جەنگی بێکۆتایی؛ ئاشوبی سەرمایەو هەڕاجکردنی هێزی کار!

محمود ئەحمەد(حەلاق)

سەرەڕای ئەوەی کەبێکاری تەنگی بەبێکاران هەڵچنیوەو کرێکارانی لەسەرکاریشی کردووە بەکۆیلەی کار لەئەنجامی ترسی بێکاریدا، شەبەحی جەنگی ئامریکاش لەناوچەکەدا کە بەوێرانکاری لەغەززەوە دەستیپێکرد لەڕێگای ئیسرائیلەوە بەناوی ئەمنی ئیقلیمیەوە بۆسازدانەوەی بازاڕسازی سەرمایەی خۆیان لە دادۆشین  و بەتاڵانبردنی ئابوری ناوچەکە لەسەر حسابی چینی کرێکار، هێندەی تر بارگرانی قورس و ناهەمواری هێناوەتە پێشەوە.

ئەم جەنگە، تەنها کێشەیەکی سەربازی و پاساوی چەکی ئەتۆمی ئێران و تیرۆریزم نیە، جەنگێکی ڕەق وسەربازی نیە، بەڵکو میکانیزێکی داڕێژراوە بۆ بەکۆیلەکردنی هێزیکار لەناوچەکەدا. کاتێک ژێرخانی ئابوری وڵاتێک دەکرێتە ئامانج، ئیتر کرێکار لەجێگاوڕێگای داواو خواستەوە دەگۆڕدرێت بۆ جێگاوڕێگای لەناچاریدا مانەوە. ئەم جەنگە ستراتیژییەکی لەپێشدا داڕێژراوی سەرمایەداری جیهانییە بەڕابەرایەتی ئامریکا بۆ ئارامکردنەوەی بازاڕو لەخوارەوە ڕاگرتنی هەتا سەرئێسقان هێزیکاری بەتاڵانبراوی کرێکاران و وێرانکردنی فەزای ئازادیخوازی لەناوچەکەدا. ئەو کاتانەی کە تەپڵی جەنگ لێئەدەن لەم ناوچەیەدا، یەکەم قوربانی ئاسایشی کارو کەرامەت و ژیانی کرێکارانە کە وێراندەکرێت.

سیاسەتی ئەم جەنگەی ئامریکا لەناوچەکەدا، ڕێکخستنەوەی ژێرخانی ئابوری ووڵاتانە بەپێێ بەرژەوەندیە دوورماوەکانی سەرمایەی ئەمریکی و بەکۆمپانیا کردنی ژیانی خەڵک و بەتایبەت چینی کرێکاری ناوچەکە، کە هەتا دێت سوپای بێکاران فراوانتردەکات و بەم هۆیەشەوە هێزیکاری کرێکاران دەبێتە کاڵایەکی هەرزانتر، هەتا کرێکاران ناچار ببن بەکەمترین کرێ و کاری سەخت و قورسترین مەرج، ماندووبوون و خوێن و ژیانی خۆی تاڵانفرۆش بکات بەکۆمپانیا زەبەللاحەکان و خاوەنکارانی ناوخۆیی.

جەنگی ئامریکا تەنها بە وێرانکردنی جادەو ئاپارتمان و خەستەخانەو خوێندگاکانەوە ناوەستێ، تەنها بە کوشتاری خەڵکی مەدەنیەوە ناوەستێ، بەڵکو هاوکات دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بەشێوەیەکی کارەساتبار بەرەوخراپ و خراپتر پاڵ پێوەدەنێت. کاتێک کەجەنگ و نائەمنی دەبێت، ئەو کاتەش خاوەنکار دەتوانیت کرێ و حەقدەستی کرێکار بۆ نزمترین ئاستی بهێنێتە خوارەوە، چونکە لەدەرەوەی دەرگای کارگەو کۆمپانیاندا، هەزاران هەزار کرێکاری بێکار ئامادەن تەنها بۆ نانی یەک ژەم کاربکەن، هەر ئەوەش بەئاشکرا فەرهودکردنی ڕەنج و ژیانی کرێکارانە.

ئامریکا لەلایەکەوە لەڕێگای هەژموونی سەربازی و عەسکەرتاریەتی خۆیەوە، تێچووی جەنگەکەی لەسەر حسابی فرۆشتنی جبەخانەی زەبەللاح بەووڵاتان بەناوی خزمەتگوزاری ئەمنیەوە دەسەپێنیت، لەلایەکی تریشەوە جەماوەری کرێکاران و گەنجان لەناو جەنگە وێرانکەرەکانیدا دەسوتێنیت و کەشوهەوای کۆنەپەرستی لەناو کۆمەڵگادا پەرە پێدەدات کە سەرەنجام زەربە لە بزوتنەوەی چینی کرێکار و هوشیاری سیاسی چینی کرێکار دەدات و زەمینەی گەشەی بزوتنەوە بۆرژواییە دژە مرۆییەکان دەرەخسێنێ.

لەهەرێمی کوردستان، ئەم دۆخە ڕەهەندێکی مەترسیدارتری وەرگرتووە بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و کاریگەری جەنگە هەرێمیەکانەوە، کە بازاڕیکاری تووشی داڕمانکردووەو سوپایەکی گەورەی لەگەنجانی ئەم ووڵاتەی بێکارو سەرگەردان کردووە کەئامادەن بەنیوە کرێ یان حەقدەستی ڕۆژانەی چەند هەزار دیناری زیاتر لە هەشت و دەو دوانزە کاتژمێر کاربکەن، هەرئەوەش دەستی کۆمپانیاو کارگەو ناوەندەکانی کاری کردۆتەوە کە بەئارەزووی خۆیان مافی کرێکاران لەخواری خوارەوە ڕابگرن لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایەو قازانجی خۆیاندا. ئەم جەنگەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئەوەندەی دیکە دۆخەکەی سەختتر کردوە. لەجەمسەرێکی تریشەوە لەجیاتی ئەوەی کەکرێکاران دەرفەتی کاریان هەبێت، هێزیکاری ئەوان لەبەرهەمهێنانەوە دەگۆڕن بۆ هێزێکی سەربازی و ناچاردەکرێن بۆئەوەی بژین ببنە چەکدارو هێزی ئەمنی.

ئەم جەنگە فەزایەکی ئەمنی وا دروستدەکات کەتێیدا یاسایکار دەمرێت، لەم سۆنگەیەوەیە لەکوردستانداو بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا دەنگی ناڕەزایەتی کرێکاران کپ و خامۆشدەکەنەوە بەپاساوی پووچی بارودۆخی نائاسایی و ڕێکنەکەووتن لەگەڵ بەغداد.. ئەوەش بۆ خۆی دەرفەتێکی داوە بەدەسەڵاتداران کەهەر جۆرە داواکارییەکی کرێکاران بەتێکدانی ئاسایش و لەبەینبردنی قەوارەی هەرێم وەسف بکەن و بێدەنگیان بکەن.

لەکۆتاییدا تێدەگەین کەئاسایش و ئاشتی ڕاستەقینە و پایەدار لەناوچەکەدا تەنها بە وەستانی فیشەک و ڕۆکێت کۆتایی نایەت، بەڵکو بەکۆتاییپێهێنانی خودی سیستەمی سەرمایەدارییە کەجەنگ وەک یەکێك لە بزوێنەرەکانی ئابوری بەکار دەهێنێت. جەنگێکە لەدژی نان و کەرامەتی کرێکاران. هەتا ئەو کاتەی هێزیکاری ئێمە ببێتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان، بێکاریش وەک مۆتەکەیەک لەسەر سنگی کرێکاران دەمێنێتەوە.. ڕێگای ڕزگاری لەهوشیاری ئەو کرێکارەوە دەستپێدەکات کەدەزانێت و تێدەگات شمشێری جەنگ تەنها بۆبڕینی خاکی ووڵاتێک نیە، بەڵکو بۆ بڕینی نانی سەر سفرەو خوانەکەی خۆشیەتی.

 

About wp_kurdistan

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *