لیۆن ترۆتسکی؛ مێژووی شۆڕشی ڕووسیا

بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم

بەشی ١٥

بەلشەفییەکان و لینین

بەشی هەشتەم و کۆتایی

سوخانۆڤ دەگێڕێتەوە: “لە کۆنفرانسە هاوبەشەکەدا، لینین هۆکاری سەرەکی بوو بۆ جیابوونەوە … بیرمە بۆگدانۆڤ (مەنشەفیەکی بەناوبانگ) دوو هەنگاو دوور لە تریبونی وتاردانەوە دانیشتبوو. قسەکانی بە لینین بڕی و ووتی:” ئەمە قسەی بێمانایە، ئەمە شێتیە.. دەبێ شەرم بکەن کاتێك چەپڵە بۆ ئەم قسە بێمانیانە لێدەدەن!'” و پاشان روویکردە ئامادەبووان و بە روخسارێكی پەڕیوەوە لە توڕەیی و سوکایەتی:”ئێوە خۆتان ڕیسوا دەکەن، مارکسییەکان!’”

ئەندامێکی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی بەلشەفییەکان، گۆڵدنبێرگ، کە ئەوکات کەسێكی ناحیزبی بوو، تێزەکانی لینینی بەم ووشە گاڵتەجاڕیانە هەڵسەنگاند: “ساڵانێکی زۆرە شوێنی باکونین لە شۆڕشی ڕووسیادا بە بەتاڵی ماوەتەوە، ئێستا لەلایەن لینینەوە پڕکرایەوە”.

“بەرنامەکەی لەوکاتەدا ئەوەندە بەتووڕەییەوە پێشوازی لێنەکرا ئەوەندەی بە گاڵتەجاڕیەوە پێشوازی لێکرا.” زەنزینۆڤی سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان دەگێڕێتەوە: “بۆ هەمووان یەجگار بێمانا و خەیاڵی دەهاتەبەرچاو.”

ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە راڕەوەکانی کۆمیسیۆنی پەیوەندیدا دوو سۆسیالیست لەگەڵ میلیۆکۆڤ قسەیان دەکرد و گفتوگۆکەیان چووە سەر لینین. سکۆبێلێڤ بەوجۆرە پێناسەی کرد: “کەسێك کە بە تەواوی کۆتایی پێهاتوە، لەناو بزووتنەوەکەدا تەریك کەوتۆتەوە”. سوخانۆڤیش هەمان بیرکردنەوە بوو، بگرە لەوە زیاتریش: “لینین تا ئەو ڕادەیە لای هەیچ کەس قبوڵکراو نیە کە تەنانەت هیچ مەترسیەکی بۆسەر هاورێکەم میلیۆکۆڤ نیە لێرەش.”

بەڵام دابەشکردنی ڕۆڵەکان لەم گفتوگۆیەدا رێك بەپێی داڕشتنەکەی لینین بوو: سۆسیالیستەکان پارێزەری ئارامی دەروونی  ئەو لیبڕاڵە بوون بەرامبەر بەو کێشەیەی کە ڕەنگە بەلشەفیزم بۆی دروست بکات.

تەنانەت دەنگۆی ئەوە گەیشتە گوێی باڵیۆزی بەریتانیا کە لینین بە مارکسیستێکی خراپ ناسێنراوە. بوکانان نووسیویەتی: “لەنێو ئەو ئەنارکیستانەی تازە هاتبوون، لینین بوو، کە بە شەمەندەفەرێکی داخراو لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە، وە بۆ یەکەمجار لە کۆبوونەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتدا بەئاشکرا دەرکەوت و پێشوازییەکی خراپی لێکرا”.

کیرنسکی، لەهەموو کەس زیاتر بە خۆبەزالزانیەوە مامەلەی لەگەڵ لینیندا کرد لەوکاتەدا، بەوەی کە لە بەردەم ئەندامانی حکومەتی کاتیدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕایگەیاند کە دەبێت بچێتە لای لینین، و لە وەڵامی پرسیارە حەپەساوەکانیاندا ووتی: “ ئەو لە کەشێکی تەواو گۆشەگیردا دەژی، هیچ نازانێت، هەموو شتێک لە چاویلکە توندڕەویەکەیەوە دەبینێت. هیچ کەسێکی لەدەور نیە یارمەرتی بدات بۆ تێگەیشتن لەوەی ڕوودەدات”. بەمشێوەیە نابۆکۆڤ شایەتی دەدات. بەڵام کیرێنسکی هەرگیز ئەو کاتەی دەست نەکەوت کە لینین لەوەی دەگوزەرێت ئاگاداربکاتەوە.

تێزەکانی مانگی نیسانی لینین نەک هەر تووڕەیی نەیاران و دوژمنەکانی وروژاند، بەڵکو ژمارەیەک لە بەلشەفیە دێرینەکانیشی دوورخستەوە بۆ ناو کەمپی مەنشەفیەکان – یان بۆناو ئەو گروپە نێوەندگیرەی کە لە دەوری بڵاوکراوەکەی گۆرکی پەناگەیەکیان بۆخۆیان دۆزیەوە. ئەم دزەکردنە هیچ گرنگییەکی سیاسی جددی نەبوو، بەڵکو ئەو کاریگەریەی هەڵویستەکەی لینین لەسەر ڕابەرایەتی حزب بەگشتی داینا، گرنگیەکی گەورەی هەبوو. سوخانۆڤ دەنووسێت: “لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای گەیشتنیدا، هیچ گومانێك نەبوو لەگۆشەگیری تەواوی  لەگەڵ هاورێ هوشیارەکانیدا”. زەنزینۆڤی سۆشیالیستی شۆڕشگێر پشتڕاستی دەکاتەوە: “تەنانەت هاوڕێکانی حیزبەکەی، بەلشەفیکەکان، لەوکاتەدا بە شەرمەزارییەوە لێی دوورکەوتنەوە.” نووسەرانی ئەم تێبینیانە هەموو ڕۆژێک لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریدا چاویان بە ڕابەرەکانی بەلشەفیەکان دەکەوت و بەڵگەی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەسەر ئەو قسانەی کە دەیانگوت.

بەڵام لە ڕیزەکانی بەلشەفییەکانیشەوە کەم نەبوون ئەو شایەتیانەی کە هاوشێوەی ئەمانە بوون. تسیخۆن، بەپێی توانا دەربڕینەکەی ناسک دەکاتەوە، هەروەکو زۆربەی بەلشەفیە دێرینەکان دەیکەن کاتێك باسی شۆڕشی شوبات دەکەن و دەڵێت: “کاتێک تێزەکانی لینین خرانەڕوو، لە حزبدا هەستمان بە جۆرە دوودڵیەك کرد. زۆرێک لە هاورێانمان دەیانگوت لینین تووشی لادانێکی سەندیکالیستی بووە، دوور بوە لە روسیا، ئەم دۆخی ئێستای ڕەچاونەکردوە.” یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بەلشەفییەکان لە ئاستی ناوچەکاندا، لێبێدێڤ، دەنووسێت: “لەکاتی هاتنەوەی لینین بۆ ڕووسیا، بەشێوەیەکی هەنگابەهەنگاو ئاژیتاسیۆنەکانیمان قبوڵکرد. لەسەرەتادا بەتەواوی بۆ ئێمەی بەلشەفیەکان تێگیەشتنی سەخت بوو، تەنانەت وەکو یۆتۆپیا سەیر دەکرا و ئەوەشمان بەوە لێدەدایەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ژیانی ڕووسیا دوورکەوتۆتەوە. هەنگاو بەهەنگاو لەلایەن ئێمەوە قبوڵکراو وەکو دەوترێ ، چووە ناو گۆشت و خوێنمانەوە”.

زالێژسکی، ئەندامی کۆمیتەی پترۆگراد و یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشوازیکردن لە لینین، ڕاشکاوانەتر دەدوێت و دەڵێت: “تێزەکانی لینین وەکو تەقینەوەی بۆمبێک وابوو لەناوماندا.” زالێژسکی بەتەواوی گۆشەگیری تەواوەتی لینین پشتڕاست دەکاتەوە دوای ئەو پێشوازییە گەرم و سەرنجڕاکێشە: “لەو ڕۆژەدا (٤ی نیسان) هاوڕێ لینین نەیتوانی هاوسۆزێکی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە تەنانەت لە ڕیزەکانی خۆماندا.”

بەڵام گرنگتر لەهەموو ئەوانە، ئەوەی کە لە بڵاوکراوەی “پراڤدا” دا بڵاوکراوەتەوە. لە ٨ی نیساندا، دوای بڵاوبوونەوەی تێزەکان – لەکاتێکدا ماوەیەکی گونجاو تێپەڕیبوو بۆ پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش – دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی پراڤدا نووسیویانە: “سەبارەت بە پلانە گشتیەکەی هاوڕێ لینین، بەلای ئێمەوە قبوڵ نەکراوە، چونکە لە گریمانەیەکەوە دەست پێدەکات کە شۆڕشی بۆرژوازی-دیموکراسی کۆتاییهاتووە، وە پشتی بەوە بەستوە کە ئەم شۆڕشە دەستبەجێ بگۆڕێت بۆ شۆڕشێکی سۆسیالیستی”. بەمشێوەیە ئۆرگانی ناوەندی حیزب بەئاشکرا لە بەردەم چینی کرێکار و دوژمنەکانیدا جیابوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەی گشتی دانپێدانراوی حیزبدا ڕاگەیاند لەسەر ئەو پرسیارە ناوەندییەی شۆڕش کە ڕیزەکانی بەلشەفییەکان ساڵانێکی دوورودرێژ خۆیان بۆ ئامادەدەکرد. ئەمە بەتەنیا خۆی بەس بوو بۆ دەرخستنی قوڵیی قەیرانی نیسانی ناو حزب، لەئاکامی پێکدادانی دوو هێڵی فکری و پراتیکیەوە کە میانجیگەری نەدەکرا لەنێوانیاندا. وەشۆڕش نەیدەتوانی بەرەوپیشەوە بچیت تەنها ئەوکاتە نەبێ کە ئەم قەیرانەی تێپەڕاند.

 

About wp_kurdistan

Check Also

روداوەکانی کوردستانی سوریا و پرسی کورد!

موحسین کەریم روداوەکانی رۆژەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو لەنێوان حکومەتی ئیسلامی- داعشی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *