پەیامی کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بۆدەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و لاوانی ئامادەبەکار!

به‌ده‌ستهێنانی كاری گونجاو به‌ موچه‌ی شایسته‌وه‌ خواستی هه‌موومانه‌!

پەیامی کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بۆدەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ولاوانی ئامادەبەکار!

دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لاوانی ئامادەبەکار!

کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە ڕۆژانی ١٧و ١٨ی دیسێمبەری ٢٠٢١، بەڕێوەچوو. لەو سۆنگەیەوە کە بارودۆخی ناهەموار و پڕ لە زوڵم و ستەمگەریەک، کە٣٠ سالە لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە کراوەتە نسیبی خەڵکی بەشمینەتی کوردستان و خەباتێكی لێبڕاوانە کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە گرتویەتیەبەر، کۆنگرەی پێنجەمی حزب بەئەرکی خۆی زانی کە لەسەر هەوڵ و خەباتێک کە ئێوە بۆ بەدەستهێنانی نان و هه‌لی کار لە یەکساڵی ڕابدروودا دەستتان بۆ بردووە، پەیامی هاوپشتی و پشتیوانی بۆ خەبات و داخوازیە بەرهەقەکانتان بنێرێ و لە کەنارتاندا ڕاوەستێت.

کچان و کوڕانی ئامادەبەکار، ئەی ئەوانەی کە دوای ساڵانیکی زۆر لە هەوڵ و ماندووبون و تەواوکردنی خوێندن، هێشتا چاوەروانی بەدەستهێنانی کارن، خواستی نان و کار، خواستی هەموومانە و هەر بەمپێیەش هەوڵ و تێكۆشانی ئێوە بەشێکی گرێدراوی جوڵانەوەیەکە کە بۆ نان و کار و مەعیشەت و باشکردنی دۆخی ژیان، هەر ڕۆژە و لە هەر گۆشەیەکی ئەم کۆمەڵگایەوە، بۆ داخوازیەکی ڕاوە و سەرەتایی یەخەی دەسەڵاتداران دەگرێ. بێگومان ئەوە حکومەت و چینی دەسەڵاتدارە کە لەئاست دابینکردنی نان و قوتی خەڵکی هەژار و برسیدا خۆی بە بەرپرس نازانێ و لەبەرامبەر دابینکردنی هه‌لی کار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆی دەزێتەوە و ئامادە نییە وەڵام بە سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی ژێردەستی بداتەوە. ئەم حکومەتە وەک ئەوەی نوێنەری چینی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکانە، سیستمێکی بەسەر کۆمەڵگه‌دا داسەپاندووە، کە تەنهاوتەنها بەرژەوەندی و قازانجی سەرمایەدران و خاوەن کۆمپانیاکان لەبەرچاوبگرێ و ژیان و کار و گوزەرانی خەڵکی بێبەشی کوردستانیش لەبەردەم بازاڕی بێڕەحمی قازانجپەرستی و گەندەڵخۆری مشتێک لە سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و کاربەدەستانێکی گەندەڵ و مشەخۆردا، هەڕاج بکات.

بەڵام ئەم دەسەڵات و سیستمە کە سەراپا نوقمی ستەم و ناعەدالەتیە و پێچەوانەیە بە ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان، لە ئێستادا پایەکانی لەرزیوە و گیرۆدەیە بە قەیرانێکی قوڵ وهەمەلایه‌نە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەدەستدەدات. ئەمەش ئەو فرسەتەی خستۆتەبەردەم ئێمە جەماوەری بێبەش و ناڕازی کوردستان، تا چارەنوسی خۆمان لەدەست بگرین و ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە بگرینەبەر. کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا بەتەواوی تواناوە پشتگیری لە داخوازیەکانتان دەکات، هاوکات بەچاوی ئومێدەوە لە هەوڵ وتێکۆشانتان دەڕوانێ و پێیوایە بەدرێژەدان بەو خەباتەی کە ئێوە دەستتان داوەتێ و بە لێکگرێدانی لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتیەکانی سەرجەم کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشدا، دەتوانرێ پێکەوە دۆخی ئیستا بەرەو ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە و بەدیهێنانی کۆمەڵگه‌یەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بەرین.

سەرکەوێت هەوڵ وتێکۆشانی جەماوەری ناڕازی بۆ بەدەستهێنانی نان و کار و باشبژێوی

کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

دیسێمبه‌ری ٢٠٢١

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *