لە بەرئەنجامی شەپۆلێکی فراوانی بارانبارین، بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی لافاو بووەوە و بەهۆیەوە زەرەروزیانی گیانی و ماڵی لێکەوتەوە و هاوڵاتیانی خستۆتە تەنگانەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ، وێڕای گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانێک بەهۆی لافاو و شۆرتی کارەباوە، هاوکات دەیان ئۆتۆمبیل و چەندین گەڕەک و دوکان و بازاڕ ژێرئاو کەوتوون و چەندین کۆگای خۆراک و حەوزی ماسی و پڕۆژەی ئابوری و… بەهۆی لافاوەکەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. بەتایبەتیش دانیشتوانی شارۆچکەی چەمچەماڵ و کەلار لە چەقی کارەساتی ئەم لافاوەدا، ماڵوێران و سەرگەردان ماونەتەوە.
بەڵام ئەوە یەکەم جار نییە کە خەڵکی کوردستان، بەهۆی بێدەربەستی دەسەڵات و حکومەتە گەندەڵەکەی پارتی و یەکێتییەوە، ڕووبەڕووی کارەسات و ماڵوێرانی دەبنەوە، بەلکو هەموو ساڵێک لەگەڵ وەرزی بارانباریندا، بەهۆی پوچەڵی سیستەمی خزمەتگوزاری و ڕۆڵی گەندەڵی شارەوانیەکان و ئەو نابەرپرسیارێتیەوە کە دامودەزگاکانی حکومەت بەرامبەر بەژیانی خەڵکی کوردستان گرتویانەتەبەر، ژیان و چارەنوسی خەڵکی لەنێو کارەساتی ماڵوێرانکەردا داناوە. ئەم ساڵیش لەکاتێکدا کارەساتی لافاو یەخەی خەڵکی شارەکانی کوردستانی گرتووە کە ناوەندەکانی کەشناسی بەر لەچەند هەفتە هوشداریانداوە و ڕایانگەیاندووە کە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری لافاو هەیە. بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد، تاکو بەداخەوە لافاو قوربانیەکانی خۆی لە ژیان و ماڵوحاڵ و سەرچاوەکانی بژێوی خێزانەکان بسەنێت.
بێگومان لافاو ڕوداوێکی سروشتیە، بەڵام بۆ حکومەت و سیستەمێک، لە کەمترین ئاستی خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا، دەیتوانی لەڕێگای سیاسەتی پێشگیرانە و بەرنامەیەکی پێشوەختەوە و دروستکردنی ئاوەڕۆی پێویست لەناو شارەکاندا، دروستکردنی بەنداو لەو جێگایانەی مەترسی دروستبوونی لافاویان هەیە، بە باشکردنی رێگاوبان و پردەکان و ئامادەباشی پێشوەختە و دابینکردنی خزمەتگوزاری فریاکەوتن و دەیان هەنگاوی ترەوە زەرەروزیانی ڕووداوە سروشتیەکان لە سفر نزیک بکاتەوە. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، لەسایەی دەسەڵاتدارێتی دوو حیزبی بۆرژوازیدا، کە دەستیان لە قوڕگی خەڵکی هەژار گیرکردووە و ژیانی هاوڵاتیانیان بە بازاڕی کۆمپانیاکان و ڕەوتی کوێرانەی فراوان بوونەوەی شارەکان سپاردووە، بەڕادەیەکە کە بچوکترین ڕوداوی سروشتی، کارەساتی گەورەی بۆ خەڵک بەدواوە بێت.
لەوەش واوەتر، ڕووی دزێوی ئەم دەسەڵاتە کاتێک ئاشکراتر دەبێت کە ڕووداوەکان دەقەومێن و لەپشت پەردەی “ڕێکخراوی خێرخوازی” و”داوای بەهاناوە چونی سەرمایەداران و دەوڵەمەندانەوە” ڕۆڵی نابەرپرسیارانەیان دەشارنەوە و ئامادەنین ڕاشکاوانە قەرەبوی قوربانیان و لێقەوماوان بگرنە ئەستۆ. هەموو ئەم ڕاستیانەش ئەوە دەسەلمێنێ کە هۆکاری سەرەکی کارەساتی لافاوەکەی ئەمساڵ، سروشت نییە، بەڵکو حکومەت و ئەو سیستەمەیە کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران، ئەو دۆخەیان لەدژی ژیان و بژیوی خەڵک داسەپاندووە. بەم پێیەش هەمو ئەو زەرەروزیان و قوربانی و ماڵوێرانیەی ڕووبەڕووی خەڵکی چەمچەماڵ و کەلار و باقی شارەکانی تری کوردستان بۆتەوە، لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و هەردوو حیزبی دسەڵاتداردایە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە دەسەڵاتداران بە بەرپرسیاری ئەوەڵ و ئاخری هەموو ئەو کارەسات و زەرەروزیان و قوربانیە دەزانێ کە لە لافاوەکەی ئەمجارەدا ڕووبەڕووی خەڵکی شارەکانی کوردستان بۆتەوە، هاوکات هەوڵ و خەباتی گروپەکانی بەهاناوەچوون و خەڵکانی فریاگوزار بەرزدەنرخێنێ و داواش لە خەڵکی ناڕازی و ئینساندۆستی کوردستان دەکات کە دەستی هاوکاری و کۆمەککردن بۆ لێقەوماوان درێژبکەن و ڕێگەنەدەن لەم میحنەتەدا دەسەڵاتداران یاری بە هەست و شعوری خەڵکەوە بکەن لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا. ئەمەش مەیدانێکی ترە کە پێویستە جەماوەری ناڕازی کوردستان یەکگرتوانە بەڕووی دەسەڵاتداراندا ڕابوەستنەوە و پەنجەی بەرپرسیارێتی ئەم کارەساتەیان بۆ درێژ بکەن و خواستی قەرەبوی زیانەکان و ئاساییکردنەوەی ژیان و بژێوییان بەسەردا بسەپێنن.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٠ی کانونی دووەم/ ٢٠٢٥
hkkurdistan.org