ناڕەزایەتی و وەستانەوەی جەماوەری پێشکەوتنخواز و لایەنگرانی مافەکانی ژنان بەرامبەر سوکایەتیکردن بە ژنان، لەلایەن مەلاو لایەنە ئیسلامیەکانەوە، ئاماژەیەکی بەهێزە بەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان، سەرباری موجامەلەی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری بۆرژوا-ناسیۆنالیستی یەکێتی و پارتی بۆیان و تەرخانکردنی میدیاکانیان بۆ پەخشکردنەوەی قێزەونترین بۆچوون و ڕوانگەی دژە دژن، ئەو ناڕەزایەتیانە ئامادەن ڕووبەڕووی ئەو هێرشە کۆنەپەرستانەیە ڕاوەستن کە مەلا و بانگخوازە ئیسلامیەکان و ڕەوتە ئیسلامیەکان دژی ژنان بەڕێیان خستووە.
مەلا مەزهەر وەکو یەكێك لە ڕەمزە هەرە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان لە دژی ژنان، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پێوانەیەکی ئینسانی، ناوبەناو بە پشت بەستن بە دەقە ئایینیەکانی ئیسلام، سوکایەتی بە ژنانی کوردستان دەکات. لەم چەند ڕۆژەشدا لە کاتێکدا سوکایەتی بە ژنانی کوردستان کرد، کە میلیشیاکانی ئەحمەد شەرعی سەر بەداعش، ژنانی جەنگاوەر لە حەلەب بەشێوەیەکی دڕندانە ئازار دەدەن دەیانکوژن و ئیهانە بە لاشەکانیان دەکەن. مەلا مەزهەر بەجۆرێک ئەو سوکایەتیەی ڕاگەیاند، کە خەبات و جەنگاوەری کاری ژنان نییە، واتە داعشە دەسەڵاتدارەکانی سوریا حەقیانە دەیانکوژن و و ئیهانەیان پێدەکەن.
لەلایەکی ترەوە، ئەو سوکایەتیەی بەجۆرێك ڕاگەیاند کە دەڵێ ژنان تەنها دەبێ لە ماڵەوە دابنیشن و خزمەتکاری پیاوان بن، هەرکارێکی دەرەوەی خێزان بۆ ژنان نەشیاو و قەدەغەیە! ئەمە لەکاتێکدایە لە بری ئەوەی میلیشیا دڕندەکانی ئەحمەد شەرع تاوانبار بکات، کوشتنی ژنان فەرمی دەکاتەوە و دەبێتە بەشێک لە هاندان بۆ کوشتنی ژنان، کە بەپێی یاسا هەمان ڕۆڵی تاوانباری بکوژان دەبینێت.
هەزاران ژن و کچ لە کوردستاندا ئێستا جگە لەوەی لەناو فەرمانگەکان و کۆمپانیاکان و خوێندنگاکان و ناوەندەکانی دیکەی کاردا سەرقاڵی کارکردنن و بگرە بەشێوەیەکی چالاک و بەکارامەیی جێگا دەستیان دیارە. لە هەمان کاتدا دەورێکی سەرەکی و رابەری دەبینین لە ڕیزی نارەزایەتیە جەماوەریەکان بە دژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆ خواستەکانی مامۆستایان و کارمەندان و کرێکاران و خانەنشینان، بەڵام لە دید و هۆشی مەلا مەزهەر و دینەکەیدا ئەمە تاوانە و حەرامە و نابێ ڕێگای پێبدرێت.
خۆشبەختانە بەکردەوە ژنانی کوردستان ئەو دەقە دینیەیان تێپەڕاندوە کە مەلا مەزهەر و باقی کۆنەپەرستانی ئیسلامی بانگەشەی بۆدەکەن، بەوەی کە دەبێ ژنان لە ماڵەوە دابنیشن. کۆمەڵگای مۆدێرنی کوردستان دەمێکە ناکۆکی و دژایەتی خۆی بۆ حوکمی تاڵیبان و ئیسلامی سیاسی و هاوڕێبازەکانی مەلا و بانگخوازەکانی لە چەشنی مەزهەر بەئاشکرا ڕاگەیاندووە.
مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانی کە پشت بە کۆمەڵێك دەقی سەردەمی بیابان نشینی سەدان ساڵ لەمەوبەر دەبەستن، دەیانەوێ کۆمەڵگای هاوچەرخی کوردستان بەوجۆرە بەڕێوەبچێت و ژنان لە کونجی ماڵەکانیان زیندانی بکرێن، تەنها بەڵگەی نامۆوبوونی ئەوان و بیروباوەڕەکەیانە و دژایەتیە لەگەڵ مافەکانی ژنان و ڕەوتی ڕوولەپێشی کۆمەڵگا. ڕێگرتن لە پێشڕەوی کۆمەڵگا و ڕزگاری بەشەریەت لە نایەکسانی و ناعەدلەتی بە ئاڕاستەی دابینبوونی مافەکانی ژنان و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان بەتایبەتی و بەزۆر پێشگرتن بە گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە ئاقاری دامەزراندنی بەها و پێوانە ئینسانیەکان و دەسەڵاتێکی سیاسی کە بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و زەحمەتكێش مەسەلەی سەرەکیی بێت، نەك دەسەڵاتی میلیشیایی تاڵانچی کوردایەتی و بۆرژوازی کورد و باڵادەستی ئیسلامی سیاسی، یەکێکە لەو خزمەتە بەلاشەی کە ئەم بانگخواز و ڕەوتە ئیسلامیانە بە دەسەڵاتی میلیشیایی دەکەن و بەرامبەر بەم خزمەتە لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە ئیمتیازاتیان پێدەدرێت و مایکرۆفۆنی تەلەفزیۆن و سەتەلایتەکانیان دەخەنە بەردەمیان و بگرە هاوکاری و پشتیوانییان لێدەکرێ بەوەی کە کەناڵی میدیایی خۆیان دابمەزرێنن و هاوکاتیش لەڕووی یاسایەوە پاریزبەندیان بۆ مسۆگەر بکەن!
شەڕی خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردایەتیەدا، بەبێ بەرگری لێبڕاوانە لە کەسایەتی و مافەکانی ژنان و بەبێ وەستانەوەی بێ ئەملاولا دژی کۆنەپەرستی ئیسلامی، ئەگەری سەرکەوتنی مسۆگەر نییە. لێدان لە کەسایەتی و تەنگەبەرکردنەوەی مافەکانی ژنان بەشێكە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دژ بە چینی کرێکاری کوردستان. کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی چینی کرێکار لە کوردستان دەبێت لە پێشەوەی جەنگ بۆ پارێزگاری لە ژنان و کەسایەتی و مافەکانیان ڕابوەستن.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پشتیوانی بێدرێغی خۆمان بۆ ئەو کەمپینە ڕادەگەیەنین کە لەلایەن کۆمەڵێك هەڵسوڕاو و چالاکوانی بەرگریکار لە مافەکانی ژنان دژ بە سوکایەتیکردنی مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانی لەدژی ژنان بەڕێکەوتووە.
بژی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥ی کانونی دووەم/ جەنیوەری ٢٠٢٦
hkkurdistan.org