بڕیارنامە دەربارەی؛ دۆخی سیاسی کوردستان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری

پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

– لەژێر کاریگەری هەلومەرجی جیهان و ناوچەکەدا، کوردستان لەبەردەم دەورەیەک لە ئاڵوگۆڕی تازەدا قەراری گرتوە. کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە و شکستی سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەسەڵاتی سی ساڵەی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستە کوردەکانی دووچاری دەورەیەکی تازە لە بنبەست و بێئاسۆیی کردوە. ئەوەی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردودا ناویان نابوو پشتیوانی ئەمریکا لە “کورد”، تەنها بەکارهێنانی ئەم حزبانە و دەسەڵاتەکەیان بوو لەلایەن ئەمریکاوە وەکو کارتی گوشار بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی خۆی. ئەم حزبانە لە ڕێگای خۆگرێدانەوە بە سیاسەتەکانی ئەمریکاوە بە دەسەڵات گەیشتن و لە دەسەڵاتدا مانەوە، ئێستاش بە ناکامی و پاشەکشەی ئەمریکا، هەم دوچاری بێ ئاسۆیین و هەم دەکەونە بەر گوشاری هەمەلایەنەی دەسەڵاتی بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە.

– بەدەر لەم ئاڵوگۆڕە تازانە، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوسێنەرە کە بە زەبری هێزی میلیشیایی داسەپێنراوە و بەسیناریۆی هەڵبژاردن ڕوپۆش کراوە، دوچاری قەیرانێکی هەمەلایەنەیە. بێتوانایی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نیشانداوە. نەک تەنیا وەڵامی بۆ هیچ یەک لە کێشەکانی ئێستای ئەم کۆمەڵگەیە نییە، بەڵکو خۆی هۆکار و سەرچاوەی جۆرەها گرفت و کێشەیە. بێکاری و گرانی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، تاڵانکردنی مووچە و هاوکات سەرکوتی ئازادییە سیاسیەکان، لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا جەماوەری فراوانی خەڵکی لە ناو بێدەرەتانیدا نوقم بووە. دەسەڵات لەجیاتی وەڵامدانەوە بە خواست و دابینکردنی ماف و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لەلایەکەوە بە ناوی فرۆشتن بە کەرتی تایبەت، کەرتە خزمەتگوزارییەکان هەڕاج دەکات و دەیدات بە کۆمپانیا و بەرپرسانی خۆیان و هێندەی تر قورسایی ژیان و گوزەران دەخاتە سەر شانی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک، لەلایەکی تریشەوە بە سەپاندنی باج و سەرانەی هەمەجۆر چەوسانەوەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش چەند بەرابەر دەکاتەوە.

– ئەم دەسەڵاتە کە لە بنەڕەتەوە لەسەر بناغەی ستەمکاری و تاڵانگەری و داتەکاندنی گیرفانی چینی کرێکار و جەماوەری فراوانی خەڵک و کەڵەکەی سەرمایە و قەڵای سەروەت بۆ چینی بۆرژوازی دامەزراوە، هیچ چاکسازییەک هەڵناگرێت. ستەمگەری و چەوساندنەوەی بێسنور خەسڵەتی ئەم دەسەڵاتەیە. بەڵام جگە لەم ڕاستیەش ئەزمونی چەندین ساڵی ڕابردو چەندینجار بە کردەوە ئەم ڕاستیەی سەلماندوە. ئەو هێزانەی بە بانگەشەی چاکسازیەوە هاتنە مەیدان و توانییان بۆدەورەیەك خۆشباوەری لەناو خەڵکدا دروست بکەن، لەم ڕێگایەوە خۆیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک کرد تا سوچێکی دەسەڵاتیان پێ ببڕێت. لەئاکامدا زەبرێكیان لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و لە خەبات و قوربانییەکانی خەڵکی ناڕازی دا و کردیان بە دەستمایەی سات و سەودا و شەریکبوونەوە لە دەسەڵات.

– هێشتا بەشێک لە بۆرژوازی ناڕازی لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئاسۆی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بە ئاڵوگۆڕی ڕوکەش و گۆڕینی دەموچاوەکان لەگەڵ هێشتنەوەی پایەکانی سیستەمی ئێستا تەنگ بکاتەوە. لە کاتێکدا  بەدیهاتنی خواست و ئامانجەکانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و مامۆستا و فەرمانبەر و لاوان و ژنان لە هەنگاوی یەکەمدا لە گرەوی کۆتایهێنان و ڕاماڵینی گشت دەسەڵات و سەرتاپای ئەو سیستەمە بۆرژوازیەدایە کە ئێستا ئەم کۆمەڵگەیەی نوقمی نەهامەتی کردوە.

– بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کە خاوەن ئەزمونێكی چەندین ساڵە و خاراوە، ئیتر باڵە ناڕازییەکانی بۆرژوازی بەئاسانی ناتوانن یاری پێ بکەن و بەرەوهەڵدێری بەرن. ئەزمونی ١٧ی شوبات و خرۆشانە جەماوەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی، پشتی ئەم بزوتنەوەیەی بەهێز و مەحکەم کردوە. ئێستا بزوتنەوەیەکی جەماوەری تاڕادەیەک سەراسەری و ڕادیکال بە خواستی کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتەوە پێی لە مەیدان چەقاندووە. سەرباری سەرکوتگەری و پیلانگێری دەسەڵات، ئەم بزوتنەوەیە و نەفرەت و ناڕەزایەتی جەماوەری تا دێت پەرە دەگرێت و قوڵتر دەبێتەوەو بە ئاراستەیەکدا دەڕواتە پێش، کە لە سایەی ئاسۆ و ڕابەرایەتی و بەدیلێكی شۆڕشگیڕانەدا، دەتوانێ هەوێنی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و کۆتایهێنان بێت بەم دەسەڵاتە.

– لەدوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە، هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و ڕەوشی یاسایی کوردستان، ڕاستەوخۆ و جارێکی دیکە گرێی خواردەوە بە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری عێراقەوە. بەم پێیەش هەم هەلومەرجی سیاسی عێراق و هەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق، وەکو فاکتەرێکی گرنگی دۆخی ئێستا، کاریگەریی هەیە لەسەر دۆخی کوردستان. ڕاپه‌ڕینی ئۆکتۆبەری شاره‌کانی عێراق، ته‌واوی هاوکێشەی سیاسی و پێگەی هێزە سیاسیەکان و هاوسەنگی نێوانیانی گۆڕی. ڕێکەوتننامەکانی پێشوی نێوانیانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش کاریگەری داناوە لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان بەگشتی و پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بەتایبەتی. ئەم بزوتنەوەیە و ئاکامەکانی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بزوتنەوەی جەماوەری دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد.

کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە سیاسییە و بەمەبەستی کۆمەكکردن بە سەرکەوتنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان دژ بە دەسەڵاتی میلیشایی بۆرژوازی کورد، پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە دەکات؛

١/ هەوڵدان بۆ دابینکردنی ڕابەری و هەژمونی ئاسۆیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە و سۆشیالیستی بۆ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە پێناو کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشت بەستو بە ئیرادەی ڕاسەوخۆی خەڵک.

٢/ سەرکەوتنی هەر ناڕەزایەتییەکی دیاریکراو لە دەوری داخوازی کاتی و دیاریکراو و سەپاندنی بەسەر دەسەڵاتدا، هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێڕەوی پەرەسەندن و پێشڕەوی گشت بزوتنەوەکە لە پێناو ئامانجی کۆتایی. بەم پێیەش دەستەبەرکردنی تاکتیک و دروشم و شێوازی کارساز بۆ سەرخستنی هەر ناڕەزایەتییەکی دیاریکراو، بەپێی هاوسەنگی هێزو دوورگرتنی لەو شێوازانەی دەستی سەرکوت ئاوەڵا دەکات، مەرجێکی گرنگی پەرەگرتن و بەرەوپێشەوەچوونی بزوتنەوەکەیە.

٣/ پەردەهەڵماڵین لەسەر پلان و بەرنامەی ئەو هێزە بۆرژوازییە ناڕازیانەی کە دەیانەوێ بە پڕوپاگەندەی چاکسازی و  ئاسۆی تەنگی ئاڵوگۆڕی ڕوکەش ئەم بزوتنەوەی بەرەو هەڵدێر بەرن.

٤/ دامەزراندن و شکڵدان بە شێوە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوەیی کرێکاران و بێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و لاوان و ژنان و..، لە بابەتی کۆبونەوەی گشتی و شوراو یەکێتی و نەقابەکان….هتد. بەڕێخستنی بزوتنەوەی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەری بۆ دەرهێنانی بەڕێوەبردنی کاروبار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە دەست حزبە دەسەڵاتدارەکان. 

٥/ برەودان و بەهێزکردنی هاوپشتی نێوان بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە کوردستان و عێراق.

٦/ وەستانەوە بەرامبەر زەخت و زۆری سیاسی و ئابوری و سەربازی حکومەتی مەرکەزی دژی خەڵکی کوردستان و بە بارمتەگرتنی نان و گوزەرانی خەڵک، بە بیانوی پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە رێککەوتنەکانیان. نابێ بە هیچ پاساوێک قوتی خەڵک تێکەڵ بە کێشە و ناکۆکی نێوان هەردوو حکومەت بکریت.

٧/ دەرکەوتنی حزب وەکو ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و شۆڕشگێڕ و خوازیاری گۆڕینی دەسەڵات و ڕابەر و ڕێکخەری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری.

٨/ بەرینکردنەوەی نفوزی کۆمەڵایەتی حزب و دامەزراندنی ڕێکخراوە و کۆمیتە کۆمۆنیستیەکانی حزب لە شار و ناوەندەکاندا. گۆڕینی حزب بە حزبێکی جەماوەری خاوەن ڕێکخراوی پتەوی کۆمۆنیستی بەتایبەت لەناو کرێکاران و ژنان و لاواندا.

کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

دیسەمبەری ٢٠٢١

Check Also

کاریگەری قەیرانی ئابوری ئێران لەسەر عێراق

عوسمانی حاجی مارف تاران بەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕوی کردە بەغدا، بەجیا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *