((لەکام مەیدان و کارەساتی دڵتەزێنا ئێوە فریای خەڵک کەوتوون))

عوسمان محمد
ئەوە (٣٤)ساڵە خەڵکی کوردستان بەدەست سیاسەت و کارکردنی ئێوەوە ئەناڵێنێ لە دەیان لاوە خەڵکتان بێبەش کردوە لە دەستکەوتەکان، خەڵک نازانێ فریای چیبکەوێ، کارەبا ،ئاو ،بێکاری لەڕادەبەدەر گرانی ڕۆژانەی شتەکان و پێداویستیەکان، شەڕ و کوشتاری ڕۆڵەکانی خەڵک بەندیخانەکانتان پڕە لەخەڵکی بێتاوان تەنانەت دیلەکانی شەڕی ناوخۆتان هەتا ئەم چرکە ساتە کە ئەکاتە سی ساڵ هەر بە بەندکراوی ماونەتەوە بەبێ دادگای کردن.
هەرچی خۆراک و جگەرەو مەشروب و داودەرمان هەیە زۆربەی مێژووەکەی بەسەرچووە،بۆیە خەڵکی کوردستان تووشی دەیان نەخۆشی بوونە،تەنانەت دەستان بەسەر نەخۆشخانەکانیشا گرتووە لەهەر شارێکا دەیان نەخۆشخانەی تایبەت کراوەتەوە یان هی یەکێتی و پارتیە یان هی کادر و عەناسرەکانی ئەوانە ئەم نەخۆشخانانە تێچووەکەی ئەوەندە زۆرە کەلەسەدا هەشتای خەڵک ناتوانن دابینی بکەن،بەناچاری نەخۆش ئەبێ بمرێ.
لەماوەی ئەم سی و چوار ساڵەدا نامانبینی لەو کارەساتانەی کەبەسەر خەڵکدا دێن نەتوانیوتانە فریای خەڵک بکەون و نەتوانیوتانە قەرەبووی زەرەروو زیانەکانیان بۆ بکەنەوە باشترین بڕیاری ئێوە بووە کە لیژنە دروست بکەن بۆ تاوتوێی زەرەرو زیانەکان،لیژنەش چەن ساڵێکی خایاندوەو بەبێ بڕیار کۆتایی بە مەسەلەکە هاتووە،هەر بۆیە ئێستا خەڵکی کوردستان کە دۆسێیەک ئەدرێ بە لیژنە ئیتر ئەزانن ئەوە پشتگوێ ئەخرێ.
لە چی شوێنێکی کارەسات باردا ئێوە توانیوتانە بە کەڵکی خەڵک بێن،لەماوەی سی و چوارساڵی تەمەنی دەسەڵاتتان کەس لەکوردستان گەواهی ئەوە نادات کە ئێوە هاوخەمی خەڵک بووبن لەو کارەساتانەی کەبەسەریاندا هاتووە،بە مەرجێ چی وەک حیزب چی وەک تاکە کەسی سەرەوەتان خاوەنی ملیۆن و ملیار دۆلارن لەکەم وڵاتی گەورە هەیە کە خاوەنی چەندەها شوقەو ڤێلای سەیر و سەمەرە نەبن،بەڵام نەماندی ڕۆژێ نەوەک حیزب و نەوەک دەستەی باڵای حیزبەکانتان بەدەنگی خەڵکەوە بچن.
ئەم کارەساتەی کەبەسەر خەڵکی چەمچەماڵا هاتووە،تەنها چەن ملیۆن دۆلارێکی ئەوێ لەزۆر شارو شارۆچکەی کوردستانەوە هاوکاری و کۆمەک گەیەنراوەتە چەمچەماڵ بەشێک لە سەرمایەدارەکان کۆمەکی باشیان کردووە بەڵام ئێوە وەک یەکێتی وپارتی تاک تاکی سەرانی ئێوە یەک دۆلارتان نەداوە ئێوە سوێندتان خواردووە کە یەک دۆڵار لەگیرفانتان نەبەنە دەرەوە ئێوە وەک قەوانی جارانن، بەڵام بەپێچەوانەوە قەوان گۆرانی ئەوت بەڵام هیچ دەنگێکی وەرنئەگرت بەڵام ئێوە ڕاهاتوون لە وەرگرتن نابێ یەک دۆلار بدەن ئێوە وەکو مەلاکانتان لێهاتووە لەکاتی خنکانیشا دەستدرێژ ناکەن بۆ خەڵک ئەبێ خەڵک دەست درێژ بکات بۆ ڕزگار کردنتان.
بەڵام هەر مەسەلەیەک کە درێژە بە دەسەڵاتتان بدات ئامادەن ملیارەها دۆلاری بۆ خەرج بکەن ئەگەر چاو لەو کۆنگرانە بکەن کە بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە سازی ئەکەن هیچیان لە پەنجا ملیۆن دۆلار کەمتر خەرج ناکەن بەڵام بۆ خەڵک ئامادە نین چارەکی ئەو کۆنگرانە خەرج بکەن بۆی.
ئەوە کۆمپانیای داناغازە کە هاوسێی چەمچەماڵە ئەگەر بەرهەمی تەنها یەک ڕۆژ ئەتوانێ نەک قەرەبووی زیانلێکەتووانی لافاوەکە بکاتەوە ئەتوانێ خانوو بۆ بێلانەکانیش دروست بکات،هەر لەو چەمچەماڵە بێ ئاوی تەنگی بەخەڵکی هەڵچنیووە چەندین خێزان ئەو شارۆچکەیەیان بەجێهێشتووە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە خەڵکی چەمچەماڵ بەدەست بێ ئاوییەوە ئەناڵێنن تا ئێستا نیانتوانیووە چارەسەری بکەن ئێوە لەکاتی کارەساتە سروشتیەکانیشا ئەتانەوێ دەستکەوتی ماددی بۆخۆتان کۆبکەنەوە ئەگەر بەوشێوەیەی ئێستا کۆمەڵگا ئیدارە ئەدەن ئەوا ئەبنە دەسەڵاتی بێ وێنە لەجیهاندا.
تەنها ئەوشتەی کە دڵخۆشکەرە لەم کارەساتە ئەوە بەهاناوە چوونی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەم کارەساتە دڵتەزێنە،ئێستا خەڵک جێگای دەسەڵاتی گرتۆتەوە لەهەموو شاروشارۆچکەیەک بە ئەشکالی جۆراوجۆر کۆمەک بۆ لێقەوماوان کۆئەکرێتەوە ئەمە جۆرێک لە ڕێکخراوبوونە کە خەڵک دەستی بۆ بردووە بەڵام ئەبێ ڕابەران لەهەوڵی ئەوەدابن کە پەیوەستبن بە ڕێکخراوی جەماوەری سەرتاسەرییەوە، ئەمە ئەتوانێ هەم بەر بەدەسەڵاتی بۆگەن بگرێ کەلەوە زیاتر هێرش بۆخەڵک بێنێ لەولاشەوە چارەسەری کێشەکانی خەڵک بکات،ئەمە تاکە تروسکاییە کە خەڵک ڕزگاری بێ لەم دەردوو مەینەتییانە.

About wp_kurdistan

Check Also

پێویستە دەستبەجێ پەلامار و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی خەڵکی کورد لە سوریا ڕابگیرێ

 هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئەلشەرع لە دوێنێوە، بە پشتیوانی سەربازی تورکیا و بە پشتیوانی ئەمریکا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *