بەیاننامەی کۆبوونەوەی ڕابەرانی ٤ حیزبی ناوچەکە سەبارەت بە:
لەبەرواری ٨ی تشرینی دووەمی/ نۆڤێنبەری ٢٠٢٥ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ڕابەرانی چوار حیزب، کەبریتیبوون لە: “بەرەی خەباتی خەڵکی فەلەستین”، “حیزبی حیکمەتیست-خەتی ڕەسمی”،” حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق” و”حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پرسی فەلەستین و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە ڕێگاکانی پشتیوانی لە خەباتی خەلکی فەلەستین و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چوار لایەنەکە سازدرا..
بەشدار بوانی کۆبونەوەکە لەبەرەی خەباتی خەڵکی فەلەستینەوە:
- هاوڕێ دکتۆر ئەحەمد مەجدەلانی، ئەمینداری گشتی.
- هاوڕێ محمد عەلوش ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- هاوڕێ جمەمال خەلیل، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- هاوڕێ حەکەم تاڵیب، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- هاوڕێ حوسنی شیلو، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- هاوڕێ لوئەیباخوری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- هاوڕێ سامید سوەید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
لەحیزبی حیکمەتیست/خەتی ڕەسمیەوە:
- هاوڕێ خالید حاجی محمدی، بەرپرسی کۆمیتەی ڕابەری.
- هاوڕێ ئەمان کەفا، ئەندامی کۆمیتەی ڕابەری.
- هاوڕێ محمد ڕاستی، ئەندمای کۆمیتەی ڕابەری.
لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە:
- هاوڕێ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی.
- مەهدی ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە:
- هاوڕێ سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی.
- هاوڕێ فارس مەحمود، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیو ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- هاوڕێ هومام هومام، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
لەم کۆبونەوە هاوبەشەدا ئەم خاڵانەخرانە دەستورەوە:
یەکەم: پلانی ترەمپ لەژێر ناوی “ئاگربەست لە غەززە” و کاردانەوەکانی لەسەر دۆزی فەلەستین و داهاتووی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین.
دووەم: دیدگای بەرەی خەباتی جەماوەری فەلەستین سەبارەت بە دۆخی سیاسی کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە.
سێهەم: بەرنامەی کاری هاوبەش و پەرەدان بە پەیوەندی نێوان لایەنەکان و بەهێزکردنی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین.
هەرچوار حیزب پاش خستنە ڕووی دیدگاو سیاسەتەکانی خۆیان، سەبەرەت بەپێشهاتەکانی ئەمدوایانەی ناوچەکەو چارەنوسی خەڵکی فەلەستین، لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئامانجی سەرەکی پلانەکەی ترەمپ دەربازکردنی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلە لە بنبەستە سیاسی و سەربازی و ئەو دابڕانە نێودەوڵەتییەی کەتێیکەتووە. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پلانەکەی ترەمپ، نوێنەرایەتی هەوڵێکی خراپەکارانە دەکات بۆ تێکدانی دۆزی فەلەستین و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆو جیاکردنەوەی کەناری ڕۆژئاوا لە غەززە و درێژکراوەی پڕۆژەکانی ئاوارەو پاکتاوکردنە، کەپێشتر لەژێر ناوی پڕۆژەی “ریڤێرای غەززە” لەلەیەن ترەمپەوە پێشنیار کراوە بۆ ئاوارەبوونی دانیشتوانی کەرتی غەززە.
کۆبوونەوەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم پلانەی ترەمپ ماشێنە جەنگی ودڕندانەکەی غەززەی ڕانەگرتوە و لە٣ی ئۆکتۆبەرەوە، کاتێک کەحکومەتی داگیرکەری ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕاگەیاند، ٩٠٠کەس بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان، کوژراوە. ئەمەجگەلەوەی کە پلانەکە چاوپۆشی لەودۆخە دەکات کەلەکەرتی ڕۆژئاوا، لەتاوانی کوشتنی ڕۆژانە، دەستدرێژی ئاشکرا، بۆ سەر خەڵکی مەدەنی وجوتیاران، کەلەلایەن چەکدارانی شارۆچکە یەهودیە دروستکراوەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
هەروەها بەشداربووانی کۆبونەوەکە جەختیان لە گرنگی بزووتنەوەی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و ڕۆڵی مێژوویی ئەو بزووتنەوەیە و پێویستی بەهێزکردنی و لەقاودانی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی پلانەکەی ترەمپ و ئامانجە مەترسیدارەکانی کردەوە. پلانێک کەدەوڵەتانی ڕۆژئاوا، هەوڵدەدەن تێیپەڕێنن و وەک زیغێک بیڕژیننە چاوی جەماوەری ناڕازی ژێر دەسەلاتەکەیانەوە و بەکاری بهێنن بۆ فریودان و بەڵاڕێدا بردنی ئەو جوڵانەوە جیهانیەی کەڕۆڵی بەرچاوی گێرا و زۆرێک لەو وڵاتانەی کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، ناچارکرد دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی خەبات و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەناوخۆی ئیسرائیلدا لەدژی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ وبەتایبەتیش لێک هەلپێکانی خەباتی کرێکاران و هێزە چەپەکانی ئیسرائیل و کارکردن بۆ کاریگەرییان لەسەر دۆزی فەڵەستین کردەوە. بەئاراستەی لەمەیداندا راگرتن و توندکردنەوەی فشارێکی کۆمەڵایەتی بەدژی باڵی ڕاستی فاشیست و ڕەگەزپەرست کەلەهەوڵداندایە بۆ بەشداریکردن و پێکهێنانی کابینەی حکومەتی ئیسرائیلدا، بەئاستێک کە ناچاربکرێت دان بە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیاندا بنێت.
لە بەشی دووەمدا هاوڕێیانی بەرەی خەباتی جەماوەری دیدگای خۆیان لەسەر پلانەکەی ترەمپ و دۆخەکە خستەڕوو، وە ڕونیانکردەوە کەتەئیدی ئەو بەندە لەپلانەکەی ترەمپ دەکەن کەداوای وەستاندنی شەڕ و ئەو کوشتار ڕۆژانەیەدەکەن کەلەغەزەدا درێژەی هەیە، ئەمەش بەپشتبەستن بە قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەی کەلەئارادایە. بەپێی داتاکان ١٠ هەزار کەس بێسەروشوێنن. ئەمه جگه له ئامارەکانی نەتەوه یەکگرتووەکان که کوژرانی ٦٨ هەزار فەلەستینی پشتڕاست ده کاتەوە، کەلە ٤٠٪ یان ژن و منداڵن و ١٧ هەزار منداڵیش دایک و باوکیان لەدەست داوه و نزیکەی ٣هەزار خێزانیش بە تەواوی لەناوچوون.
لەکۆبونەوەکەدا هاوڕێیان ڕایانگەیاند کەبەرەی خەباتی خەڵکی فەلەستین بەندەکانی هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کردنەوەی دەروازەکان بۆ گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان و کشانەوەی ئیسرائیل، ئەو بەندانەن کەڕەزامەندیان لەسەر دەربڕیوە.
هەروەها هاوڕێ دوکتور ئەحمەد مەجدەلانی پێداچوونەوەیەکی وردی پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی کەرتی ڕۆژئاوا و غەززەی کردو لەپەیوەند بە پڕۆسەی چاکسازی و ئەو هەنگاوە کردارییانەی کە بناغەکانی دەوڵەتی فەلەستین دەچەسپێنێ ڕاوەستا. لەم چوارچیوەیەشدا ناوبراو ئاماژەی بەو کارانەکرد کەبۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی کاتی و داڕشتنی یاسای پارتە سیاسییەکان و سیستەمی هەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێکدا لە هەموو ناوچەکانی فەلەستین ودەرەوەیدا، وەک ئەرکی ئەم قۆناغە خستویانەتە دەستوری خۆیانەوە. ئەوەشی تەئکیدکرد کەپیویستە ئیرادەی سەرکردایەتی فەلەستینی ئاڕاستەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆدێرن و مەدەنی که مافی هاووڵاتیبوون و یەکسانی زامن بکات. بەم جۆرەش ئەو چاکسازیانەی فەلەستینییەکان لەسەری ڕێککەوتوون، ئەو هەنگاوانەن کە خزمەت بە ئامانجەکانی ڕزگاریی نیشتمانی دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کەئیدارەی ئەمریکا هەوڵدەدات چاکسازییەکان بسەپێنێت کە لەگەڵ دیدگای ئیسرائیلدا بگونجێت و بەردەوامیی نفوز و داگیرکارییەکانی مسۆگەر بکات.
لە بەشی سێیەمدا کۆبوونەوەکە چەند هەنگاوێکی عەمەلی هاوبەشی گەڵاڵەکردەوە وڕیکەوتنی لەسەر کرا کە بریتییە لە:
بەرجەستەکردنەوەی هەڵوێست وبەرنامەی خەباتکارانەی هاوبەش ونیونەتەوەیی کەپاڵپشتێک بێت بۆ جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی لەناوچەکەدا.
بڵاوکردنەوەی چالاکیەکان و هەڵوێستە هاوبەشەکان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەر چوار لایەنەکەدا.
گەیاندنی سیاسەت و دیدگا هاوبەشەکان بەڕێکخراوە کرێکارێکاریەکان و ژنان وناوەندە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و سیاسیە خەباتگێرەکان.
کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و جیهانییەکان بۆ پتەوکردنی خەباتی هاوبەش.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕێکوپێک و ڕێکخراو لەنێوان ئەم لایەنانەدا، بەمەبەستی پەرەدان بە کاری هاوبەش و پێشخستنی خەبات بۆ دۆزی فەلەستین و پرسەکانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
hkkurdistan.org