ئازادی بکەن. تابەمجۆرە پێش بە هەرجۆرە دەربڕینێکی ئازادانەی نەیارەکانیان و جەماورێکی وەدەنگهاتوو لە دژی برسیکردن و سەرکوتگەری و میلیتاریزەکردنی شارەکان، بەرتەسک بکەنەوە و قەدەغەی بکەن. هەروەک لەم ماوانەدا نمونەی لەم بابەتە زۆر بەرچاو بووە و چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر شوان عادل بەڕێوەبەری (ئێن ئاڕ تی) یان بە تۆمەتی هاوشێوە بردە بەردەم دادگا و دواتر بە کەفالەت ئازادیان کرد.

ئەم هەنگاوانەی دەسەڵات لە هەردوو زۆن ئەیگرێتە بەر ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و کاری ئازادانەی میدیاییە و ئامانج لێی زەمینەزاسکردنە بۆسەرکوتگەریی تەواوەتی دژ بە دەنگی ناڕازیانی دەسەڵات. هەربۆیە لەلایەن ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازەوە بە توندی ڕەت ئەکرێتەوە. ئەگەر ئەوان بە تۆمەتبەخشینەوە و دادگا حیزبیەکانیان چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە نیشانی ئازادیخوازان ئەدەن، ئەوا ئێمەش بە سووربوونمان لەسەر خۆکۆکردنەوە و دەنگهەڵبڕینی یەکگرتووانە و داکۆکی لە ئازادی، ڕێگە لەوان ئەگرین. پێویستە کۆمەڵگەی کوردستان جێگەی ئازادی بێت، نەک سەرکوتگەریی و داتاشینی تۆمەتی بەتاڵ بۆ ئازادیخوازی.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٩/١٠/٢٠٢٥

About wp_kurdistan

Check Also

ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەل سەرمایەداری بکەینەوە، نەک ئاشتی!

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارە بە سیاسەتی حزب لەسەر هەڵبژاردن ئۆکتۆبەر: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *