بەیاننامەی سێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەناوچەکە:
دوای دوو ساڵ لە جینۆسایدکردنی خەڵکی فەلەستین و لەناوبردنی تەواوەتی کەرتی غەززە لەلایەن حکومەتی فاشیستی ئیسرائیلەوە و بە هاوکاری و پاڵپشتی هەمەلایەنەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و لەسەرویانەوە ئەمریکا، ترەمپ بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی بیست خاڵیەوە بەناوی “ئاشتی و کۆتایی جەنگ”، بانگەشەی ئەوەی کرد کەداڕێژەری ئاشتی لە غەززە و ڕزگارکەری خەڵکی فەلەستینە.
پلانە “ئاشتی”یەکەی ترامپ و پاشان “ڕێککەوتنی ئاشتی شەرم ئەلشێخ” و پشتیوانی بێمەرجی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، کە هاوبەشن لەتاوانەکانی ئیسرائیلدا، وە هاوکات دەوڵەتانێکی کۆنەپەرستی دونیای عەرەب و ڕوسیا و چین و… هتد. کە پشتیوانی خۆیان بۆڕاگەیاند، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیا فەرمیەکانیان کەوتنە دەهۆڵکوتانی ئەوەی وەک خاڵێکی وەرچەرخان بۆ کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل و تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی فەلەستین لە قەڵەم بدرێ.
بێگومان بۆ ئەو ملیۆنەها ئینسانانەی کە لە کەرتی غەززە گەمارۆدراون و زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر یەکێک لە ترسناکترین بۆردومانەکانی ئامێری کوشتنی بەکۆمەڵی حکومەتی ئیسرائیلدا دەژین، وەستاندنی تەنانەت یەک ڕۆژ لە کوشتار دەستکەوتێکە و دەرفەتێکە بۆ هەناسەدان. بێگومان ملیۆنەها ملێۆن ئینسانی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست لە سەرانسەری جیهاندا پێشوازی لە هەر پلان و ڕێککەوتنێک دەکەن کە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین ڕابگرێت، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. لەهەمان کاتدا نە خەڵکی فەلەستین و نە خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی جیهان، بە بانگەشە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەران و پلاندانەران و لایەنگرانی ئەم کۆمەڵکوژەیە، فریو نادرێن و ئەم پلانە بە ڕێگایەک بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و کۆتاییهێنان بەداگیرکاری و تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل نازانن، بەڵکو تەنها بەوەستانێکی کورتخایەن لە کوشتاری خەڵکی فەلەستیندا دادەنێن.
پڕۆژە بیست خاڵێیەکەی ترەمپ لە بنەڕەتدا ڕێگایەکە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لەو بنبەست و گۆشەگیری و شکستە سیاسی و سەربازییەی کەتێدا چەقیوە دەربازبکات و ئەم شکستە بگۆڕێت بەسەرکەوتن، ئەمەش لە سەر حسابی سڕینەوەی تەواوی مافەکانی خەڵکی فەلەستینە نەک تەنها لە پرسی دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیاندا، بگرە لەو بەرگریکردنیاندا لەدژی داگیرکاری. هەوڵدانێکە بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵکی جیهان لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل، کە لە تاوانەکانی نازیەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا کەمتر نییە و بۆ شاردنەوەی ڕوخساری فاشیزمی ئیسرائیلە. سیناریۆیەکە کە بە ڕاگرتنی سنوردار و کاتیی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین، دیلێتی ڕەها و بێمافییان، وەک حاڵەت و کردەیەکی هەمیشەیی ڕەسمیەت پێدەدا. پلانێکە بۆ کڕینەوەی ئابڕوی ئەمریکا و دەربازکردنی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە کە لایەنگری لە ئیسرائیل دەکەن، لە گوشارەکانی بزووتنەوەیەکی مەزنی جیهانیی کە پاڵپشتی لە خەڵکی فەلەستین دەکا و جێپەنجەی خۆی لەسەر کەشوهەوای کۆمەڵایەتی-سیاسی ئەم قۆناغەدا بەجێهێشتووە.
ئەم پلانە کۆنەپەرستانەیە، پلانی داماڵینی چەکی هەموو هێزەکان، نەک تەنها حەماس، و لە ژێر پەردەی “داماڵینی سەربازی” لە کەرتی غەززەدا، وەک پێشمەرجێک بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە دادەنێت، لە هەمان کاتدا کە مافی ڤیتۆی تەواوی داوە بە حکومەتی ئیسرائیل لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە. لەم پلانەدا دانپێدانانی قودس (ئورشەلیم) وەک پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن هێزەکانی فەلەستینەوە، ناساندنی ئیسرائیل وەک دەوڵەتی جوولەکە، داننان بە سنوورە نوێیەکانی ئیسرائیل و ڕاگرتنی مووچەی خانەنشینی بۆ بنەماڵەی فەلەستینییە کوژراو و زیندانییەکان لەلایەن دەسەڵاتی خۆجێی فەلەستینەوە، شۆردنی مێشکی منداڵانی فەلەستینی لەژێر ناوی “ڕاگرتنی هاندان لە نوسراوە پەروەردەییەکانی فەلەستینییەکان”دا.. کراوەتە مەرج بۆ ئاشتی.
ئەم پڕۆژە بیست مادەیەی ترەمپ کە مافی بەرگریکردن لە خۆ و بەرگری لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل، تەنانەت لە مێشکی منداڵانی فەلەستینیشدا، ژێرپێدەنێت و ئەم مافە بە تاوان دادەنێت لەژێر ناوی “گۆڕینی غەززە بۆ ناوچەیەکی دوور لە توندڕەوی و تیرۆر” و “مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە”دا. هاوکات بە گەرەنتیکردنی چەکداماڵینی هەمیشەیی خەڵکی فەلەستین و بە گەرەنتیکردنی دامەزراندنی هێزێکی سەربازی و شاندێک بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، لەژێر سەرکردایەتی تاوانبارێکی جەنگ و “قەسابی عێراق”، کەلەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئەمریکادا بێت، بە فەرمی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین و مافی خەڵکی فەلەستین بۆ مومارەسەکردنی سەروەری خۆی بەسەر خاک و چارەنووسی خۆیاندا ڕەتدەکاتەوە. لەولاشەوە حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل بە تەواوی ئازاد دەکات لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوادا، هەروەها دەستی ئاوەڵادەکات بۆ داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە کەناری ڕۆژئاوا و سەرکوتکردن و درێژەدان بە ئاپارتایدی ڕەگەزی لەدژی خەڵکی فەلەستین، و… و هەر جۆرە مقاوەمەت و دژایەتیکردنێکی ئەم داگیرکارییەش بە “تیرۆر” و “خستنە مەترسی ئاسایشی ئیسرائیل” دادەنێ و سەرکوتکردنی حەڵاڵدەکات.
بڕیارە ئەم پلانە بەپشتبەستن بەهەڕەشە و ملهوڕیەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ و بەڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەبیدا بەسەر خەڵکی فەلەستیندا بسەپێندرێت. پلانی بیست خاڵەییەکەی ترەمپ لەدرێژەی هەمان پڕۆژەی “پەیمانی ئیبراهیم”ی دایە بۆ سڕینەوەی چارەسەری پرسی فەلەستین، ئەمەش لە هەلومەرجێکی نالەبارتردا کە خەڵکی فەلەستین تێیکەوتون. هاوکات پلانێکە بۆ سەقامگیرکردنی پێگەی ئابووری و سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و گۆڕینی بە پێگەیەکی بەهێزتر و سەپاندنی هەژموونی ئیسرائیل و گەیشتن بەو ئامانجانەی کە سەرەڕای دوو ساڵ لە جەنگ نەیتوانی پێی بگات.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر “رێککەوتننامەی شەرم شێخ” و ڕاگەیاندنی “ئاگربەست” و ئاڵوگۆڕی دیلەکان و شتی تر، بەڵام بۆردومان و کوشتاری خەڵکی فەلەستین بۆ ساتێکیش نەوەستاوە. هەروەها گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە بەردەوام ڕووبەڕووی تێکدان و بەربەستی حکومەتی ئیسرائیل دەبێتەوە. نزیکەی مانگێکە سەدان هەزار تۆن هاوکاری مرۆیی لە ئاو و خۆراکەوە بگرە تا پێداویستییە تەندروستیی و پزیشکییەکان کە خەڵک پێویستیانە، لە دەروازەی ڕەفەح چاوەڕێی مۆڵەتی چوونە ناو کەرتی غەززە لە حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل دەکەن. لە کەرتی ڕۆژئاواش هێرشی ڕۆژانەی ئیسرائیل و شارۆچکە زایۆنیستنشینەکان بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستینی بەبێ ساتێک نەوەستاوە و درێژەی هەیە و حکومەتی ئیسرائیلیش بە ئاشکرا سیاسەتی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوای بە ئیسرائیلەوە لەم پرۆسەی بەناو “ئاشتی”یەدا ڕاگەیاندووە.
ئەمڕۆ خەڵکی جیهان درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە حکومەتی فاشیست و شەڕخوازی ئیسرائیل و سەرەڕۆییە سەربازیەکانی، هۆکاری سەرەکی نائەمنی و بڵاوبوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەکەدا. بزووتنەوەی جیهانی کەب ۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین لەمەیداندایە، دژایەتی ئەو بانگەشەیە دەکات کە بە ناوی “ئاسایشی ئیسرائیل”ەوە تیرۆر و بۆردومانی وڵاتانی جۆراوجۆری ناوچەکە، لەوانەش لوبنان و هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتانی دیکە، لەوانە ئێران دەکات. ئەم بزوتنەوە جیهانیە، جگە لە دژایەتیکردنی پڕوپاگەندە شەڕخوازیەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، بۆ ڕزگاری خەڵکی فەلەستین و دەستکۆتاکردنی هەموو زلهێزە کۆنەپەرستەکان لە سەر ژیانی خۆیان، تێدەکۆشێت.
ئەم پلانە کۆنەپەرستانەیە، سەرەڕای ڕێککەوتن و موزایەدەی زلهێزە کۆنەپەرستە جیهانی و ناوچەییەکان، بە هیچ شوێنێک ناگات. ئەمەش نەک بەهۆی خۆڕاگری دەوڵەتە عەرەبییە کۆنەپەرستەکان وەیان بەهۆی مقاوەمەتی حەماس و هێزەکانی دیکەی فەلەستینەوە بێت، بەڵکو بەهۆی خۆڕاگری خەڵکی فەلەستینەوەیە کە ماوەی ٧٧ ساڵە لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل و لایەنگرانی ڕۆژئاوایی وەستاونەتەوە و سەرەڕای شەڕ و کۆمەڵکوژییە زنجیرەییەکانی ئیسرائیل سەریان نەوی نەکردووە و ئەمڕۆش بەم پلانە، یان بەبێ ئەم پلانە تەسلیمی ئیسرائیل و ئەمریکا نابن. بەرگری لە دژی دەوڵەتێکی داگیرکەر، خەبات بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان و مومارەسەی سەروەری بەسەر ژیانی خۆیاندا، سروشتیترین و سەرەتاییترین مافی خەڵکی فەلەستینە.
خواستە دەستبەجێکانی خەڵکی فەلەستین و بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە فەلەستین ڕوون و شەفافە:
– ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرج لە کەرتی غەززە.
– کشانەوەی تەواو و بێ مەرجی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.
– دابینکردنی دەستبەجێی شوێنی نیشتەجێبوون، توانا ژیارییەکان، پێداویستیە پزیشکی و تەندروستیەکان و کردنەوەی هەموو ڕێگاکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵک لە کەرتی غەززە
– ئازادکردنی هەموو بارمتە فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا.
– کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل بۆ ئەو سنوورانەی کە لە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆدا دیاریکراون.
– کۆتایی هاتن بەدروستکردنی شارۆچکە یەهودینشینەکان لە کەناری ڕۆژئاوا.
– ئاوەدانکردنەوەی تەواوەتی غەززە و شار و گوندەکانی فەلەستین.
– ڕادەستکردنی چارەنووسی فەلەستین بە خەڵکی فەلەستین.
– دانپێدانانی دەستبەجێ و بێ مەرج بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا.
چارەسەری پرسی فەلەستین پەیوەستە بە دەستکۆتاکردنی هێزە کۆنەپەرستە نێودەوڵەتیەکان و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی جیهانی عەرەبی و ناوچەکە و قەدەغەکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەک یان پەیمانێک کە لەسەر چارەنووسی خەڵکی فەلەستین دەیکەن. هاوکات ئەم پلانە کۆنەپەرستانەیە توانای لاوازکردنی بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین و سەپاندنی بێدەنگی و لەچاوەڕوانڕاگرتنیدا نییە. ئەم بزووتنەوەیە کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا نەک هەر ڕووخساری ناشیرینی دەوڵەتان و پەرلەمان و پارتە تەقلیدییەکانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراو و دامەزراوە پاشکۆکانیانی بەڕۆشنی ئاشکرا کردووە، بەڵکو بەشەریەتی موتەمەدین و بەشخوراوی جیهانی لە دەوری بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین، لە دژی شەڕ و میلیتاریزم، لە بەرامبەر ستەمکاری و نادادپەروەری یەکخستووە و ڕێگای خۆی بۆ پێشەوە دەدۆزێتەوە.
ئێمە سێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە ناوچەکەدا، جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کە هیچ ئاشتییەک لە فەلەستین بەبێ وەستاندنی ماشێنە ئینسانکوژیەکەی ئیسرائیل و داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا مومکین نییە. بەبێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، خەڵکی فەلەستین هەرگیز ژیانێکی ئەمنیان نابێت و ئاسایش ناگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە تاکە لایەنگری ڕاستەقینەی خەڵکی فەلەستین بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری و ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی، چینی کرێکاری جیهانی و بەشەریەتی موتەمەدین و مرۆڤدۆست و ئەو بزووتنەوەیەیە کە ماوەی دوو ساڵە لە سەرانسەری جیهاندا لە دژی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی بەڕێکەوتووە. بزووتنەوەیەک کە لە سیاسەتی جیهانیدا سنوربەندی و جەمسەرگیریەکی قووڵی پێکهێناوە.
ئێمە هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی موتەمەدینی جیهان، پێکەوە لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان، کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی ئەم بزووتنەوەیە و زۆرترین فشار دانان لەسەر ئیسرائیل و سەرکردە شەڕخوازەکانی، بۆ وەستاندنی ماشێنە جەنگییەکەی ئیسرائیل و هەموو هاوپایمانان و لایەنگرانی تێدەکۆشین. بزووتنەوەی جیهانی بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین ئەمڕۆ، بە قوڵبوونەوە و بەرفراوانبوونەوەی شەپۆلەکانی، نەک هەر دەتوانێ کۆتایی بە شەڕ و تاوان و داگیرکاری بهێنێ و ڕزگارکردنی خەڵکی فەلەستین و دەستەبەرکردنی مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بەدیبهێنی، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە کە کۆتایی بە میلیتاریزم و پێشبڕکێی چەک بهێنێ و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی ئینسانی و ئاوەدان زامن بکا، هاوکات ڕێگربێت لە بەرامبەر هێرشەکانی سیستەمی سەرمایەداری و ئەرکێک کە بۆ باشکردنی ژیان و پاراستنی دەستکەوتە مرۆییەکان لەبەردەم خۆی دایناوە. ئێمە بە هەموو شێوەیەک کاردەکەین بۆ گۆڕینی چینی کرێکاری هۆشیار بە بڕبڕەی پشت و ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
hkkurdistan.org