موحسین کەریم
شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران، وەکو پێشبینی کرا، سەرجەم ناوچەکەی خستە ناو کورەی ئاگرێکی ترسناکەوە. ئێستا ئیتر شەڕەکە هەر بە مووشەکبارانکردنی شارەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە نەوەستاوە، بەڵکو چەندین شاری دیکەی ووڵاتانی ناوچەکەی گرتۆتەوە، بەهۆی بوونی بنکەی سەربازی ئەمریکا لەو ووڵاتانەدا کە بوونەتە ئامانجی سەربازی ئێران. ئاستی دڕندەیی ئەمجارەی شەڕەکە بەجۆرێکە کە سەرباری نائارامکردنی ژیانی خەڵك، گرانی ، تێكچوونی بارودۆخی ئابوری و گوزەرانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لەناوچەکەو بگرە لەسەر ئاستی جیهانیشدا بەهۆی گرانبوونی نرخی ووزەو گواستنەوەی کاڵاکانەوە، سەدان هاوڵاتی مەدەنی کردۆتە قوربانی، هەردوولا پێشبڕكێی وێرانکردنی شارەکان و کوشتنی زۆرترین کەس دەکەن بەمەبەستی تەسلیمکردنی یەکتری!
ئەمریکاو ئیسرائیل، دەیانەوێ دوا شەڕی خۆیان لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێراندا بکەن و بیکەنە دەوڵەتێکی دەستەمۆ کە باڵادەستیی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قبوڵ بکات و لەناو ریزبەندی جەمسەرە جیهانیەکانی سەرمایەداری- ئیمپریالیستیدا، بەرەو جەمسەری ئەمریکاو و رۆژاوا بڕوات، ئەوەندەی بکرێ لە جەمسەری چین بەپلەی سەرەکی و ڕوسیا بەپلەی دووەم دووربکەوێتەوە. بەڵام رژێمی ئێران، کە دەسەڵاتە سیاسی و سیستەمە ئایدیۆلۆژیەکەی لەسەر بنەمای دژایەتی “شەیتانی گەورەو رژێمی زایۆنیستی” بنیات ناوە، بە ئاسانی ناتوانێ ئەو وەرچەرخانە قبوڵ بکات. بنکەی جەماوەری لایەنگرانی رژێمی ئیسلامی چ لەناوخۆی ئێراندا و چ لەئاستی هێزو لایەنە شێعەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، لەسەر ئەوە ڕاوەستاوە کە گوایە دژی ئەمریکاو ئیسرائیلەو بەرگری لە دۆزی فەلەستین دەکات! لەبەرئەوە ئەم شەڕە بۆ جمهوری ئیسلامی شەڕی سەروماڵیە، شەڕی مانەوەیە!
بێگومان، لەلایەکی دیکەوە، جەمسەری چین- ڕوسیاش بەرژەوەندیان لە کەوتن و تەسلیمبوونی ئێراندا نیە بەوجۆرەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ. بۆ ڕوسیا سەختە ئۆکرانیایەکی دیکە لە ئێراندا قوت بێتەوە. بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات ئێران بەتەواوی نەکەوێتە ناو ئەڵقەی بەرژەوەندی ئەمریکاوە. بەنیسبەت چینەوە، سەرباری بەرژەوەندیە ئابوریەکانی لە بواری وەبەرهێنان لە ئێراندا و پێگەی لە پرۆژەی “رێگای ئاوریشم”دا ، مەسەلەی نەوت و گازی ئێران جێگایەکی یەجگار پڕبایەخیان هەیە بۆی. بۆیە کەوتنی ئێران بۆ ژێردەستی ئەمریکا، بێجگە لەوەی زەربەیەکی گەورە لە پرۆژە ئابوریەکانی چین لە ئێراندا دەدات، هاوکات کۆنترۆڵکردنی نەوت و سەرچاوەی ووزی ئێرانییش، دوای کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی فەنزەویلا، لەلایەن ئەمریکاوە دەتوانێ زەربەیەکی گەورە لە ئابوری و پیشەسازی چین بدات کە وەکو دوژمنی ژمارە یەکی خۆی تەماشای دەکات!
بەڵام تەسلیمکردنی ئێران و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئەمریکاوە کارێکی ئاسان نیە. سەرەڕای توانای سەربازی ئێران و هاوکاریەکانی چین و روسیا بۆی کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی میدیایی رۆژواش زەربەی گەورەی لە توانا سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائل وەشاندوە، تەسلیمکردنی پێویستی بە هێرشی زەمینی ئەمریکاو ئیسرائیل هەیە. بۆ ئەو کارەش دەبێ ئەمریکا سەدان هەزار سەرباز رەوانەی بەرەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا بکات، کە دەکرێ ببێتە زەلکاوێک بۆی و دەرچوون لێی بە نرخێکی گران بۆی تەواوبێت، بەتایبەتی کە ئەمریکا دوو ئەزمونی شکستی لە عێراق و ئەفانغستان هەیە! بۆیە تەنانەت لەناو دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکاشدا ئەو نیگەرانیە دەبینرێت کە هێرشی زەمینی بەتەڵەیەك دەزانن و نابێت بکەونە ناوی!
ترامپ ترسی لە درێژبونەوەی جەنگەکە هەیە و لەوەش دڵنیایە کە بەبێ هێزی زەمینی ناتوانێ کۆتایی بە جمهوری ئیسلامی بهێنێت. بۆ ئەو مەبەستە دەستی بۆ تاکتیكی لاواز برد ئەویش پەنابردن بوو بۆ مەسعود بارزانی و بافل تاڵەبانی و پارتە ناسیۆنالیستە چەکدارە کوردەکانی ئێران تا لەکوردستانی عێراقەوە هێرش بکەنە سەر ئێران و لەولاشەوە گروپە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی پەلاماری شارەکانی ئێران بدەن، بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی و سەرقاڵکردنی جمهوری ئیسلامی بە دۆخی ناوخۆوە. بەڵام ئەم تاکتیکەش شکستی هێنا، چونکە یەکێتی و پارتی ملیان پێنەدا! ئەویش بە دوو هۆکار: یەکەم؛ لەژێر هەڕەشەکانی ئێراندا کە بەکردەوەش رۆژانە لەرێگای مووشەک و درۆنەوە بۆسەر هەولێر و سلێمانی هۆشداری بەردەوامیان پێدەدات، دووەم؛ بێمتمنایەیی بە ئەمریکا کە زۆر دەمێکە نیە دوای نزیکەی ١١ ساڵ هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدەدا جێێ هێشتن بۆ بەردەم کەڵبەی چەکدارە دڕندەکانی شەرع!
ئێستا ئەگەرچی ملهوڕی ئەمریکاو ئیسرائیل، ناوچەکەیان لەسەر کوانوی ئاگرێکی سوتێنەر داناوە، بەڵام هیچ ئاسۆیەکیشیان نیە بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنانی لە بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام سەرەنجام درێژەکێشانی شەڕەکە تەنها کاولکاری و نائارامی و کوشتاری زیاتری خەڵكی ناوچەکە و هەروەها گرانی و تێكچوونی دۆخی ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتكێش لەئاستی ناوچەکە و دنیادا بەدوای خۆیدا دەهێنێ. بۆیە ئەرکی کۆتاییهێنان بەم جەنگە وێرانکەرە لە ئەستۆی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئازادیخوازی ناوچەکەو جیهانە کە هەر ئێستا سەرەتای بزوتنەوەیەکی لەوجۆرە دەبینرێت. خەڵکی کوردستان هیچ بەرژەوەندیەکیان لەم شەڕو پیلانگێڕیەی ئەمریکاو ئیسرائیلدا نیەو نابێ بەهیچ شێوەیەك رێگابدەن کوردستان بکرێتە مەیدانی جەنگ و دەبێ بەشێک بن لەو بزوتنەوە جیهانیەی دژی جەنگ بەڕێکەوتوە. روخاندنی رژێمی ئیسلامی لەرێگای شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل و کاولکردنی شارەکان و کوشتاری خەڵکەوە نایەتەدی، بەڵکو بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕاپەڕینی خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران کۆتایی بە تەمەنی ئەو رژێمە دەهێنێ. ئەو بزوتنەوەیە دەمێکەیە بەڕێکەوتوە، بەڵام فەزای جەنگ و جەنگ بەزیانی ئەو بزوتنەوەیە دەشکێتەوە.
hkkurdistan.org