لیۆن ترۆتسکی؛ مێژووی شۆڕشی ڕووسیا

بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم

بەشی ١٥

بەلشەفییەکان و لینین

بەشی شەشەم

بەدڵنیاییەوە بۆچوونەکانی کۆنفرانسی بەلشەفییەکان لە ڕاپۆرتەکەی ستالیندا سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی کاتیدا، گونجاوترین تەعبیری لێکراوە. لێرەدا پێویستە بیرۆکەی ناوەندی ئەم وتارە بناسێنین، کە وەک ڕاپۆرتەکان بەشێوەیەکی گشتی، هێشتا بڵاونەکراوەتەوە. “دەسەڵات لەنێوان دوو ئۆرگاندا یەکلاییکراوەتەوە کە هیچ کامیان خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نین. مشتومڕ و ململانێ لەنێوانیاندا هەیە و دەشبوو هەبێت. ڕۆڵەکان دابەشبوون. لەڕاستیدا سۆڤیەت دەستپێشخەری کردووە لە گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا؛ سۆڤیەت ڕێبەری شۆڕشگێڕی جەماوەری خرۆشاوە؛ ئۆرگانێکە کە حکومەتی کاتی کۆنترۆڵ دەکات. وە حکومەتی کاتی لەڕاستیدا ڕۆڵی بەهێزکەری سەرکەوتنەکانی جەماوەری شۆڕشگێڕ دەبینێ، سۆڤیەت هێزەکان دەجوڵێنێ و کۆنترۆڵیان دەکات. حکومەتی کاتی، بە دوودڵی و سەرلێشێواویەوە، ڕۆڵی بەهێزکەری ئەو سەرکەوتننایە خەڵک دەبینێ، کە پێشتر وەک ڕاستییەک بەدەستیان هێناوە. ئەم هەلومەرجە لایەنی نەرێنی و هەروەها لایەنی ئەرێنیشی هەیە. لەئێستادا بە قازانجی ئێمە نییە دۆخەکە توندبکەینەوەو رەوتی پاڵپێوەنانی توێژە بۆرژواییەکان خێرابکەینەوە، کە لە داهاتوودا بە ناچاری لە ئێمە دووردەکەنەوە”.

قسەکەر بەتێپەڕاندنی جیاوازییە چینایەتییەکان، پەیوەندی نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا وەک تەنیا دابەشکردنی کار نیشان دەدات. کرێکاران و سەربازان شۆڕشەکە ئەنجام دەدەن، گوچکۆڤ و میلیۆکۆڤ “بەهێزی” دەکەن. ئێمە لێرەدا چەمکی نەریتیی مەنشەفیکەکان دەناسینەوە، کە بەهەڵە لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٧٨٩ەوە داڕێژراوە. ڕێبازی ئەم سەرپەرشتیارە لە پەیوەند بە پرۆسەی مێژووییەوە ڕێک تایبەتمەندیی سەرکردەکانی مەنشەفیزمە، کە ڕێنمایی دەدەن بە چینە جیاوازەکان و دواتریش بەشێوەیەکی خۆبەزلزانانە ڕەخنە لە جێبەجێکردنیان دەگرێت. ئەو بیرۆکەیەی کە خێراکردنی پرۆسەی دەركێشانی بۆرژوازی لە شۆڕش، زیانبەخشە، هەمیشە بنەمای ڕێنماییەکانی سەرجەم سیاسەتی مەنشەفیکەکان بووە. لەکرداردا ئەمە بەمانای بێدەنگکردن و لاوازکردنی بزووتنەوەی جەماوەری دێت بۆئەوەی هاوپەیمانە لیبڕاڵەکان نەترسێنن. و لەکۆتاییدا، ئەنجامگیریەکەی ستالین سەبارەت بە حکومەتی کاتی بەتەواوی لەگەڵ فۆرمولە تەمومژاویەکەی سازشکاراندا دەگونجێت: “تائەوجێگایەی کە حکومەتی کاتی هەنگاوەکانی شۆڕش بەهێز دەکات، تائەوڕادەیە دەبێت پشتیوانی لێبکەین، بەڵام بەوڕادەیەشی کە دژە شۆڕشە، پشتیوانی لە حکومەتی کاتی ڕێگەپێدراو نییە.”

ڕاپۆرتەکەی ستالین لە ٢٩ی ئازاردا بڵاوکرایەوە. ڕۆژی دواتر وتەبێژی فەرمی کۆنفرانسی سۆڤیەت، سۆسیال دیموکراتی ناحزبی، ستێکلۆڤ، کە بەرگری لەهەمان پشتیوانیی مەرجدار لە حکومەتی کاتی دەکرد، بەشورو شەوق و زمانپاراویەکی گەرموگوڕەوە وێنەیەکی وەهای لە چالاکیی “بەهێزکەرانی” شۆڕشەکە خستەڕوو– دژایەتیکردنی چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکان، مەیل بەرەو پاشایەتی، پاراستنی هێزەکانی دژە شۆڕش و ئارەزووی لکاندنەوە( ئیلحاق) – کە کۆنفرانسی بەلشەفییەکان بەنیگەرانیەوە پاشەکشەی لەم جۆرە پشتیوانیە کرد.

بەلشەفیکی ڕاستڕەو نۆگین ڕایگەیاند: “وتارەکەی ستێکلۆڤ بیرۆکەیەکی نوێی خستەڕوو: ئەوە ڕوونە کە دەبێ ئێستا باسی پشتیوانی نەکەین، بەڵکو باسی بەرەنگاری بکەین.” هەروەها سکریپنیک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لەدوای وتارەکەی ستێکلۆڤەوە “زۆر شت گۆڕاون، چیتر ناتوانرێت باسی پشتیوانی لە حکومەت بکرێت، پیلانێکی حکومەتی کاتی هەیە دژی خەڵک و شۆڕش.” ستالین کە ڕۆژێک پێشتر وێنەیەکی ئایدیالیستی لە “دابەشکردنی کار” لەنێوان حکومەت و سۆڤیەتدا دەکێشا، هەستی بەو ناچاریە کرد کەدەبێ ئەم خاڵەی تایبەت بە پشتیوانیکردن لە حکومەت بسڕێتەوە. باسە کورت و ڕووکەشەکە لەسەر ئەو پرسیارە بوو کە ئایا پشتگیری لە حکومەتی کاتی بکرێت “تا ئەو ڕادەیەی کە”، یان تەنها پشتگیری لە چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانی حکومەتی کاتی بکەین.

نوێنەری ساراتۆڤ، ڤاسیلیڤ، بە دوور لە ڕاستییەوە ڕایگەیاند: “هەموومان هەمان هەڵوێستمان هەیە بەرامبەر بە حکومەتی کاتی.” کرێستینسکی دۆخەکەی بەشێوەیەکی ڕوونتر بەیانکردوە: “سەبارەت بەکارە عەمەلیەکان هیچ ناکۆکییەک لەنێوان ستالین و ڤۆیتینسکیدا نییە.” سەرەڕای ئەوەی کە ڤۆیتینسکی ڕاستەوخۆ دوای کۆنفرانسەکە چووە لای مەنشەفیکەکان، کرێستینسکی زۆر هەڵە نەبوو. هەرچەندە ئاماژەی ڕاشکاوی پشتیوانیکردنی لابرد، بەڵام ستالین پشتگیریکردنی لانەبرد. تاکە کەسێک کە هەوڵیدا پرسیارەکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی دابڕێژێت، کراسیکۆڤ بوو، یەکێک بوو لەو بەلشەفیکە کۆنانەی کە چەند ساڵێك بوو لە حزبەکەی دوورکەوتبوەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی کاریگەری ئەزموونی ژیانەوە لەسەری، هەوڵی گەڕانەوەی بۆ ڕیزەکانی حزب دەدا.

کراسیکۆڤ دوودڵ نەبوو لەوەی گایەکە بە شاخەکانی بگرێت. ئایا ئەمە ئەو دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایەیە کە خەریکی دایدەمەزرێنی؟ بەشێوەیەکی گاڵەتجاڕانە پرسی. بەڵام کۆنفرانسەکە گاڵتەجاڕیەکەی نادیدەگرت و لەگەڵیشیدا ئەو پرسیارە، وەکو ئەوەی شایستەی سەرنج نییە. بڕیارنامەی کۆنفرانسەکە بانگهێشتی دیموکراسی شۆڕشگێڕی کرد بۆئەوەی هانی حکومەتی کاتی بدات بۆ بەڕێخستنی“خەباتێکی گەرموگوڕ بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی ڕژێمی کۆن” – واتە ڕۆڵی پەروەردەیی بۆرژوازی بە حیزبی پرۆلیتاری بەخشی.

ڕۆژی دواتر پێشنیارەکەی تسێرتێلییان بۆ یەکێتی بەلشەفیک و مەنشەفیکەکان تاوتوێکرد. ستالین بەتەواوی لەگەڵ ئەو پێشنیارە بوو: “دەبێت بیکەین، پێویستە پێشنیاری خۆمان سەبارەت بە بنەماکانی یەکێتی پێناسە بکەین؛ یەکێتی لەسەر بنەمای زیمەرڤاڵد-کینتال مومکینە.” مۆلۆتۆڤ کە بەهۆی ئاڕاستەی زۆر ڕادیکاڵی ڕۆژنامەکەوە لەلایەن کامێنێڤ و ستالینەوە لە دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی پراڤدا دوورخرابووەوە، بە موخالەفەت قسەی کرد: تسێرێتێلی دەیەوێت توخمە نایەکسانەکان یەکبخات، خۆی بە زیمەرڤاڵدیست ناودەبات؛ یەکێتییەک لەسەر ئەو بنەمایە هەڵەیە. بەڵام ستالین لەسەر بۆچوونەکەی خۆی سوور بوو: “ئەوە هیچ سوودێکی نیە کە بەرەو پێشەوە ڕابکەین بۆئەوەی پێش بە ناکۆکییەکان بگرین، هیچ ژیانێکی حزبی نیە بەبێ ناکۆکی، ئێمە ناکۆکییە بچووکەکانی ناو حیزبدا تەحەمول دەکەین.”

بەمشێوەیە هەموو ئەو خەباتەی کە لینین لە ساڵانی جەنگدا دژی سۆشیال- نیشتمانپەرستیی و بەناو ئاشتیخوازەکان بەڕێوەی دەبرد، بەشێوەیەکی ئاسایی خرایەلاوە. لە ئەیلوولی ١٩١٦ لینین لەڕێگەی شلیاپنیکۆڤەوە بە پێداگرییەکی تایبەتەوە بۆ پترۆگراد نووسیبووی: “نێوەنجیگەری و یەکێتیگەرایی خراپترین شتن بۆ پارتی کرێکاران لە ڕووسیا، نەک هەر گەمژەییە بەڵکو وێرانکاریە بۆ حیزب… دەتوانین تەنیا پشت بەو کەسانە ببەستین کە لە پووچی بیرۆکەی یەکێتی و لە زەرورەتی جیابوونەوە لەگەڵ ئەو برایەتییە (چێیدزە و هاوکارانی) لە ڕووسیادا تێگەیشتوون”. ئەم هۆشدارییە پشتگوێخرا. ناکۆکییەکان لەگەڵ تسێرتێلی، سەرۆکی بلۆکی سۆڤیەتی دەسەڵاتدار، لای ستالین وەکو ناکۆکیەکی بچووک دەهاتەبەرچاو، کە دەتوانرێت لەناو پارتێکی هاوبەشدا “هێوربکرێتەوە”. ئەمەش باشترین پێوەر دەدات بەدەستەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بۆچوونانەی کە ستالین لەو سەردەمەدا هەیبوو.

لە ٤ی نیساندا لینین لە کۆنفرانسی حیزبدا ئامادەبوو. وتارەکەی کە لێکدانەوەی زیاتری “تێزەکانی” بوو، وەک ئیسفەنجێکی تەڕی دەستی مامۆستایەک، کە ئەوەی لەلایەن قوتابییەکی سەرلێشێواوەوە لەسەر تەختە ڕەشەکە نووسرابوو، دەکوژاندەوە، بەوجۆرە سایەی بەسەر کارەکانی کۆنفرانسەکدا کێشا.

بۆچی دەستت بەسەر دەسەڵاتدا نەگرت؟” لینین پرسی. لە کۆنفرانسی سۆڤیەتدا ماوەیەکی کەم پێش ئەوە، ستێکلۆڤ بە سەرلێشێواوی هۆکارەکانی خۆبەدوورگرتن لە دەسەڵاتی ڕوون کردبووەوە: شۆڕش بۆرژوازییە – قۆناغی یەکەمە – شەڕ و هتد. لینین وتی: “ئەوە شتێکی بێمانایە”. “هۆکارەکەی ئەوەیە کە پرۆلیتاریا بەڕادەی پێویست هۆشیاری نەبووە و بەپێی پێویست ڕێکخراو نەبووە، دەبێت دان بەوەدا بنێین. هێزی ماددی لە دەستی پرۆلیتاریادا بوو، بەڵام بۆرژوازی هۆشیار و ئامادەبوو، ئەوە ڕاستییە ترسناکەکەیە. ​​بەڵام پێویستە بەڕاشکاوی دان بەوەدا بنێین، و ڕاستەوخۆ بە خەڵک بڵێین ئێمە دەستمان بەسەر دەسەڵاتدا نەگرت، چونکە ئێمە ناڕێکخراو و ناهۆشیار بووین”.

 “لە پشت پەردەی ئۆبجەکتیڤیزم (مەزوعیەت)ی ساختەوە، کە سازشکارە سیاسییەکان لە پشتیەوە خۆیان حەشاردابوو، لینین هەموو پرسیارەکەی گواستەوە بۆ هۆکاری سوبجەکتیڤ( زاتی). پرۆلیتاریا لە مانگی شوباتدا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا نەگرت، چونکە پارتی بەلشەڤیک جووت نەبوو لەگەڵ ئەرکە بابەتییەکەی، و نەیتوانی ڕێگری لە سازشکاران بکات لە کۆنترۆڵکردنی سیاسی جەماوەری خەڵك بۆ بەرژەوەندی بۆرژوازی”.

ڕۆژێک پێشتر، پارێزەر کراسیکۆڤ بەشێوەیەکی تەحەدا گوتبووی: “ئەگەر پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوەیە کە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا بەدیبهێنین، ئەوا دەبێ بەوشێوەیە پرسیارەکە بخەینەڕوو. بێگومان ئێمە  ئەو هێزە فیزیکیەمان هەیە کە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرین.” سەرۆک لەوکاتەدا بە پاساوی ئەوەی کە کێشە پراکتیکییەکان لەبەردەم گفتوگۆدان و پرسی دیکتاتۆرییەت جێگایەکی نەماوە، کراسیکۆڤی لە قسەکانی بێبەشکرد. بەڵام لینین پێیوابوو، وەک تاکە پرسیاری پراکتیکی، پرسی ئامادەکردنی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا بەتەواوی لەجێگای خۆیدایە.

ناوبراو لە تێزەکانیدا دەڵێت: “تایبەتمەندیی ساتەوەختی ئێستا لە ڕووسیادا، بریتیە لە گواستنەوە لە قۆناغی یەکەمی شۆڕشەوە، کە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری و ڕێکخستنی پێویستی پرۆلیتاریاوە دەسەڵاتی بە بۆرژوازی بەخشی، بۆ قۆناغی دووەمی کە دەبێت دەسەڵات بداتە دەستی پرۆلیتاریا و توێژە هەژارەکانی جووتیاران”. کۆنفرانس بەڕێبەرایەتی پراڤدا ئەرکی شۆڕشەکەی بە گۆڕانکارییەکی دیموکراسی سنوردارکردبوو کە لەڕێگەی ئەنجومەنی دامەزرێنەرەوە بەدیبهێنرێت. لەبەرامبەر ئەمەدا، لینین ڕایگەیاند کە “ژیان و شۆڕش ئەنجومەنی دامەزرێنەر دەخاتە پشتەوە. دیکتاتۆرییەکی پرۆلیتاریا بەرقەرارە، بەڵام کەس نازانێت چی لێبکات”.

About wp_kurdistan

Check Also

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *