وەکو ئاگادارن هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق، بڕیارماندا بەشداری هەڵبژاردن بکەین، بەڵام بەهۆی کێشەی یاساییەوە نەماتوانی بەشداری بکەین.
بەرنامەی کاری ئێمە بۆ هەڵبژاردن ئەوەبوو کە بە پلاتفۆرمی خۆمانەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشداری بکەین، تا بتوانین وەکو چۆن بەردەوام هەوڵمانداوە شەڕ لەسەر ماف و ئازادیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و کەمدەرامەت بکەین بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی بۆرژوایی میلیشیایی لە عێراق و کوردستان، بەرگریمان لە ماف و کەرامەتی کرێکاران، ژنان و ئازادیەکانیان کردووە و بۆ یەکسانی هەمەلایەنی ژنان و پیاوان تێکۆشاوین، بەرگریمان لە خواستەکان و ئاواتەکانی لاوان کردووە، بەرگریمان لە ماف و کەسایەتی مناڵان کردووە، لە ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی و ئازادیی بیروباوەر و ویژدان کردووە، بەرگریمان لە ماف و پێناسەی هاوڵاتیبوون کردووە بەرامبەر بە پێناسەی نەتەوەیی و تائیفی و زەوتکردنی مافە جیهانداگرەکانی مرۆڤ…..، بەهەمان تەوژمەوە لەڕێگای کاندیدەکانمانەوە لە ڕەوتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشداربین و بەرنامەی خۆمان و کەسایەتیەکانی خۆمان بە جەماوەر بناسێنین و هێزی بۆ کۆبکەینەوە تا لەناو پەرلەمانیشدا بتوانین بۆ سەپاندنیان تێبکۆشین و لەمپەرێکی پتەو دژی هەوڵەکانی کاندیدەکانی ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامیەکان بوەستینەوە کە کاریان لەناو پەرلەماندا دەرچواندنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژە کرێکاری و دژە ژن و دژ بە ئازادی و مەدەنیەتە. تا بتوانین دەنگی ژنان و کرێکاران و لاوانی دڵ پڕ لەهیوا، مووچەخۆران، خانەنشینان و هاوڵاتیان بین و نوێنەرایەتی خواست و داواکاریەکانی ئەوان بکەین. هاوکات لەگەل ئەوانە لەم پرۆسەیەدا ئەو ڕاستیە بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە کە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم ڕێگایەک نییە بۆ گەیشتنی خەڵک بە دەسەڵات یان هەتا شەریک بوونی لە دەسەڵات، بەڵام دەکرێ لە پرۆسەی هەڵبژاردن و مایکرۆفۆنی پەرلەمان کەڵک وەرگرین بۆ ڕوونکردنەوەی بەرچاوی خەڵک. بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو حیزب سەرخەتی خواستە سەرەکیەکانی خۆمان، کە گەلالەی خواستەکانی خەڵکی کرێکار و بەشمەینەت و ژنان و لاوان و سەرجەم خەڵکی عێراق و کوردستان بوو، لە پلاتفۆرمێکدا ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی کە دەرفەتی بەشداری هەردوو حزبمان لە هەڵبژاردندا پێنەدرا، هەمان پلاتفۆرممان ئاڕاستەی سەرجەم قەوارە و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتیە بەشدارەکانی هەڵبژاردن کرد و ڕامانگەیاند کە هەر کەس و لایەنێك ئەو پلاتفۆرمەی ئێمە بکاتە بەرنامەی کاری خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەکرێت ئێمەش پشتیوانی لێ بکەین. ئامانجمان لەو کارەشمان ئەوەبوو کە ئەو لایەنانەی بەشدارن لە هەڵبژاردندا بخەینە بەردەم مەحەکی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی عێراقەوە کە ئایا ئامادەن بەرگری لە پلاتفۆرمێك بکەن کە خواستە سەرەکیەکانی خەڵکی لەخۆگرتوە یان نا؟ لەوبارەدا کە ئامادەییان نیشان دەدا، بەپێی پرەسنیپێکی سیاسی لەگەڵیاندا ڕێکدەکەوتین و بەرپرسیارمان دەکردن بەرامبەر بەو خاڵانەی لەناو پلاتفۆرمەکە هاتووە بەرامبەر بە پشتیوانکردن لە کاندیدەکانیان. ئەوەبوو هیچ کام لە قەوارە و لایەنەکانی بەشدار ئامادەنەبوون ئەو خواستانە قبوڵ بکەن و بیکەنە بەرنامەی خۆیان، تەنها بەڕێز ( سائیرە یوسف عەزیز، کاندیدی سەربەخۆ لەسەر لیستی کۆتا ژمارە ٣٤٢) ئامادەیی نیشاندا کە بەرگری لە پلاتفۆرمەکەی ئێمە بکات و ئەمەشی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕاگەیاند. بێگومان بەڕێز ساهیرە کاندیدی حیزبی ئێمە نییە چونکە ئێمە نەمانتوانیوە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەین. ئەو کاندیدێکی سەربەخۆیە لەسەر لیستی کۆتا و سەر بە هیچ حزبێک نییە.
ئەگەرچی ئێمە دەزانین کە شەڕی ئەم پلاتفۆرمە بە یەک کەس ناکرێت، بەڵام بوونی دەنگێکیش کە بەهەر ئاستێک بەرگری لەو خواستانەی خەڵک بکات جێگای تەقدیرە، بۆیە پشتیوانی لێ دەکەین و داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان دەکەین دەنگی پێبدەن. هیوادارین بتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت بۆ ئەندامێتی پەرلەمان و هاوکات ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین کە لەحاڵەتی سەرکەوتنیدا لە داهاتودا هاوکاری بکەین.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
٧/١١/٢٠٢٥
hkkurdistan.org