پەیامی کۆنگرەی پینجەمی حزب بە گیراوەکانی بادینان و کەسوکاریان

هاوڕێیانی زیندانی… کۆنگرەی پینجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سڵاوی گەرمی خەبات و بەرگریتان ئاڕاستە دەکات…

ئێوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە تۆمەتی پوچ و بێبناغە و بێ دادگایی لە زینداندا ڕاگیراوان، یان ئەوانەتان کە دوای زیاتر لە ساڵێک و لە دادگایەکی سیاسی ناسەربەخۆدا بە بڕیاری دەستڕۆیشتوانی حزب هێڵرانەوە و لە ژێر گوشاری ناوخۆیی دەرەکیدا ئازادکراون، نیشانەی بەهێزی دەسەڵات نییە، بەڵکو ترسە لە ڕاپەڕین و شۆڕشی بێبەشان لە پێناو دنیایەکی باشتردا.

دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ڕێگای دەستبەسەراگرتنی داهاتی خەڵکی کوردستان و بە پشت بەستن بە هێزی چەکدار و خۆبەستنەوە بە وڵاتانی ناوچەکەوە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، کەوتونەتە بەردەم نەفرەت و توڕەیی جەماوەریەوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو ناڕەزایەتیە بەرینتر دەبێتەوە، خواستەکانی زیاتر دەبێت و لە ئێستادا خواستی ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە، بۆتە ویستێکی کۆمەڵایەتی فراوان.

سەرکوتی خۆپیشاندانەکان، لە ڕێگای تۆمەت بەخشینەوە و سیناریۆ بۆسازکردن، نانبڕین و ڕاوەدوونان و زیندانی کردن، تا دەگاتە کوشتاری خۆپیشاندەران… بەڵگەی دیکتاتۆر بوون و دژە ئازادی بوونی ئەو دەسەڵاتەن و هاوکاتیش بەڵگەی مەرگی ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدەن.

ئێوە کە بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەرانی خۆتان و جەماوەری بێبەشی کوردستان، وە لەپێناو خواستە ڕەواکانیاندا بەشداریتان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا کرد، نەک تاوانێکتان نەکردووە، بەڵکو بە ئەرکی خەباتکارانەی خۆتان بۆ خواستی زۆر ڕەوا و سادە هاتونەتە مەیدان.

ڕۆڵی خەباتکارانەی ئێوە جێگای ستایش و پشتیوانی هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و تێکۆشەرە… زیندانی کردنی ئێوە، تۆمەت بۆ داتاشینتان، ڕاگرتنتان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێک بێ دادگایی، تا دەگاتە بە سیاسیکردنی دۆسیەکەتان و پرۆسەی دادگاییکردن، ترسە لە ئیرادەی ئێوە و جەماوەری فراوانی خەڵکی کوردستان.

ئێوە لە دڵی توڕەیی و نەفرەتی ملیۆنی جەماوەریدا بە دژی دەسەڵات، لەناو قەڵا و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی پارتیدا، تەلیسمی ترس و تۆقاندنتان بەچۆکدا هێنا، و بوونە سمبولی ئازادی و ئازادیخوازی.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەم کۆنگرەیەدا لەگەڵ ئەوەدا پێداگری لەسەر ئازادی سیاسی بێ قەید و شەرتی سیاسی، ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبوونەوە، ئازادی بەیان و ڕادەربڕین دەکەینەوە، هاوکات جارێکی تر دوپاتی دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئازادکردن و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی خۆتان و کەس و کارتان، تێبکۆشین و بەردەوام بین. وە هاوکات سڵاوی خەباتکارانە ئاڕاستەی کەس و کارە تیکۆشەرەکەتان و تەواوی بەرەی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان دەکەین، کە سەربەرزانە بە ڕووی دەسەڵات و تۆمەت و دادگا و سینایۆکانیاندا، ڕاوەستاون.

کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٧ و ١٨ ی دیسێمبەری ٢٠٢١

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *