“کۆنفرانسی هەلسوڕاوان لەپێناو نان و ئازادی”

 

چاوپێکەوتنی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە (رێبوار عارف) بەرپرسی رێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕنکاریەوە لە سلێمانی بەڕێوەچوو!

ئۆکتۆبەر: لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەردا کۆنفرانسێك لەلایەن رێکخراوەکەی ئێوەوە بە بەشداری ژمارەیەك لە کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی جەماوەری بەڕێوەچوو. ئامانجی لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە چی بوو؟ بۆچی ناوی ” کۆنفرانسی هەلسوڕاوان لەپێناو نان و ئازادی”یتان لێنا؟

بەهادینی حاجی بەکر: ئامانجی کۆنفرانسەکە هەنگاوێک بوو بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغی بێدەنگی و پەڕاکەندەیی و کاتبەڕێکردنە لەڕێگەی بەهێزکردن و رێکخستنی پەیوەندی نێوان هەلسوراوان و ئەو کەسایەتیانەی کە ڕۆلی بەرچاویان هەبووە لە جەرگەی نارەزایەتیەکاندا، بەمانایەک زۆر گرنگە کە ئێمە هەلسوراوان و کەسایەتیەکانی ئەم مەیدانە بەرلەوەی کە بە کۆمەلگاو بە کەسانی دەوروبەرمان بلین یەکگرن و وەرنەوە مەیدان و ئالای خەبات و تێکۆشان بگرن بەدەستانەوە، خۆمان دەستپێشخەری بکەین و هەنگاوێکی کردەیی بنێین بۆ خولقاندنی ئەو دۆخە.

سەبارەت بە ناوی کۆنفرانسەکە لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەی واقعی ئەمرۆیە کە خەبات و تێکۆشانی خەلکی کوردستان لەم قۆناغەدا لەپێناو نان و ئازادیدایە. ئێوە سەرنج بدەن لەم بارودۆخەدا چ شتێک پەیوەندی بە بوون و نەبوونی نان و هەروەها ئازادیەوە نەبێت، بەتایبەت لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لە دوو ناوچەی قەلەمڕەوی دەسەڵاتداریەتی خۆیاندا بەردەوام ئازادییە سیاسییەکان بەرتەسك دەکەنەوەو، فشار بۆ سەر هێزە نەیارە سیاسییەکان زیاد ئەکەن و ناوشارەکان ئەکەنە مەیدانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسیەکانیان، و ژیانی کۆی کۆمەلگا نائەمن و پڕمەترسی دەکەن، بەدلنیاییەوە لەم سۆنگەیەشەوە، رێگرییەکان بۆ ناڕەزایەتییەکانی خەڵك توندتر دەکەنەوە، کردوشیانە، بۆیە دەیانجار ئەوەمان بینیوە کە خۆپیشاندەران بە فیشەك وەڵام ئەدرێنەوە، هەلسوراوان دەستگیر دەکەن ، ئاستەنگی بۆئازادیی رۆژنامەگەریی و راگەیاندن دروست دەکەن،  کاربەشوێنێک گەشتووە لەم دوایانەدا رێوشوێنی هەواڵگری بەسەر ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا ئەسەپێنن … تاد. 

ئەم سیاسەتی ترساندن و بێدەنگکردنە لەکاتێکدایە، کە دۆخێکی سەختی ئابوریی کەمەری خەڵکی کوردستانی شکاندوە، بەتایبەتی چین و توێژە کەمدەرامەتەکان ڕەنج دەکێشن لەم ئاستە لە هەژاری و نەداری و بێکاری و هاوکات دەبینین کەزۆرینەی خزمەتگوازاییە پزیشکی و پەروەردەیی و خوێندنەکان بە کەرتی تایبەت سپێرراوە، کە لە توانای خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستاندا نەماوە. خۆتان ئاگادارن کە خزمەتگوزارییەکانی تری وەکو کارەبا، ئاو و دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخێکە لە توانای بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییاندا نییە. سەرباری هەموو ئەمانەش وەک ئاگادارن کە تائێستەش مووچە، سەردێری هەواڵەکانە، ئەمە لەکاتێکدایە کە کەمیینەیەکی دەسەڵات سەروەت و سامانی ئەم ولاتەیان حەپەلوش کردوە بۆ خۆیان، بەوشێوەیە ژیانی شاهانەیان بۆخۆیان و دەستو پێوەندەکانیان دروستکردووە. کەواتە هەموو ئەمانە پێماندەلێن کە مەسەلەی نان وئازادی لەئێستەی بارودۆخی کوردستاندا جەوهەری ئەو ئەرکەیە کە پێویست دەکات لە دەوری کۆبینەوەو کاری لەسەر بکەین. بۆیە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لە سۆنگەی دەربەستبوونمان بۆ ژیان و گوزەران و ئاسایش و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان بەکردەوە لەم قۆناغەدا کار بۆ دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی نان و ئازادی دەکەین و دەشمانەوێت پێکەوە فشارێکی گشتیی جەماوەریی لەسەر هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی درووست بکەین و ناچاریان بکەین بە دابینکردنی نان و ئازادی ! 

ئۆکتۆبەر:  ئەنجامێك کە کۆنفرانس و بەشداربوان پێیگەیشتن چی بوو؟ پەیامتان  و هەنگاوەکانتان بۆ داهاتوو چیە؟

بەهادینی حاجی بەکر: بەر لە هەرشتێک دەبێت  ئەوە بلێین هەر رادەیەک لەسەرکەوتنی کارەکانی ئایندەمان و هەر رادەیەک لە داسەپاندنی داخوازیەکانمان بە بەپلەیەکی باڵاو بەرچاو بە هاودلی و هاوکاری  و کاری هاوبەشمانەوە بەستراوە، بۆیە دەبێت ئەوە بە هەند وەرگرین کە خولقاندنی ئەو دۆخەی کە بیروبۆچونەکانی خۆیان لە کەشوهەوایەکی زۆر دۆستانەو سیاسیدا بەوجۆرەی کە ئەنجام درا، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ لێکنزیکرنەوەی هەلسوراوان لە یەک و پەنابردن بۆ ڕێگەیەک کە دەتوانێت لە ئامانجەکانمان زۆر نزیکترمان بکاتەوە!

بۆیە بەم مانایە ئەو تەوەرانەی کە تاوتوێکران یەکجار گرنگ بوون بۆ کاری ئایندەمان، زۆر گرنگە خالی بەهێزو لاوازی نارەزایەتیکانی کوردستان لە رابردودا وەک خۆی بناسینەوەو بزانین چۆن مامەلە لەگەل ئایندەدا دەکەین، چۆن ئەزموونی ئەو قۆناغە دەکەینە سەرمەشقی کاری ئایندەمان، هەروەها گرنگە هەنگاو بە هەنگاو بزانین کە چۆن ئامرازو شێوازی کارمان دەگۆرین و فراوانی دەکەینەوە، لەمبارەشەوە باسێک کە بۆ جەنگکردن لەگەل ستەمگەری ئەم دەسەلاتە گەندەل و ناعەدالەتە تاوتوێ کرا کارکردنمانە لە هەندەران و بەدەستهێنانی پشتیوانەی ئەحزابی سیاسی، نەقاباتی کرێکاری و ئۆرگانە نێودەولەتیەکان و جالیە و هەلسوراوان و کەسایەتیە دیارو ناسراوەکان بوو…

لەم نێوەدا دواجار کۆنفرانس فۆکسی لەسەر دوو خال کرد، وەک جەوهەریترین ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە مەوقعیەتی ئەمرۆی نارەزایەتیەکانەوە هەیە کە دەتوانین کاریان لەسەر بکەین، ئەویش  خستنەڕووی بریارنامەیەک بوو وەک چوارچێوەیەک کەگرنگترین داخوازیەکانی ئەمرۆی شەقام بگرێتەخۆی و لە نێویشیدا تەرکیزی کاری ئەمرۆمان بە رۆشنی دیاری بکەین، تواناییەکانی خۆمان لەم قۆناغەدا بەدەوری ئەو بابەتانەدا بگیرسێنینەوە کە کێشەی جەوهەری ئەمرۆ نان و بژێوی ژیانی ڕۆژانەمانە، هاوکات ئەبدەیتکردنەوەو هێنانەمەیدانی ئەو داواکاریانەمانە کە دوو سال لەمەوبەر، پێنج مانگ شەقاممان بۆ گرت، کە مەسەلەی مووچە و مووچە پاشەکەوتکراوەکان و دامەزراندن و بردنەسەرەوەی پلەی خزمەتەکانمانە کە بۆ یەک بەیەکی ئەو داواکاریانە ئەمرۆ لە هەموو رابردو دۆخێکی سەخت و پاشەکشە پێکراوەو پێویست دەکات پێداگریان لەسەر بکەینەوە، کە دیارە ئێمە لەمبارەوە کەمپەینێکی ئەلکترۆنیمان بەڕێخستووە، کە سکالانامەیەکە تا لەرێگەی یاسایی و هێنانەسەرخەتی هەندەران و کاری هاوبەشەوە وەک هەنگاوی یەکەم دەست بەکاربین  کە دیارە بۆ ئەم مەستەش چەندین جۆری تری کارکردنمان لەدەستوور کاری خۆماندا داناوە چ لە نێو شەقامدا چ لەرووی سیاسی و دبلۆماسیەوە.  

محوەری ئەو بریارنامەیە لەراستیدا خۆی جۆرێک لە لایحەیەکی گشتگیرە بۆ لێکهەلپێکانی نارەزایەتیەکانی شەقام و ئاراستەکردنی و کردنی بە مەشغەلەی هەلسوراوان و تێفکرینی نارەزایەتیەکان بە دەوری گرنگی هەریەک لەو محوەرانەی کە لەوێدا ئاماژەمان پێکردوە.، ئەگەر هاتنەمەیدانی مامۆستایان و مووچەخۆران و بەشێک لە خەلکی نارازی بووبێت بۆ مووچە و …. وەک بەرجەستەترین مەیدانی پڕ لە شانازی کارکردنمان لە شەقامدا، ئەوا ئەم کارە خۆی بەتەنیا کافی نیەو خۆی بەتەنیا مەحالە بە ئامانجی هاوبەشمان  بگەیەنێت. بۆیە پێویستە دەروازە لەرووی هەموو مەیدانەکانی تری نارەزایەتی بکەینەو جێگەی بایەخ پێدان و کار بۆکردن و فراوانکردنەوەی بازنەی نارەزایەتیەکان و کاری ئەو بووارانەش بێت وەک جولانەوەیەکی گشتگیری سەراسەری.

 ئێوە سەرنجی خۆپیشاندانەکانی سێ سال لەمەوبەر بدەن لە شاری پێنجوێن ئەگەر لە ئاستێکی سەراسەریدا کاری بۆ بکرایەو لە هەموو شارەکانەوە پێداگریمان لەسەر زیادکردنی کارەبا بکردایە کە پێنجوێن دوای ئەو خۆپیشاندانانەی خالە سنووریەکان لەئاستی سەراسەری عێراقدا زۆرترین رێژەی کارەبای هەیە لە شەورۆژێدا. سەرنجی مانگرتنەکەی دوو سال لەمەوبەری شاری کفری بدەن کە بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریەکان بوو کە زۆربەی داواکاریەکانیان دەستەبەرکرا، یان رێگرتنەکەی خەلەکان و شارۆچکەو لادێکانی دەوروبەری کە دواجار جیاواز لە قیرتاوکردنی جادەوبانەکانی ئەم ناوچەیە، هاوکات کارەبای کردە دوو ئەوەندی رابردوو کە لە شەورۆژیکدا ١٣ سەعاتە.

ئەوەی لەم کۆنفراسەدا  ئەنجاممان دا بایەخدان بوو بەم ئاراستەیەو سەرنجراکێشانی کۆی ئەو هەلسوراوانە بوو کە لە شارو ناوچە  جیاجیاکانەوە هاتبوون و بەشداریان کردبوو، کە لەنێوشیاندا هەلوێستەیەکمان لەسەر فەوری بوون و جیێگیربوونی مووچە کردەوە. هاوکات هەلوێستێکمان دژ بە سەرکوتگەری و ستەمگەری پارتی و یەکیەتی دەربری دژ بە ماف و ئازادیەکانی خەلکی کورستان.  دیارە لە پرۆسەی بەرەوپێشچوونی ئەم کارە هاوبەشانەدا نەخشەو پلانی بنیادنان و بەرەوپێش بردنی  کارەکانمان هەیە!

 

About wp_kurdistan

Check Also

پێویستە دەستبەجێ پەلامار و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی خەڵکی کورد لە سوریا ڕابگیرێ

 هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئەلشەرع لە دوێنێوە، بە پشتیوانی سەربازی تورکیا و بە پشتیوانی ئەمریکا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *