هەشتی مارس رەمزی خەباتە بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان!

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارسەوە

سیستمی سەرمایەداری، نەك ستەم و نایەکسانی دژ بە ژنان لەنێونەبردووە، بەڵکو بە قێزەونترین شێوە هێشتویەتیەوە و پارێزگاری لێدەکات. هێشتنەوەی ستەم و بێمافکردنی ژنان یەکێكە لە کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی پایەکانی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و سیستمەکەی لەئاستی دنیادا. جیاکاری و بەرتەسکردنەوەی دەرفەتی کارکردن بۆ ژنان، کرێێ کەمتر لە پیاوان بۆ هەمان جۆری کار، کەمکردنەوەی خزمەتگوازریەکان و ئاسانکاریەکان بۆ ژنان لە شوێنی کاردا، هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی بە ژنان لە شوێنی کاردا، تا دەگاتە بەڕێخستنی تۆڕی بازرگانی و پیشەسازی سێکسی ژنان و .. تاد. سیمای کۆمەڵگا سەرمایەداریەکانە بەوانەشیانەوە کە بانگەشەی ئازادی و مافەکانی ژنان دەکەن. ڕووداوی ناسراو بە کەیسی ئەبستین، قوڵایی بۆگەنبوون و داڕزانی بەها کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکانی بۆرژوازی دەخاتەڕوو، کە سەرکردە و  بەرپرسانی پلە یەکی دەوڵەتانی ڕۆژاوا و کەسایەتیەکانی بۆرژوازی لە ملیاردێر و ملیۆنەرەکان و….لەم کەیسەوە تێوەگلاون و ژنان و کچانیان بە ناو و بیانوی جۆرواجۆرەوە ڕاوکردوە، کە تەنانەت کچانی ١١ ساڵی تێدایە و ئارەزوە سێکسیەکانی خۆیانیان تێدا خاڵیکردۆتەوە! ئەم ڕوداوە ڕادەی دڕندەیی و تاوانباریی سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی، لەو مەڵبەندەیدا کە تەنانەت بەشێك لە شانازیەکانی بەڕەسمی ناسینی مافەکانی ژنان و ئازادیەکانیان بوو، بە ڕۆشنترین شێوە نمایش دەکات!

ئەم دۆخە لە وڵاتانێکێ دیکەدا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە بە وڵاتانی ئیسلامی ناوزەد دەکرێن و یاسا و نەریتە ئیسلامیەکان بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و یاسایدا زاڵکراوە، زۆر خراپتر و کارەساتبارترە.

عێراق و کوردستان، وەکو وڵاتێك کە یاسا و شەرع و نەریتی ئیسلامی و دواکەوتوانەی قەبیلەیی و خێڵەکی و پیاوسالاری، لەلایەن دەسەڵاتەوە کراوەتە کۆڵەکە و زاڵکراوە بەسەر ژیانی سەخسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی ژناندا، ژنان لە خراپترین دۆخی ماف و ئازادیەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. پەسەندکردنی یاسای جەعفەری کە زەواجی کچانی ٩ ساڵ ڕێگەپێدەدات، لەگەڵ پەسەندکردنی مدەوەنەی سونە لەلایەن پەرلەمانی عێراق و چوونی بۆ بواری جێبەجێکردن، کە پەرە بەزواجی ئیسلامی دەدەن لەناو دادگاکانی عێراقدا، لە نمونە هەر زەقەکانی ستەمە لەسەر ژنان. لە کوردستان دەسەڵاتدارانی کوردایەتی، ئەگەرچی بانگەشەی جۆرێك لە ئازادی و مافی ژنان دەکەن، بەڵام لە دنیای واقعدا سەرباری ناڕەزایەتیەکانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، فرەژنییان لە پەرلەماندا ڕەسمیەت پێداوە و کۆمەڵێك پاساوی پووچیان بۆ شەرعیەتپێدان و ئەنجامدانی داناوە! بێجگە لەوە ژن کوشتن و ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن، دیاردەیەکی مەترسیداری کۆمەڵگەی کوردستانی عێراقە کە دەسەڵاتدارانی کوردایەتی بەرپرسیاری یەکەمن لە فراوانبوونەوەی. دەسەڵاتدارانی کورادیەتی بەوەوە نەوەستاون و دەمی کۆمەڵێک بانگخواز و مەلای ئیسلامی و سەلەفییان کردۆتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ژنان و کەسایەتی و ماف و ئازادیەکانیان و بەڕاست و چەپدا سوکایەتی بە ژنان و شکۆیان دەکەن!

بێگومان چ لەئاستی جیهانیدا و چ لەئاستی عێراق و کوردستاندا، ژنان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، دژی ئەم بەربەریەت و دڕندەییەی بۆرژوازی و دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیان وەستاونەتەوە و بگرە فشاریان بۆ سەر حکومەت و دەوڵەتەکان دروست کردووە و لە هەندێ مەیداندا پاشەکشەیان بەسەردا سەپاندوون.  ئەمە جەنگێکی ڕۆژانەیە کە لەسەرێکیەوە بۆرژوازی و دەسەڵات و یاساکانیان دەیانەوێ ژنان کۆت و زنجیر و بێماف بکەن و لەسەرەکەی دیکەوە ئەو بزوونەوە یەکسانیخوازییە دەیەوێ ئەوکۆت و زنجیرە بپسێنێ و ژنان ئازادبن. بەڵام ڕاستیەکانی ڕوداوەکەی ئەپستین و سەرجەم دۆخی ژیانی ژنان و مافەکانیان، لە هەر گۆشە و کەنارێکی دنیا، بە کوردستان و عێراقیشەوە ئەوەی بە ڕوونی سەلماندوە کە ڕزگاری ژنان و دەستڕاگەیشتنیان بە ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنە و بە مافەکانیان وەکو ئینسانێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا، تەنها لەچواڕچێوەی جوڵانەوەکانی ژناندا بەسەمەر ناگات، بەڵکو لەچوارچێوەی بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتیدا مەیسەر دەبێ کە چینی کرێکار و جەماوەری ستەملێکراو و زەحمەتکێش دژی پایە و دەسەڵاتی بۆرژوازی بەڕێیدەخەن. بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەشێكە لە بزووتنەوەی گشتی ڕزگاریبەخشی چینی کرێکار بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرمایە و بۆرژوازی. ئەم بزووتنەوەیە هەر ئێستا ئەتوانێ لە ڕێڕەوی خەباتیدا بۆ وەستانەوە بە دژی کۆنەپەرستی و داسەپاندنی یاسا ئیسلامیەکان و هەڵوەشانەوەیان، پێبەپێی جوڵانەوە ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و جەماوەری بێبەش بۆ باشبژێوی و خۆشگوزەرانی هەنگاوەکانی هەڵبگرێ تا کۆتا ئامانجەی.

 

کۆتایی شوباتی ٢٠٢٦

About wp_kurdistan

Check Also

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *