ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی حزب  

لە ڕۆژانی ٩و ١٠ی کانونی دووەم/ جەنیوەری ٢٠٢٦دا کۆمیتەی ناوەندی حزب بەبەشداری زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزب و وەفدێك لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کە پێکهاتبوون لە هاورێیان( فارس محمود، خلیل ئیبراهیم، نادیە محمود و ئەسعەد تاڵیب) پلینۆمی ٣٢هەمینی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجام دا.

دوای دڵنیابوون لە شەرعیەتی پلینۆم، کارەکانی پلینۆم بە  سرودی ئینتەرناسیۆناڵ و خولەکێك وەستان بۆ رێزگرتن لە یادی خەباتی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم دەستی پێکرد.

وتاری کردنەوەی پلینۆم لەلایەن هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفەوە پێشکەشکرا کە تێیدا ئاماژەی بە بایەخی سیاسی و ڕێکخراوەیی پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی کرد کە لە هەلومەرجێکی سیاسی هەستیاری عێراق و کوردستاندا دەبەسترێ. دواتر بەرنامەی کار و ڕێساکانی بەڕێوەچوونی کارەکانی پلینۆم پەسەندکران و کۆبونەوەکە دەستی کرد بە کارەکانی خۆی.

بڕگەی یەکەمی پلینۆم بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی کار و چالاکیەکانی ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکانی حزب لەدوای پلینۆمی ٣١ەوە. ئامادەبووان سەرنجەکانی خۆیان لەسەر لایەنە بەهێز و لاوازەکانی کارەکانی ڕابردوو خستەڕوو وە بەشێوەیەکی گشتی پێداگری لەسەر ئەوە کرا کە سەرجەم ئۆرگانەکان و کۆمیسیۆنەکان سەرەڕای ئەوەی کە کاری جدی و لێبڕاوانەیان ئەنجامداوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، بەڵام بەدەریش نەبوون لە کەموکوڕی کە جێگای ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی بەشداربووان بوو.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی دۆخی حزب و جێگەوپێگەی سیاسی لەناو کێشمەكێشەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە و عێراق و کوردستان و دەرکەوتنی حزب وەکو هێزێکی سیاسی کۆمۆنیستی دەخاڵەتگەر. لەوبارەوە ئاماژە بە کەموکوڕیەکان کرا و بڕیار درا کە مەکتەبی سیاسی داهاتوو بەڵگەنامەی نەخشەکار و ئەولەویەتە سیاسی و ڕێکخراوەیەکانی حزب ئەمادەبکات بەمەبەستی بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکاریانەی کە حزب دەباتە سەر ئەو رێچکەیەی کە دەوری شایستەی خۆی بگێڕێت وەکو هێزێکی ئاڵوگۆڕبەخشی کۆمۆنیستی.

بڕگەی سێهەمی پلینۆم بریتی بوو لە کۆبەندی لە تاکتیکی حزب دەربارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و پێداگری لەسەر دروستی ئەو سیاسەتەی حزب، هاوکات ئاماژەکردن بو ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی لە بواری عەمەلیکردنەوەی ئەو تاکتیکەدا گیرایەپێش. هەر لەوبارەیەوە بڕیاردرا کە بەشێوەیەکی گونجاو ئەو کۆبەندیە لەئاستی کۆمەڵگادا بڵاوبکرێتەوە.

بڕگەیەکی دیکەی پلینۆم بریتی بوو لە لێکدانەوەی دۆخی سیاسی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو پێشهاتە سیاسیە تازانەی لەئاستی ناوچەکە و عێراق و کوردستاندا بەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هاتوونەتە ئاراوە و پرسی قەیرانی حکومەتی و هەنگاوە سیاسی و عەمەلیەکانی حزب.  هەر لەوبارەوە بڕیاردرا کە بەڵگەنامەیەکی سیاسی لەلایەن مەکتەبی سیاسیەوە ئامادە و بڵاوبکرێتەوە.

بەندێکی دیکەی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە پرسی ڕێکخراوەی کرێکاری و کار و هەنگاوەکانی کۆمیسیۆنی کاروباری کرێکاری. پاش قسەوباسی بەشداربوون، لەوبارەشەوە بڕیاری گونجاو درا بەمەبەستی بەهێزکردنی پێگەی کۆمیسیۆن و بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەناو کرێکاراندا و هەروەها چرکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو لە بواری ڕێکخستنی جەماوەری و غەیرەحزبی کرێکاراندا.

 بەندێکی دیکە قسەوباسکردن بوو لەسەر دیارکردنی کاتی کۆنگرەی حەوتەمی حزب. هەروەها لە بڕگەی بڕیارەکاندا کۆمەڵێك بڕیاری پێویست دران بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی ئاڕاستە و جیهەتگیریەکانی باسەکانی پلینۆم.

لە بڕگەی کۆتاییدا کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بە دەنگی سەرجەم ئامادەبووان هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە. هەروەها ئەم هاوڕێیانە وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران (ڕێبوار ئەحمەد، موحسین کەریم، خەسرەو سایە، دەشتی جەمال، شاباز مەحمود، عبدللە مەحمود، رێبوار عارف، ئالان مارف، جەمال موحسین، فوئاد صادق و ئازاد مەجید).

دواتریش وتاری کۆتایی پلینۆم لەلایەن هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفەوە پێشکەشکرا و کارەکان و بڕیارەکانی پلینۆم و ئامادەییەکانی کۆمیتەی ناوەندی بەئاراستەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی داهاتوو بە ئەرێنی و جدی پێناسەکرد. بەوجۆرە پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی حزب بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

ئەمڕۆش ڕێکەوتی ١١ی کانونی دووەم/ جەنیوەری مەکتەبی سیاسی یەکەم کۆبونەوەی خۆی سازدا و تاووتوێی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پلینۆمی کرد و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوە دا و هەروەها کاردابەشکردنی ناوخۆیی مەکتەبی سیاسی دەستنیشانکرد.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١١ی کانونی دووەم/ جەنیوەری ٢٠٢٦

  •  
     

About wp_kurdistan

Check Also

روداوەکانی کوردستانی سوریا و پرسی کورد!

موحسین کەریم روداوەکانی رۆژەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو لەنێوان حکومەتی ئیسلامی- داعشی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *