هاوڕێیان هەڵسوڕاوان و سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی!
کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان پەیامی پشتیوانی و پشگیری تەواوی خۆی بۆ هەوڵ و تەقەلایەک کە ئێوە لە ڕاستای بەهاناوەچوونی خەڵکی ئاوارە و کۆچبەری کوردستان لە ئەستۆتان گرتوە، دەنێرێ و لە کەنارتاندا ڕادەوەستێت. خەباتێك کە ئێوە بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەرانی کوردستان لە میحنەتێک کە تێی کەوتون هاوکات هەوڵەکانی ئێوە بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەری و دەستڕاگەیشتنی پەنابەرانی کوردستان بە ژیانێکی ئاسودە و هەوڵەکانتان بۆ گێرانەوەی تەرمی قوربانیەکان بۆ لای كهسوكاریان و کۆمەکتان بە دیپۆرتکراوەکان تا ژیانیكی ئاسایی دەستپێبکەنەوە…، لهپاڵ كاره مرۆڤدۆستانهكانی ترتاندا، بۆ ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان جێگای تەقدیر و ستایشە.
هاوڕێیان!
ئێمە و خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاوە کە دیاردەی ئاوارەیی و کۆچ و ڕووکردنە هەندەران، کردەیەکی ئیجباریە و خەڵکی کوردستان بەهۆی دەسەڵات و سیستمێکەوە کە چینی دەسەڵاتدار بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا دایسەپاندووە و ئەوانی ڕووبەڕوی بێکاری و گرانی و سەرکوت و دەیان دەردەسەری تر کردۆتەوە، هاوکات خودی ئەوەی کە دەوڵەتانی ئەوروپا و سیاسەتەکانیان ئەم ناوچەیەیان کردۆتە مەیدانی جەنگ و کاولکاری و نائارامی، دیاردەی کۆچ و پەنابەرییان کردۆتە بژاردەیەکی ناچاری لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا. لە دۆخێکی ئاواشدا، هەوڵ و تێکۆشانی ئێوە بۆ دەربازکردنی گەنجان و خەڵکی ئاوارە و کۆچبەر لەو میحنەت و کارەساتەی کە تێیکەوتوون، بەهەق کارێکی ئینسانی و مەسئولانەیە. هەر بۆیە خەباتێک کە ئێوە لەسەری ڕاوەستاون، بەشێکە لە خەبات و تێکۆشانی مەحرومانی کۆمەڵگا بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی کارەساتباری ژێرسایەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئارام و ئاسودە و خۆشگوزەران. لەم ڕوانگەیەشەوە ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان وەک چرایەکی پڕ ئومێد و سەنگەرێکی بەرگری، لە فیدراسیۆن و تەقەلایەک کە گرتویەتیەبەر دەڕوانین. پایەدار و برەوداربێت هەوڵ وتێکۆشانتان..
کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی كوردستان
١٧ و ١٨ ی دیسێمبهری ٢٠٢١